لە مامۆستا تێکۆشەرەکانی کوردستان
مامۆستا عەبدولڕەحمان شێروانی مەخموری(1939-2010)
 ئامادەکردنی:مەغدید حاجی
 
 لە بری پێشەکی:
 شارۆچکەی مەخمور، مەڵبەندی قەزای مەخمورە، کە سەر بە پارێزگای هەولێر بوو. مەڵبەندی دەشتی قەراجە، یەکێکە لە قەزایە هەرە کۆنەکانی عێراق و باشووری کوردستان، بە 60 کیلۆمەتر لە هەولێر دوورە، لە نەوەتەکان ڕژێمی سەدامی دیکتاتۆر خستییە سەر پارێزگای نەینەوا، لە 2003 ەوە تاکو ئێستا چوار سەرۆک کۆماری کورد نەیانتوانیوە لە ڕووی ئیداری بیگێڕنەوە بۆسەر پارێزگای هەولێرو هەرێمی کوردستان!! ئەگەرچی بە کردەنی لە لایەن هەولێرو پارتی بەڕێوە دەبرێت. بەداخەوە  بە گشتی ئەم قەزایە پشت گوێ خراوەو لە نێوان نەینەواو هەولێر کەمترین بایەخی پێدراوە؟!!.
 مامۆستا عەبدولڕەحمان شێروانی لەم شارە دێیە!! لە دایک بووەو لەم شارە بێنازە گەورە بووەو قۆناغی خوێندنی سەرەتایی تەواوکردووە.
 باوکی مامۆستا زوڵم و زۆرداری زۆربەی ڕژێمەکان عێراقی دیوەو درکی بەوە کردووە کە نەخوێندەواری و ستەمی دەرەبەگایەتی و ڕژێمی پاشایەتی، بارێکی گران بوون بەسەر شانی دانیشتوانی ناوچەکەیان،  بۆیە زۆر ئارەزووی ئەوەبوو منداڵەکانی بخوێنن و خوێندەوارو هۆشیار بن و لە پاشەڕۆژدا بتوانن خزمەتی گەلەکەیان و ناوچەکەیان بکەن.
 
٭ کورتەیەک لە بارەی ژیانی مامۆستا عەبدولڕەحمان:
 ناوی تەواوی: عەبدولڕەحمان حەمەد ڕەحمان شێروانی.
ناوی سیانی دایکی: ڕابعە عەلی حەمەد
لە ساڵی 1939 لە شارۆچکەی مەخمور لە دایکبووە.
 خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی مەخموری سەرەتایی تەواوکردووە.
 قۆناغی ناوەندی خوێندنی لە شاری هەولێر تەواوکردووە. دوای ئەوەی خوێندنی ناوەندی تەواو دەکات لە کەرکوک لە پەیمانگای ئیسلامی وەرگیراوە،دوایی بۆ تەواوکردنی خوێندنەکەی ساڵێک چۆتە بەغداو لەوێ پەیمانگای تەواوکردووە.
 لە ساڵی1956 بۆ ماوەی ساڵێک وەکو چاودێر(مراقب العمال) لە دروستکردن و نۆژنکردنەوەی ڕێگای نێوان شەقڵاوە - باتاس کاری کردووە.
 لە ساڵی 1957 بۆ یەکەمجار وەکو مامۆستا لە قوتابخانەی گوندی دەرگەڵە سەر بە قەزای ڕواندز دامەزراوە.
 لە دوای دەرگەڵە بۆ قوتابخانەی هەریری سەرەتایی گوازراوەتەوە، لە دوای هەریرێش بۆ قوتابخانەی گوندی مشار گوازراوەتەوە لە قەزای مەخمور. واتا مامۆستا پێ بە پێ لە زێدی باب و باپیرانی نێزیک بۆتەوە.
 لە دوای کودەتای 8 ی شوباتی 1963 فەرمانی گرتنی بۆ دەرچووە، خۆی دەربازکردووەو نەگیراوە. پاش لێبووردنی گشتی بۆ سەر کاری مامۆستایی گەڕاوەتەوەو بۆ مەخمور گوازراوەتەوە. لە دوای مەخموریش بۆ هەولێر گوازراوەتەوەو لە هەردوو گەڕەکی ڕۆناکی و سێتاقان نیشتەجێ بووە. وەکو مامۆستاش لە قوتابخانەی ئەربیل ئولای سەرەتایی دەست بەکار بووە. لە هەشتاکان بەهۆی فشارەکانی ڕژێمی بەعس خۆی خانەنشین کردووە.
 لە دوای ڕاپەڕینی بەهاری 1991 و دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەڕاوەتەوە بۆ سەر پیشەی مامۆستایی و لە قوتابخانەکانی ئەربیل ئولاو کرمانج و تەبایی خزمەتی پرۆسەی پەروەردەو فێرکردنی کردووە.
 
