
ژووری هەواڵ
پێشێلکارییەکانی دەسەڵات لە عێراق بەرامبەر ئازادی ڕادەربڕین و خۆپیشاندانی ئاشتیانە ڕووی لە زیادبوونە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە مادەی ۳٨ی دەستور بە ڕوونی مافی گردبوونەو خۆپیشاندانی ئاشتیانەی بە هاوڵاتییان داوە.
لەم چوارچێوەیەدا، لە قەزای خانەقین هێزە ئەمنییەکان هەوڵی کپکردنی دەنگی ناڕەزاییان دا دژی پڕۆسەی تەعریب و بچووککردنەوەی شارەکە، بە جۆرێک فەرمانی دەستگیرکردن بۆ چەند چالاکوانێک دەرکرا و ناچار بە جێهێشتنی شارەکە کران بەکاتی.
هاوکات لە پارێزگای بابلیش، هێزێکی گەورەی ئەمنی هەوڵی دەستگیرکردنی چالاکوانی ناسراو (زەڕغام ماجدی) دا، تەنها لەبەر داواکردنی خزمەتگوزاری و مافە سەرەتاییەکان.
لە لایەکی ترەوە، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، هادی عامری، ئەمینداری ڕێکخراوی بدر، ناڕەزاییەکانی تشرینی بە ئاژاوەگێڕی ناوبرد، سەرەڕای ئەوەی هەزاران هاوڵاتی تەنها لە پێناو چاکسازی و ژیانێکی شایستەدا لەو خۆپیشاندانانەدا شەهیدو برینداربوون.
ئەم پەرەسەندنانە بە گشتی مەترسییەکی جددی لەسەر داهاتووی ئازادییە گشتییەکان لە عێراقدا دروست دەکەن و ئاماژەن بۆ پاشەکشەی ئەو دیموکراتیەی لە دوای ڕوخانی دیکتاتۆریەتی بەعس باس دەکرێت.
