
دەستەی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکان و بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیا، لە ڕاگەیەندراوێکدا هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی ئەو وڵاتە دراوسێ و ناوچییانە کرد کە خاک و بنکەکانیان لەلایەن ئەمەریکاوە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاردەهێنرێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا، کە شەوی ٣١ی ئاب بڵاوکرایەوە، هاتووە: «سەرباری ڕاگەیاندنی فەرمیی هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکە کە هەرگیز ڕێگە نادەن سوپای دەستدرێژکاری ئەمەریکا خاک، ئاسمان و کەناراوەکانیان دژی ئێران بەکاربهێنێت، و سەرباری ئاگادارکردنەوەکانی پێشووتر، هێشتا سوپای ئەمەریکا خاک و ئاسمانی ئەو وڵاتانە بۆ هێرشکردنە سەر بنکە سەربازییەکانی ئێران دەقۆزێتەوە.»
بارەگای خاتەمولئەنبیا جەختی لەوە کردووەتەوە کە سەرەڕای ڕێزگرتن لە سەروەریی نیشتمانیی وڵاتانی دراوسێ، بە هیچ جۆرێک چاوپۆشی لە هیچ پێشێلکارییەک ناکەن و وەڵامیان زۆر توندتر دەبێت، «وەک چۆن تا ئێستا لەسەر ئەرزی واقیع نیشانمان داوە و دوێنێ شەویش بە ئازایەتیی سەربازانی سوپای پاسداران و سوپای کۆماری ئیسلامی ئەمەمان سەلماند.»
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، داوا لە هێزەکانی ئەمەریکا کراوە ناوچەکە چۆڵ بکەن و هۆشداریش دراوە بەو لایەنانەی پشتیوانیی دەستدرێژییەکانی ئەمەریکا دەکەن: «ئەوانەی پشتیوانی لە دەستدرێژیی ئەمەریکا بۆ سەر ئێرانی ئیسلامی دەکەن دەبێت بزانن کە هێزە چەکدارەکانمان سەرجەمیان کار دەکەن بۆ تێکشکاندن و ئامانجگرتنی سەرچاوەی هەر دەستدرێژییەک. ئێوە چەندین جار ئیرادەی هێزە چەکدارەکانمانتان تاقی کردووەتەوە، ڕێگە مەدەن ئەوە دووبارە بێتەوە.»
