
رێگای کوردستان
ڕێکخراوی یونیسێف و پزیشکانی بێسنور هۆشداری دەدەن لە خراپتربوونی دۆخی مرۆیی لە سۆماڵ، بەهۆی تێکەڵبوونی قەیرانی کەشوهەوا، کەمبوونەوەی بێوێنەی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان و راگرتنی بەشێک لە پارەدانەکان لەلایەن ئەمریکا و هەندێک وڵاتی ڕۆژئاواوە.
بەپێی ئامارە سەرەکییەکان، نزیکەی ٥ ملیۆن کەس، کە یەک لە سەر سێی دانیشتوانی سۆماڵ پێکدەهێنن، ئێستا ڕووبەڕووی نەبوونی ئاسایشی خۆراک بوونەتەوە.
لە هەمان کاتدا، ١.٩ ملیۆن منداڵی خوار تەمەنی پێنج ساڵ لە مەترسی تووشبوون بە بەدخۆراکی دان لە ساڵی ئێستادا، کە لە نێوانیاندا نزیکەی نیو ملیۆن منداڵ ڕووبەڕووی مەترسیدارترین و کوشندەترین جۆری بەدخۆراکی توند دەبن.
لە ماوەی ئەم ساڵەدا، وەرگرتنی منداڵانی تووشبوو بە بەدخۆراکی توند لە دامەزراوە تەندروستییەکاندا ٣٢٪ زیادبووە، لە کاتێکدا بودجەی بەرەنگاربوونەوەی بەدخۆراکی توند بەهۆی کەمبوونەوەی هاوکارییە داراییەکانەوە ٨٠٪ دابەزیوە.
داڕمانی کەرتی تەندروستی
بەپێی ئەو ئامارانە، تاکو ئێستا ٢٠٥ دامەزراوەی تەندروستی و خۆراک داخراون، لە کاتێکدا ٦١٨ دامەزراوەی تریش لە مەترسی داخستنی نزیکدان، بەهۆی کەمیی یارمەتییە مرۆییەکانەوە.
لە لایەکی تریشەوە، وتەبێژی یونیسێف هۆشداری داوە کە سۆماڵ لەبەردەم قەیرانێکی فرەلایەنەدایە و پێویستی بە هانای بەپەلە هەیە، چونکە کەمبوونەوەی هاوکارییەکان دەتوانێت دۆخی بەدخۆراکی و نەخۆشییەکان لە نێوان منداڵاندا خراپتر بکات.
