
پەیوەندی نێوان میلیشیای حوسیەکان و گروپە چەکدارە عێراقیەکانی نزیک لە ئێران ، گۆڕانکارییەکی جۆریی بەخۆیەوە بینیوە.
ئەم پەیوەندییە لە سنوری نزیکبوونەوەی سیاسی و ئایدیۆلۆژی تێپەڕیوە و گەیشتووەتە ئاستێکی ئاڵۆزتری تەواوکاریی سەربازی و ئەمنی، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئێران هەوڵ دەدات تۆڕەکانی هەژموونی هەرێمی خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی فشارە توندەکان ڕێکبخاتەوە.
ئاشکرابوونی شانبەشانی سەربازی
ڕەهەندە شاراوەکانی ئەم پەیوەندییە دوای ئەوە هاتە پێشەوە کە میلیشیا حوسیەکان، دانی بە کوژرانی یەکێک لە سەرکردە سەربازییەکانی لە عێراقدا نا، ئەوەش لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکان بە هاوئاهەنگی ئەمریکا و سعوودیە هەفتەی ڕابردوو پێگەکانی گروپە چەکدارە عێراقییەکانی کردە ئامانج و جارێکی تر تیشکی خستە سەر سنووری ئامادەبوونی حوسییەکان لە دەرەوەی یەمەن.
سەرچاوە سەربازییەکانی یەمەن ڕایانگەیاندووە کە سەرکردەی حوسی، (محەمەد عەیاشی)، بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو، لە ئێران و لەژێر چاودێریی شارەزایانی سوپای پاسداران، لە بنکەکانی هێزی ئاسمانی-بۆشایی و بنکە ئاسمانییەکانی سمنان و کاشان، ڕاهێنانی کردووە، پێش ئەوەی ببێتە یەکێک لە دیارترین پسپۆڕانی ئەندازیاری و دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی.
کوژرانی ناوبراو لە عێراقدا، ئاستێکی پێشکەوتووی تێکەڵاوی ئۆپەراسیۆن و ئاڵوگۆڕی ئەزموون لە نێوان حوسییەکان و گروپە عێراقییەکان دەردەخات، کە لە پشتگیرییە سیاسییە نەریتییەکان تێدەپەڕێت.
🔻هێرشەکان بۆ سەر سعوودیە و دابەشکردنی ڕۆڵ
وەک ئاماژەیەک بۆ گەشەسەندنی شێوازەکانی هەماهەنگی لە نێوان باڵە هەرێمییەکانی ئێراندا، ئەو هێرشانەی لە خاکی عێراقەوە کرانە سەر پێگە نەوتییەکانی ڕۆژهەڵاتی سعوودیە، سیناریۆی تەواوکاریی ئۆپەراسیۆنەکانی بەهێزتر کرد. لەم چوارچێوەیەدا، حوسییەکان بەرپرسیارێتیی خۆیان لەو هێرشە ڕاگەیاند بێ ئەوەی وردەکاری بخەنە ڕوو، لە کاتێکدا گروپە عێراقییەکان بەرپرسیارێتیی خۆیان ڕەتکردەوە.
ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم هێرشانە بە هەماهەنگیی هاوبەش و لەژێر چاودێریی سوپای پاسدارانی ئێراندا ئەنجام دراون، ئەوەش لەلایەن چاودێرانەوە وەک بەشێک لە میکانیزمی دابەشکردنی ڕۆڵ لەناو تۆڕی هەژموونی ئێرانیدا تەماشا دەکرێت بۆ ئەوەی لایەنەکانی پێکهاتەکە مەودایەکی فراوانتریان بۆ مانۆڕی سیاسی و ئەمنی هەبێت.
سەرچاوە/ ئێرم نیوزی ئیماراتی.
