
محەمەد عەلی
لای هەمووان ڕوونە کە عێراق، ناوچەکە و جیهان بەردەوام ڕووبەڕووی گۆڕانکاری و پێشهاتی نوێ دەبنەوە، ناسەقامگیریی ناوچەکە گەیشتووەتە ئاستێک کە هیچ پێکهاتە و وڵاتێک ناتوانێت داهاتووی خۆی مسۆگەر بکات، مەگەر ئەو وڵاتانەی خاوەنی سەقامگیرییەکی سیاسیی پتەوی ناوخۆیین و دەتوانن خۆیان لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانەدا بگونجێنن.
بەداخەوە، لە هەرێمی کوردستان بە تەواوی پێچەوانەی ئەمە ڕوودەدات، لە کاتێکدا ئەم هەموو مەترسییە لە ئارادان، ئێمە ڕووبەڕووی ناسەقامگیرییەکی سیاسیی زۆر مەترسیدار بووینەتەوە،
ئەگەر لەسەر ئاستی جیهان سەیری گۆڕانکارییەکان بکەین، دەبینین جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا چەندە مەترسیی بۆ سەقامگیرترین ناوچەی جیهان، کە ئەورووپایە، دروست کردووە، ئەمە جگە لە مەترسیی فراوانبوونی جەنگەکە بۆ چەند وڵاتێکی تری ئەورووپی، ئەم جەنگە ئەورووپییەکانی ڕووبەڕووی قەیرانێکی قووڵی ئابووری کردووەتەوە، کە پێشتر وێنەی نەبووە.
بێگومان ئەم دۆخە کاریگەریی لەسەر گۆڕانی هاوکێشەی هێز دەبێت و جیهان زیاتر بەرەو فرەجەمسەری دەبات، ئەمەش ناسەقامگیرییەکی زیاتر لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، چونکە لە هەموو سوچێکی جیهاندا بەریەککەوتنی بەرژەوەندییەکان ڕوودەدات،
لەسەر ئاستی هەرێمیش، هاوکێشەکان زۆر لە پێشهاتە جیهانییەکان ئاڵۆزترن، لە لایەک جەنگ و ململانێی نێوان ئێران و ئەمەریکا و لە لایەکی دیکەشەوە ململانێی هەژموونی شیعە و سوننە، ناسەقامگیرییەکی سیاسی و سەربازیی تەواویان له ناوچەکەدا هێناوەتە ئاراوە.
جەنگی یەمەن، گرژییەکانی نێوان حکوومەتی لوبنان و حزبوڵڵا، هەروەها ململانێی هەژموون لە عێراق و سووریا، هەموویان درێژکراوەی ئەم جەنگە ساردەی نێوان دوو مەزهەبن، بێگومان لە داهاتوودا ئەمانە کاریگەریی گەورەیان لەسەر دووبارە ڕێکخستنەوەی هاوکێشەی هێز و تەنانەت داڕشتنەوەی نەخشەی ناوچەکەدا دەبێت.
سەبارەت بە عێراقیش، لە دوای دەستبەکاربوونی حکوومەتەکەی سەرۆکوەزیران (عەلی زەیدی)، ململانێی هەژموونی نێوان ئەمەریکا و ئێران چووەتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە و لە لێواری ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیدایە، سەرۆکوەزیران بە پاڵپشتیی سەدر و ئەمەریکییەکان، هەنگاوی جددیی ناوە بە ئاراستەی کەمکردنەوەی ڕۆڵی ئێران، دوایین هەنگاویش لە (جورف ئەلسەخر) بوو، کە دەکرێت بە سەرەتای کۆتاییهاتنی هەژموونی میلیشیا شیعەکان هەژمار بکرێت.
ئەم هەنگاوە کاردانەوەی توندی هێزە شیعەکانی لێ کەوتەوە، بەڵام سوننەکان پاڵپشتیی زەیدی دەکەن و پێدەچێت لە داهاتوودا سوودمەندی یەکەم بن لە نەمانی هەژموونی ئێران لە عێراقدا.
ئەوەی لێرەدا مەبەستە، پێگەی هەرێمی کوردستانە لە نێو ئەم هەموو گۆڕانکارییانەدا کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە داهاتووی قەوارەکەوە هەیە، سەرقاڵبوونی ئەورووپییەکان بە کێشەکانی خۆیانەوە، ڕۆڵ و کاریگەریی ئەوانی لە ناوچەکەدا کەم کردووەتەوە، بەتایبەتی فەڕەنسا، هاوکات گۆڕانکارییە هەرێمییەکان مەترسیی جددین لەسەر هەرێم، لەوانە فراوانبوونی هەژموونی سوننە بە سەرکردایەتیی سعوودیە، ڕۆڵی تورکیا و مەترسی و دەستێوەردانە سیاسی و سەربازییەکانی ئێران.
کەواتە، ئەگەر هاوکێشەکان بەم شێوەیە مەترسیدار بن، پێویستە دامودەزگاکانی هەرێم لەوپەڕی بەهێزیدا بن و خاوەنی حکوومەتێکی بەهێز و یەکڕیزییەکی نیشتمانیی ڕاستەقینەدا بین.
