
داتاکانی بانکی ناوەندی عێراق دەریدەخەن کە یەدەگی بیانیی وڵات لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٦دا دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە و گەیشتووەتە ٨٦ ملیار و ١٧٥ ملیۆن دۆلار، کە بەراورد بە کۆتایی ساڵی ڕابردووی ۲۰۲٥ بڕی ١١ ملیار و ٢٥٧ ملیۆن دۆلار کەمبووەتەوە و ڕێژەی ١١.٦٪ی پاشەکشەی تۆمار کردووە.
هەروەها داتاکان دەردەخەن کە یەدەگەکە لە سەرەتای ساڵدا بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە و لە شوباتدا گەیشتووەتە سەرووی ١٠٢ ملیار دۆلار، بەڵام دواتر لە مانگەکانی دواییدا بەردەوام دابەزینی بەخۆوەی بینیوە.
ئەم پاشەکشەیە ڕەنگدانەوەی هەبووە لەسەر بەهای گشتیی یەدەگەکە بە دیناری عێراقی کە بۆ ١١٢ تریلیون دینار دابەزیوە، هاوکات بەهای زێڕ و وەبەرهێنانەکانیش لەناو یەدەگەکەدا کەمبوونەتەوە و پارەی کاش لە خەزێنەکانی بانکی ناوەندیشدا بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەش کۆمەڵێک گۆڕانکاریی دارایی و ئابووریی بەرچاو لە نیوەی یەکەمی ئەم ساڵدا نیشان دەدات.
