
ماڵپەڕی ئەکسیۆس لەزاری دوو بەرپرسی ئیسرائیلیەوە ئاشکرایکرد کە هەفتەی رابردوو کۆبوونەوەیەکی سەربازیی نهێنی و باڵا لە ئەڵمانیا لەنێوان فەرماندە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و هەشت وڵاتی عەرەبیدا بەڕێوەچووە، کە تێیدا پرسی جەنگ لەگەڵ ئێران و ئاڵۆزییە ئەمنییەکانی ناوچەکە تاوتوێ کراون. کۆبوونەوەکە لەلایەن ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا سێنتکۆمەوە ڕێکخرابوو و جگە لەو، سەرۆک ئەرکانی سوپای هەریەک لە ئیسرائیل و سعودیە و ئیمارات و بەحرێن و کوێت و قەتەر و ئوردن و میسر تێیدا بەشدار بوون. لە کۆبوونەوەکەدا براد کووپەر دڵنیایی داوەتە بەشداربووان کە واشنتن بە هیچ شێوەیەک هێزەکانی لە ناوچەکە ناکشێنێتەوە و پلانەکانی بۆ فراوانکردنی پاراستنی هاتووچۆی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز خستووەتەڕوو، هاوکات جەنەراڵ ئەیال زەمیر، سوپاسالاری ئیسرائیل شرۆڤەیەکی وردی لەبارەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی وڵاتەکەی پێشکەش کردووە. فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا سێنتکۆم ئەنجامدانی کۆبوونەوەکەی بۆ ئەکسیۆس پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند کە بۆ بەهێزکردنی هاوئاهەنگیی ئەمنی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بووە، کە ئەمەش یەکەمین کۆبوونەوەی لەو شێوەیە بووە لە دوای هەڵگیرسانی جەنگ لەگەڵ ئێران لە زیاتر لە شەش مانگی ڕابردوودا و دەرفەتێکی دەگمەن بووە بۆ کۆکردنەوەی فەرماندە سەربازییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی کەنداو.
