
رێگای كوردستان
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند کە وڵاتەکەی بەرەی ئێرانی تێکشکاندووە و هەڕەشەکانی لەسەر سنوورەکانی کەمکردووەتەوە، جەختیشی کردەوە کە ئەرکی داهاتوویان کۆتاییهێنانی یەکجاری بە رژێمی تارانە.
بنیامین ناتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لەبەردەم لایەنگرانی پارتەکەی (لیکود) ئاماژەی بەوە دا کە حکومەتەکەی توانیویەتی سیمای جوگرافی و سیاسیی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بگۆڕێت. ناوبراو رایگەیاند: "دەستکەوتی گەورەمان بەدەستهێناوە، بەرەی ئێرانمان تێکشکاندووە و رژێمی تارانمان گەیاندووەتە دۆخێکی زۆر مەترسیدار و لێواری رووخان."
سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتووی وڵاتەکەی، ناتانیاهو بەڕوونی باسی لەوە کرد کە هێشتا ئەرکێکی سەرەکییان ماوە کە دەبێت تەواوی بکەن، ئەویش "لەنێوبردنی یەکجاریی هەڕەشەی ئێران و رووخاندنی یەکجاریی رژێمەکەیانە"، هاوکات دووپاتی کردەوە کە ئامانجی ستراتیژییان هەمیشە کۆتاییهێنانە بە گرووپەکانی وەک حیزبوڵا و حەماس.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل تیشکی خستە سەر سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنە دەرەکییەکانیان و روونی کردەوە:
• لەبارەی سووریاوە: کاریان کردووە بۆ لەناوبردنی بەشێکی زۆر لە چەک و جبەخانەی سوپای سووریا، بە جۆرێک نەبنە مەترسی بۆ سەر ئیسرائیل.
• لەبارەی لوبنانەوە: جەختیکردەوە کە توانیویانە حیزبوڵا لاواز بکەن و ئەو کۆگا گەورانەی موشەک کە لە لوبنان دروستی کردبوون، بە تەواوی خاپوور بکەن.
