
رێگای كوردستان
پزیشکیان: ئێستا گونجاوترین دەرفەتە بۆ ڕێککەوتنە لەگەڵ ئەمریکادا مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، ڕایگەیاند که بەهۆی پێگەی بەهێز و یەکگرتووی وڵاتەکەی و سەرکەوتنی لە "جەنگی فشارەکاندا"، لە ئێستادا گونجاوترین دەرفەت لەبەردەمدایە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکادا. پزیشکیان لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ئاماژەی بەوە کرد، کە دوژمنان چاوەڕوانی ڕووخانی دەوڵەتیان دەکرد بەهۆی فشارە چڕ و سزا توندەکانەوە. سەرۆک کۆماری ئێران ڕوونی کردەوە کە پلانەکان بۆ هەڵگیرساندنی ئاژاوە لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژئاوا و باشووری ڕۆژهەڵاتی وڵات ئاراستە کرابوون، بەڵام وڵاتانی ناوچەکە ڕێگەیان نەدا کەس بۆ نانەوەی فیتنە دزە بکاتە ناو خاکەکەیانەوە. ناوبراو جەختیشی لەوە کردەوە که ئێران لەم جەنگەدا بە براوە دادەنرێت و بەهۆی ئەم پێگە بەهێزەیەوە، ئێستا باشترین کاتە بۆ ئەنجامدانی ڕێککەوتن.
