
رێگای كوردستان
حکومەتی عێراق نیگەرانی و سەرکۆنەی توندی خۆی بەرامبەر بەو هێرشە درۆنیانە دەربڕی کە کرانە سەر شانشینی عەرەبستانی سعوودی، و جەختیکردەوە کە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادات خاک و ئاسمانی عێراق ببێتە لانکەیەک بۆ دەستدرێژیکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ.
ناوەڕۆکی ڕاگەیەندراوە فەرمییەکە
لە ڕاگەیەندراوێکدا کە شەوی ١١ی ئەیلول لەلایەن سەباع نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانەوە بڵاوکرایەوە، حکومەتی عێراق ڕەتکردنەوەی تەواوی خۆی بۆ هەر دەستدرێژییەک ڕاگەیاند کە زیان بە ئاسایش و سەقامگیری سعوودیە بگەیەنێت، یان زیان بە پەیوەندییە برایەتییەکانی نێوان هەردوو وڵات بگەێنێت.
هەروەها، ستایشی هەڵوێستی شانشینی سعوودیە کرا لە بەرامبەر ئەو هەوڵانەی عێراق بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە خستوویەتییەگەڕ.
هەڵوێستی حکومەت و ڕێکاری یاسایی
سەبارەت بە هەنگاوە کردارییەکان، عەلی زيدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، ڕێنمایی دەستبەجێی دەرکردووە بۆ دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلە سەبارەت بە سەرچاوەی هێرشەکان و دیاریکردنی ئەو لایەنانەی لەپشتیانەوەن، بە مەبەستی گرتنەبەری توندترین ڕێکاری یاسایی بەرامبەر تێوەگلاوان. حکومەت جەختیکردەوە کە لەو بارەیەوە هیچ کەمتەرخەمییەک ناکات.
پێشینەی ڕووداوەکان
ئەم هەڵوێستەی بەغدا لە کاتێکدایە کە میلیشیا چەکدارەکان لە عێراق بە چەند درۆنێکی خۆکوژی هێرشیان کردە سەر بۆری نەوتی ڕۆژئاوای سعوودیە، کە جگە لە زیانی مادی، چەند بریندارێکی لێکەوتەوە.
شایەنی باسە لە مانگی تەمموزی ڕابردووشدا، لە وەڵامی هێرشە درۆنییەکانی میلیشیا عێراقییەکان بۆ سەر سعوودیە، هێزەکانی ئەمریکا و سعوودیە چەند بنکەیەکی ئەو میلیشیایانەیان لە عێراق کردە ئامانج، کە لە ئەنجامدا ٢٠ چەکدار کوژران.
