
عێراق بە قۆناغێکی چارەنووسسازدا تێپەڕ دەبێت کە بە وادەی ٣٠ی ئەیلوولەوە بەستراوەتەوە، لە ناوەڕۆکی ئەم دۆخەشدا هەوڵی دیپلۆماسیی چڕی تاران هەیە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی سیاسی و ئەمنی کە جێگرەوەی بژاردەی داماڵینی چەکی گرووپەکان بێت. بەپێی زانیارییە سەرچاوە ئەمنییەکان، گفتوگۆکان بەرەو سیناریۆی کۆکردنەوەی چەک، لە دەرەوەی دیمەنی فەرمی دەچن، لە بەرامبەر دڵنیایی لەسەر کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمریکا و دوورکەوتنەوە لە پێکدادانی ناوخۆیی، هەروەها دابینکردنی پێگەی سیاسی و حکومی بۆسەرکردەکان.
سەبارەت بەم دۆخە، هادی عامری، سەرکردەی رێکخراوی بەدر، لە میانەی چالاکییەکی سیاسی لە بەغدا جەختیکردەوە کە بە هیچ شێوەیەک پێکدادانی ناوخۆیی بەهۆی چەکەوە ڕوونادات.
لە بەرامبەردا، ئیحسان شەمری، مامۆستای سیاسەتە ستراتیژییەکان لە زانکۆی بەغدا، پێی وایە کە ڕۆڵی گرووپەکان دوای ٣٠ی ئەیلوول ناگۆڕێت و هۆشداری داوە لەوەی کە چەک دەتوانێت لە هەر ساتێکدا بگەڕێتەوە، یان بۆ سەپاندنی ئیرادەی سیاسی بەکاربهێنرێت، بەتایبەت کە گرووپەکان فەزای مانۆڕکردن و مەرجەکانیان دەپارێزن.
سەبارەت بە چارەنووسی داهاتووش، حەسەن فەدەم، پەرلەمانتاری پێشوو و سەرکردەی پێشووی حەشدی شەعبی، ڕایگەیاندووە، کە گرووپەکان خۆیان بڕیار لەسەر داهاتوویان دەدەن و دەڵێت: ئایا دەیانەوێت تێکەڵ بە دامەزراوە ئەمنییەکان ببن؟ یان بگۆڕێن بۆ دەزگای سیاسی و بەشداری لە پرۆسەی سیاسی بکەن؟ یان ڕێگەیەکی تر هەڵبژێرن؟ گرووپەکان خۆیان ئەوە یەکلا دەکەنەوە.
سەرەڕای ئەم گفتوگۆیانە، مەترسییەکان لەسەر دروستکردنی شانەی تێکەڵاو و گرووپی سێبەری هاوشێوەی دەستەی (خەفاف) بۆ بەڕێوەبردنی ململانێکان بەبێ هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی ڕاستەوخۆ بەردەوامن، ئەمەش داهاتووی چەک لە عێراقدا لە نێوان تێکەڵبوون بە دەوڵەت یان گەڕانەوە بۆ شەقام لە ئەگەری هەر پێکدادانێکی نێوان ئەمریکا و ئێراندا دەهێڵێتەوە.
سەرچاوە (مؤسسة المدی)
