
رێگای كوردستان
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، ماوەی ئاگربەستە سێ ڕۆژەکەی ڕوسیا بۆ ڕاگرتنی هێرشە ئاسمانییەکان لەسەر کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا کۆتایی هات ، ئەوەش هاوکات بوو لەگەڵ سەردانی شاندێکی ئەمریکی بۆ مسکۆ و شکستهێنانی دانوستانە سەرەتاییەکان لە گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی هەمیشەیی.
وردەکارییەکانی ڕوداوەکە
بەگوێرەی ئاژانسی «روسیا تودەی»، ڕاستەوخۆ دوای کۆتاییهاتنی ماوەی ئاگربەستەکە، دەنگی چەندین تەقینەوە لە کیێڤ بیستراوە و هێرشی نوێ بە درۆنی پێشکەوتو کراوەتە سەر چەند ناوچەیەکی شارەکە، کە بەهۆیەوە ئاگر لە چەند شوێنێک کەوتوەتەوە.
شەممەی ڕابردوو، لە پاش کۆبوونەوەی ڤلادمیر پوتین لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەر (نێردهی ئهمریكا) لە کۆشکی کرێملین، پوتین فەرمانی دەرکردبوو کە لە نیوەشەوی ٥ی ئەیلوولەوە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ هێرشە موشەکی و ئاسمانییەکان لەسەر کیێڤ ڕابگیرێن.
پوتین لەو کاتەدا ڕایگەیاندبوו کە ڕاگرتنی هێرشەکان لەسەر داوایەکی فەرمیی دیپلۆماسی بووە، بەو پێیەی ئۆکرانیاش هێرشەکانی بۆ سەر قوڵایی خاکی ڕوسیا کەمکردبووەوە، و ئەوان هیوادار بوون ئەم هەنگاوە ببێتە زەمینەسازییەک بۆ گفتوگۆی هەمیشەیی.
