
رێگای كوردستان
ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرایکرد، حکومەتی عێراق پلانی هەیە بڕی دوو ملیار دۆلار لە خەزێنەی ئەمریکا قەرز بکات، بە مەبەستی پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی و تەواوکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان.
واشنتن مەرجی ئەوەی داناوە کە دەبێت پرۆسەی قەرزکردنەکە پشتگیرییەکی یاسایی ڕوونی هەبێت و یاسایەکی تایبەتی بۆ لە پەرلەمانی عێراق دەربچێت، بەجۆرێک وەزارەتی دارایی نەتوانێت بە بێ ڕەزامەندی پەرلەمان ڕێکارەکان جێبەجێ بکات.
مەنسوور بعێجی، ئەندامی لیژنەی دارایی، ڕایگەیاند کە حکومەت یاسای قەرزکردنی ناردووە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران و لە ماوەی هەفتەی داهاتوودا تەواو دەکرێت.
• ئامانجی قەرزەکە:
o تەرخانکردنی پارەکە بۆ تەواوکردنی ئەو پڕۆژە خزمەتگوزاری و ستراتیژییە گرنگانەی کە بەهۆی کێشەی نەختینەوە پەکمیان کەوتووە.
o پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە داراییەی کە لە بودجەدا دروستبووە.
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە بانکی فیدراڵی ئەمریکا بە تازەیی بڕی 500 ملیۆن دۆلاری نەختی ڕەوانەی بانکی ناوەندی عێراق کردووە، هاوکات گفتوگۆکان بۆ لابردنی سزا لەسەر هەندێک لە بانکی عێراقی و گەڕانەوەیان بۆ ناو سیستمی حەواڵەی نێودەوڵەتی بەردەوامن.
