
ژووری هەواڵ
بەپێی دواین ئامارە فەرمییەکانی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق و ناوەندە لێکۆڵینەوەییەکان، دیاردەی جیابوونەوەی هاوسەران، لە کۆمەڵگەی عێراقیدا بە شێوازێکی بەرچاو ڕووی لە زیادبوون کردووە و قەبارەیەکی مەترسیداری تۆمار کردووە.
ئامارەکان دەریدەخەن کە لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦دا، نزیکەی ١٦٣ هەزار حاڵەتی هاوسەرگیری لە بەرامبەر زیاتر لە ٣٥ هەزار حاڵەتی جیابوونەوە لە سەرجەم پارێزگاکاندا تۆمار کراون. بەم پێیە، ڕێژەی جیابوونەوە گەیشتووەتە نزیکەی ٢١٪، واتە بەرامبەر هەر ٤.٥ پرۆسەی هاوسەرگیری، یەک حاڵەتی جیابوونەوە ڕوودەدات.
شارەزایانی کۆمەڵناسی و یاسایی چەند هۆکارێکی سەرەکی بۆ ئەم پەرەسەندنە خستوونەتە ڕوو، لەوانە: قەیرانی ئابووری و بێکاری، بەکارهێنانی خراپی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کاریگەرییە نەرێنییەکانیان لەسەر پەیوەندی خێزان، هاوسەرگیری پێشوەختە و نەبوونی پێگەیشتنی فیکری و دەروونی بۆ بەرپرسیارێتی ژیانی هاوبەش، لەگەڵ لاوازبوونی ڕۆڵی ڕاوێژکاری خێزانی و نەبوونی هۆشیاریی پێویست پێش پرۆسەی هاوسەرگیری.