٭ کورتەباسێک لەبارەی خەباتی سیاسی:
مامۆستا عەبدولڕەحمان شێروانی،لەو کاتەی مامۆستا بووە لە گوندی دەرگەڵە، لە ساڵی 1957 وەکو مامۆستایەکی خاوەن هزری پێشکەوتنخوازانەو گەورەبووی ناو ململانێی چینایەتی، پەیوەندی بە ڕیزەکانی حزبی شیوعی عێراقەوە کردووەو ڕۆڵێکی کاریگەریی لە هۆشیارکردنەوەی جوتیارانی دەڤەرەکە بینیوە. بەردەوام بووە لە خەباتی سیاسی و هزری شان بە شانی بە ئەنجامگەیاندنی ئەرکی پەروەردەیی.
 مامۆستا چ لەوساڵانەی لە مەخمور مامۆستا بوو، یان لەو ساڵانەی لە هەولێر مامۆستابوو،هەڵگری یەک پەیام بوو، ئەویش خەبات لە پێناوی ئازادی و یەکسانی کۆمەڵایەتی و وەستان لە دژی سیستەمی فاشیست..هەمیشە ئامادەبووە بۆ داکۆکیکردن لە مافە ڕەواکانی گەلەکەی و لە مافە پیشەییەکانی مامۆستایان. براکەشی هاوڕێ ئەحمەد شێروانی، کادیرێکی پێشکەوتووی حزبی شیوعی بوو، چەندین ساڵیش بەهۆی خەباتی سیاسی ژیانی لە زیندانی ئەبو غرێب بردۆتەسەر.
 مامۆستا عەبدولڕەحمان شیکەرەوەیەکی سیاسی شارەزابوو، پیاوێکی نیشتمانپەروەرو مرۆڤ دۆست و ئەدەب دۆست بوو، بەردەوام لە خەمی هاوکاری لێقەوماوان دابوو، چاودێریی بەردەوامی گۆڕانکارییە سیاسییەکانی جیهان و ناوچەکەو کوردستانی دەکرد. خاوەن دیدگای تایبەت و ڕەخنەگرانەی خۆی بوو. چالاکانە لە ڕاپەڕینی بەهاری 1991 بەشداری کردو لە ڕۆژی کۆڕەویشدا چەکی بەرگری هەڵگرت.
 
 ٭ پەیوەندی مامۆستا لەگەڵ ئەدەبیات و بواری ڕۆشنبیریدا:
 مامۆستا عەبدولڕەحمان شێروانی لە سەردەمێک پێگەیشت کە سەروبەندی پاشەکشەی دەسەڵاتی فیوداڵی لە ناوچەکەو چەکەرەکردنی سیستەمی نوێی سەرمایەداری و هاتنەمەیدانی کرێکاران و جوتیاران بۆ خەباتی شۆڕشگێڕی بوو. ئەو وەکو زۆرینەی گەنجانی زەحمەتکێش و ڕۆشنبیری ئەو سەردەمە، بە هیوای بنیادنانی جیهانێکی باشتر هاتە ناو دنیای سیاسەت و ڕۆشنبیری.. ئەو هەر لە هەڕەتی لاوی خولیای بیری چەپ و شۆڕشگێڕی بوو، هەروەها گەیشتبووە ئەو قەناعەتەی کە هێزە باڵادەستەکانی کوردستان ناتوانن خزمەتی چینە چەوساوەکان و دۆزی ڕەوای گەلەکەی بکەن.. ئەم ئاستە هزریێەی هاندەری بوو بۆ بایەخدان بە بواری ئەدەب و بە تایبەتی شیعرو خولیای شیعر نووسین، بوو بە تەواوکەری ئارەزووە جوانەکانی دیکەی.
 شیعرەکانی مامۆستا عەبدولڕەحمان لەگەڵ سادەیی زمانەکەی و ڕووکەشی وێنە شیعرییەکانی، دەربڕی هەستێکی قووڵن لە ئاست خۆشەویستی و ژیانی کۆمەڵایەتی و ڕەوتی سیاسی..

 ٭باری کۆمەڵایەتی:
 مامۆستا عەبدولڕەحمان شێروانی لە ساڵی 1961 لەو کاتەی لە گوندی مشار مامۆستا بوو،هاوسەرگیری لەگەڵ خاتوو فەخریە محەمەد مستەفا کردووە. شەش کوڕو کچیان بووە بە ناوەکانی:( ئامانج، شێرزاد، شیلان، تانیا، میدیا، نەوزاد). هیوای بەردەوام سەرکەوتن و تەمەن درێژییان بۆ دەخوازین.
 مامۆستا عەبدولڕەحمان شێروانی لە ڕێکەوتی 6-1-2010 لە شاری هەولێر کۆچی دوایی کردو لە گۆڕستانی معمل قیر بە خاک سپێردراوە.
 ٭ سەرچاوە: هاوڕێ ئەحمەد شێروانی برای مامۆستا عەبدولڕەحمان. بە سوپاسەوە وەڵامی پرسیارەکانی داومەتەوەو نووسینێکی جوانیشی

powered by social2s

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا