
رێگای كوردستان
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە چوارچێوەی هەماهەنگی ڕایگەیاند، هاوپەیمانی "دەوەڵەتی یاسا" بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی، داواکارییەکی پێشکەش کردووە بۆ جیاکردنەوەی کاتی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لە پرسی چەکدامالین، بە ئامانجی پێدانی پەیامی دڵنیایی بە گرووپە چەکدارەکان.
بەگوێرەی زانیارییەکانی سەرچاوەکە، بیرۆکەی سەرەکی ئەم داواکارییە بریتییە لە جیاکردنەوەی ئەو دوو بابهتە بۆ ماوەیەک (تەنانەت ئەگەر کورتیش بێت)، بۆ ئەوەی دڵنیایی و متمانە بە سەرجەم گرووپە چەکدارەکان بدرێت، و لە ئێستاشدا بابهتەکە لەژێر لێکۆڵینەوە و تاوتوێکردندایە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، پرۆسەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بەپێی ئەو خشتە ڕێککەوتنە جێبەجێ دەکرێت کە هاوکاتە لەگەڵ هاتنی دەیان کۆمپانیای ئەمریکی بۆ عێراق، کە ئەمەش دەرئەنجامی ئەو ڕێککەوتنانەیە کە عەلی زیدی ، سەرۆک وزیرانی عێراق، لە سەردانە ئەم دواییەی بۆ واشنتن ئەنجامی داون.
پاشخانی هەواڵ: پرسی گرووپە چەکدارەکان یەکێکە لە دۆسێ هەستیارەکانی بەردەم حکومەتی عێراق، بەتایبەت لەم کاتەدا کە نزیک دەبینەوە لە ٣٠ی ئەیلوول؛ ئەو وادەیەی کە هێزە سیاسییە سەرەکییەکان بۆ سنووردارکردنی چەک لە دەوڵەتدا دیارییان کردووە.
جێی باسە، لە ئەیلوولی ٢٠٢٤ عێراق و ئەمریکا ڕێککەوتن لەسەر کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە عێراق لە چوارچێوەی پلانێکی قۆناغبەندا. قۆناغی یەکەمی ئەو ئەرکە لە ئەیلوولی ٢٠٢٥ کۆتایی هات، و بڕیارە قۆناغی کۆتایی تا کۆتایی مانگی ئەیلوولی ٢٠٢٦ بە تەواوی کۆتایی پێ بێت.
