
ژووری هەواڵ
دادگای ئێران سزای لەسێدارەدانی بۆ دوو ئافرەت دەرکرد بە تۆمەتی، بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکانی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ لە دژی دەسەڵات.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، هەردوو دۆسییەکە پەیوەندییان بەو ئاڵۆزییانەوە هەیە کە لە شاری ئاسفهان ڕوویانداوە.
هەر بەپێی ڕاپۆرتەکان، یەکێکیان کچێکی تەمەن بیست ساڵە بە ناوی تارانە ڕەحیمی، کە لەگەڵ ۹ پیاو سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە بە تۆمەتی کوشتنی کەسێک کە یەکێکیان کارمەندی ئەمنی بووە.
دۆسیەی دووەمیان تایبەتە بە ژنێکی تەمەن چل و سێ ساڵ بە ناوی لەیلا ئەبو حسنی، بە تۆمەتی سووتاندنی دووکانێک سزای لەسێدارەدانی بەسەردا دراوە، هەرچەندە کەسووکاری نکۆڵی لەو تۆمەتە دەکەن و دەڵێن ناوبراو تەنیا لە شوێنی ڕووداوەکە بووە و وێنەی گرتووە، بەڵام دەسەڵاتداران سوورن لەسەر بڕیارەکەی خۆیان.
جگە لەمەش، ژمارەیەکی دیکە لە زیندانیکراوەکان، سزای ۳٦ ساڵیان بەسەردا سەپێندراوە، کە یەکێک لەو سزادراوانە، ڕۆمینای خوشکی تارانی سزادراوە بە لەسێدارەدان.
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاماژە بەوە دەکەن کە پارێزەری ئەم دوو سزا دراوە کاتی پێویستیان پێ نەدراوە بۆ پێداچوونەوە بە دۆسیەکاندا و ئەمەش نیگەرانییەکی زۆری لێکەوتووەتەوە.
ڕاپۆرتە هەواڵەکان، پشتراستی دەکەنەوە تەنها لەئەمساڵدا، ۱٦ ئافرەت بە تۆمەتی جیاواز، لەلایەن دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە سێدارەدراون.
