
ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لە کوردستان و ئێران( هەنگاو) ڕایگەیاند کە حەوت ئافرەت لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی ئێرانەوە ڕفێندراون و تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لە کوردستان و ئێران(هەنگاو) زانیاری نوێی سەبارەت بە پرۆسە دەستگیرکردن و ڕفاندنی ئەو ئافرەتانە بڵاوکردەوە کە بەشدارییان لە خۆپیشاندانە بەردەوامەکانی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا کردووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لە کوردستان سەبارەت بەو ژنانەی لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە ڕفێندراون:
لە ٣ی کانوونی دووەمدا، "پەریسا موسەوی" و "شیما خورشیدیان" لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە لە کاتی بەشداریکردنیان لە خۆپیشاندانەکانی ناوچەی "یاسووج"ی سەر بە پارێزگای کۆهگیلویە و بۆیەر ئەحمەد ڕفێندراون و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەیانەوە نییە.
لە ٤ی کانوونی دووەمدا، "نەدا کەرەمی" کە دانیشتووی ناوچەی یاسووجە، لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی ئێرانەوە ڕفێندراوە.
هەر لە ٤ی کانوونی دووەمدا، چالاکوانی مەدەنی و پزیشکی ددان "فارینا حوسێنی" لە شاری شیراز، و هەروەها "ڕاحیلە زەردکوهی" (٢٧ ساڵ) کە هاوڵاتییەکی بەلووچی دانیشتووی شاری مەشهەدە، لە کاتی بەشداریکردنیان لە خۆپیشاندانەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕفێندراون و چارەنووسیان نادیارە.
لە ٥ی کانوونی دووەمدا، کچە کوردێک بە ناوی "فایزە شمایلی" خەڵکی شاری سونقوڕی سەر بە پارێزگای کرماشان، لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا ڕفێندراوە و بەرەو شوێنێکی نادیار بردراوە.
هەروەها کچە گەنجێک بە ناوی "ئیمان جەشتە" کە خوێندکاری زانکۆی مەهابادە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕفێندراوە و تا ئێستاش چارەنووسی بە نادیاری ماوەتەوە.