
لە نوێترین لێدوانیدا کە میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویانکردوەتەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، هەڵوێستی وڵاتەکەی لەسەر پرسی دانوستانەکان، ڕۆڵی وڵاتانی ناوچە، و دۆخی گەروی هورمز ڕونکردەوە.
خاڵە سەرەکییەکانی لێدوانەکەی عێراقچی:
- ڕەتکردنەوەی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا: کۆماری ئیسلامی ئێران تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکی بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نەداوە.
- پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ئیسلام ئاباد: لە لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباددا تەنها "کۆتاییهاتنی شەڕ" ڕاگەیەندراوە و هیچ ئاگربەستێک لە ئارادا نەبووە. دەرفەتی 60 ڕۆژەی دانوستان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی لەلایەن ئەمریکاوە پێشێلکرا، ئەوەش بووە هۆی دەستپێکردنەوەی تێکهەڵچوونەکان.
- ڕۆڵی قەتەر و پاکستان: قەتەر و پاکستان تەنها وەک نێوەندگیر و پەیامبەر بۆ گۆڕینەوەی پەیامەکان ڕۆڵ دەگێڕن، و ئەمە بە واتای دەستپێکردنی دانوستان نایەت.
- دانوستانی تەکنیکی لەگەڵ عومان: گفتوگۆکان لەگەڵ عومان بابەتێکی تەواو جیاواز و تەکنیکن، تایبەتن بە دیاریکردنی هێڵە دەریاییەکان و ڕێڕەوی کاتی و کۆتایی کەشتییەکان لە گەروی هورمزدا، چونکە ڕێڕەوەکانی پێشوتر کاراییان نەماوە.
- مەرجی کردنەوەی گەروی هورمز: کردنەوەی گەروی هورمز تەنها بەستراوەەتەوە بە ڕێڕەوی تەکنیکییەوە نییە، بەڵکو مەرجدارە و پەیوەستە بە پابەندبوونی تەواوی ئەمریکاوە بە مەرجە دیاریکراوەکانەوە.
