
رێگای كوردستان
لە پهراوێزی كۆبوونەوەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان لە شاری نیویۆرك، بەیاننامەیەکی هاوبەش لەلایەن عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، و ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا، بڵاوکرایەوە. هەردوولا لەسەر چەند دۆسێیەکی هەستیاری ئەمنی و ئابووری گەیشتنە ڕێککەوتن.
خاڵە سەرەکییەکانی ڕێککەوتنەکە:
- دۆسێی ئەمنی و شنگال: جەختکرایەوە لەسەر سەپاندنی سەروەریی تەواوەتی حکوومەتی فیدڕاڵی لە قەزای شنگال، کۆتاییهێنان بە بوونی چەکدارە بیانییە قەدەغەکراوەکان، و خستنی ناوچەکە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزە فەرمییەکان.
- سەربازگەی بەعشیقە - زێلیکان: وەک هەنگاوێکی بەرامبەر، سوپای تورکیا بە خشتەیەکی کاتی و بە شێوەی قۆناغ بە قۆناغ، سەربازگەی بەعشیقە - زێلیکان ڕادەستی هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەکاتەوە.
- پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان: هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر خێراکردنی جێبەجێکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکان، بەتایبەت پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان کە دەبێتە پردی بەیەکگەیشتنی ناوچەی کەنداو بە ئەوروپا لە ڕێگەی عێراق و تورکیاوە.
- هاوکاریی ئابووری: جەختکرایەوە لەسەر بەرزکردنەوەی قەبارەی بازرگانی و وەبەرهێنانی هاوبەش لەڕێگەی جێبەجێکردنی دەستبەجێی ڕێککەوتنە واژووکراوەکانەوە.
لێدوانێکی هاوبەش: «هەردوو وڵات ئیرادەی هاوبەشی خۆیان بۆ پاراستنی سەروەریی خاکی عێراق و ئاسایشی سنوورەکان دووپات دەکەنەوە، و ڕێگە نادرێت هیچ هێزێکی چەکداری نایاسایی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی تورکیا و عێراق دروست بکات.»
پاشخانی پەیوەندییەکان
ئەم ڕێککەوتنە وەک خاڵێکی وەرچەرخان و پێشکەوتنێکی بەرچاو لە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە دادەنرێت، دوای چەندین ساڵ لە ناکۆکی لەسەر دۆسیەکانی ئاو، بوونی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ناوچە سنوورییەکان، و بوونی هێزە تورکییەکان لە سەربازگەی بەعشیقە. ئەمە دەرگایەکی نوێ بۆ هاوبەشیی ئابووری و سەربازی لە نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێدا دەكاتەوە.
