
مەزڵوم عەبدی، راوێژکار لە سەرۆکایەتی کۆماری سووریا، لە دیدارێکدا لەگەڵ کۆمەڵێک لە دانیشتوانی عاموودا، رایگەیاند کە یەکخستنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەناو دامەزراوە سەربازییە فەرمییەکانی سووریا هەنگاوێکی مێژووییە و لە بەرژەوەندیی کوردایە.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، بڕیاری ستراتیژیی ئێستا بریتییە لە یەکخستنی سەرجەم هێزەکانی هەسەدە لەگەڵ سوپای سووریا و کارکردنیان بەشێوەی فەرمی لە ناوچەکانی خۆیاندا.
وردەکاریی دابەشکردن و ئەرکی هێزەکان:
- ئاسایش و سنوورەکان: دانیشتوانی ناوچەکە بەرپرسیارێتیی پاراستنی شارۆچکەکانی خۆیان دەگرنە دەست.
- پاسەوانی سنوور: ۱۷۰۰ ئەندامی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) دەبنە پاسەوانی سنوور.
- هێزە ئەمنی و تایبەتەکان: پۆلیسی سەربازی، یەکەکانی کۆماندۆ، هێزەکانی دژە تیرۆر (YAT) و هێزە تایبەتەکان بە فەرمی دەکرێن، دوای ئەنجامدانی خولێکی کورتی مەشقکردن لە دیمەشق و ئەلنەبک دەست بە ئەرکەکانیان دەکەنەوە.
- هەواڵگری: سەدان کارمەند لە دەزگای هەواڵگریی هەسەدە دەچنە ناو بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هەواڵگری و لە شوێنەکانی ئێستایان بەردەوام دەبن لە کارەکانیان.
- لیوا سەربازییەکان: لیوای سەربازیی تایبەت بۆ دانیشتوانی ناوچەکانی (دێریک، قامیشلۆ، حەسەکە، کۆبانی و عەفرین) پێەکهێنرێن؛ بۆ نموونە لیوای عەفرین لە ۱۵۰۰ چەکدار پێکهاتووە، بە مەرجێک تەنیا لە ناوچەی خۆیاندا بمێننەوە و هیچ چەکدارێک لە دەرەوەی ئەو ناوچانە نەهێنرێت.
لە کۆتاییدا، مەزڵوم عەبدی جەختیکردەوە کە هێزەکانی سوریای دیموکرات ئێستا بەهێزتر، گەورەتر و کاریگەرترن، بەڵام بەشێوەیەکی فەرمی و یاسایی لەژێر چەتری دەوڵەتدا کار دەکەن.
