
رێگای كوردستان
دەستەی حەشدی شەعبی ڕایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، ژمارەیەک لە بارەگاکانیان لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق ڕووبەڕووی هێرش بوونەوە. حەشد ئاماژە بەوە دەکات کە هێرشەکان لەلایەن هێزەکانی ئەمریکا و سعودیەوە ئەنجام دراون و بەهۆیەوە ژمارەیەک چەکدار کوژراون و بریندار بوون.
- لێدوانی حەشدی شەعبی: لە ڕاگەیەندراوێکدا، دەستەی حەشدی شەعبی هێرشەکەی بە "ترسنۆکانە و پێشێلکارییەکی مەترسیدار بۆ سەر سەروەریی عێراق" وەسف کرد و جەختیکردەوە کە لایەنە پەیوەندیدارەکان بەدواداچوون بۆ دۆخەکە دەکەن لە کاتێکدا پرۆسەی هەڵسەنگاندنی زیانەکان بەردەوامە.
- زیانە گیانییەکان: لە ڕاگەیەندراوی دووەمدا، حەشدی شەعبی بڵاویکردەوە کە لە ئەنجامی هێرشەکەدا لانیکەم 10 چەکدار کوژراون و بریندار بوون.
- زیانی مادی: هێرشەکان جگە لە زیانی گیانی، بوونە هۆی زیانی مادی لە چەند باڵەخانە و موڵک و ماڵێکی سەر بە دەستەکە.
- هەڵوێستی وەزارەتی بەرگری سعودیە: لیوا تورکی ئەلمالیکی، وتەبێژی فەرمی وەزارەتی بەرگری سعودیە ڕایگەیاند، بەرگریی ئاسمانیی ئەو وڵاتە چەندین درۆنی تێکشکاندوە کە هەوڵیان دابوو دامەزراوە نەوتییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵات بکەنە ئامانج، و ئاماژەی بەوەدا کە ئەو هێرشانە لە خاکی عێراقەوە دەستیان پێکردوە.
- رەتکردنەوەی لایەنی عێراقی: لە بەرامبەردا، پێشتر «مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق» ڕەتیکردبووەوە هیچ پەیوەندییەکی بەو هێرشە درۆنییانەوە هەبێت کە ئاراستەی سعودیە و دامەزراوە نەوتییەکانی ئەو وڵاتە کرابوون.
