
ژووری هەواڵ
لە کاتێکدا عێراق بە قەیرانێکی دارایی سەختدا تێدەپەڕێت و حکومەتەکەی، هاتۆتە سەر قاسەیەکی بەتاڵ و وڵاتێکی سامان تاڵانکراو ودزراو ، قەیرانەکان ڕوویان لە هەڵکشان کردووە. لە لایەکی ترەوە، حکومەتی زەیدی شەڕی دژی گەندەڵی ڕاگەیاندووە و هەڕەشەی کۆکردنەوەی چەکی لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت کردووە، لە کاتێکدا خۆپیشاندانی هاووڵاتییان بەهۆی بێکاری و هەژاری و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەکو ئاو و کارەبا لە فراوانبووندایە.
چاودێرانی سیاسی پێیان وایە دوور نییە ئەم ناڕەزایەتییە ڕەوایانە لەلایەن لایەنەکانی نزیک لە ئێران بقۆزرێنەوە بۆ تێکدانی دۆخی ئەمنی و پشێوی، بە ئامانجی دوورخستنەوەی سەرنجی حکومەت لەسەر پلانەکانی بۆ چاکسازی و کۆتاییهێنان بە دیاردەی چەکی نایاسایی. هاوکات شرۆڤەکاران ئاماژە بەوە دەکەن کە کۆماری ئیسلامی ئێران گوشارەکانی بۆ سەر بەغدا زیاتر کردووە بۆ ئەوەی سەرۆک وەزیران لە بڕیاری کۆنترۆڵکردنی گروپە چەکدارەکان پەشیمان ببێتەوە و ناچار بە ملکەچبوون بە بەرژەوەندییەکانی دراوسێیەکەی بکات لە ناوچەکەدا.
