
رێگای كوردستان
لیژنەی دادی پەرلەمانی تورکیا پڕۆژە یاسای "بەهێزکردنی هاوپشتی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی"ی پەسەند کرد، کە وەک چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ پرۆسەی ئاشتی هەژمار دەکرێت. پەرلەمانتارانی دەم پارتی ڕایانگەیاند کە پەسەندکردنی ئەم یاسایە کاریگەرییەکی ئەرێنی دەبێت و دۆخ و ژیانی نزیکەی ٧٥ هەزار کەس لە تورکیا دەگۆڕێت.
پشک و دۆخی زیندانیانی سیاسی
سەبارەت بە چارەنووسی زیندانیان لەم یاسایەدا، سەرحەد ئەرەن، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە ئامەد، ئامار و زانیاری خستەڕوو:
- سوودمەندان: لە کۆی چوار هەزار و ٨٠٠ زیندانی سیاسی پەکەکە، سێ هەزار و ٩٠٠ کەس دەتوانن لەم یاسایە سوودمەند ببن.
- بێبەشکراوان: ٩٠٠ زیندانی دیکە بەهۆی سزادانیان بە حکومی هەتاهەتایی و تۆمەتباربوونیان بە کەیسەکانی توندوتیژی دژی هێزە ئەمنییەکان، لەم لێخۆشبوونە بێبەش کراون.
قۆناغەکانی داهاتووی جێبەجێکردن
بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا پڕۆژە یاساکە بۆ دەنگدانی کۆتایی ئاراستەی دەستەی گشتی پەرلەمانی تورکیا بکرێت. جێبەجێکردنی کرداریی یاساکە بەم مەرجانە بەستراوەتەوە:
- پەسەندکردنی ئەنجوومەن: ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی تورکیا بڕیاری هەڵوەشاندنەوە و چەکدادانی پەکەکە پەسەند بکات.
- بڵاوکردنەوە: پاش تەواوبوونی سەرجەم ڕێکارەکان، یاساکە لە ڕۆژنامەی فەرمیدا بڵاودەکرێتەوە و بە فەرمی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
