
ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووری و دارایی ڕایگەیاند، ئەو بڕە پارەیەی لە کەرتی نەوتدا بەفیڕۆ دەچێت، بەشی ئەوە دەکات کە مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت بۆ ماوەی دوو مانگ و نیو دابین بکات.
مەزهەر محەممەد ساڵح ئاماژەی بەوە دا کە دوای چەند ساڵێک لە وردبینی و بەدواداچوونی دەزگا چاودێرییە فیدراڵییەکان، حکومەت بۆی دەرکەوتووە کە ساڵانە بڕی ۱۷ تریلیۆن دینار، کە نزیکەی ۱۲ ملیار دۆلار دەکات، لە کەرتی نەوتدا بەفیڕۆ دەڕوات.
بە ووتەی ناوبراو، هۆکاری سەرەکیی ئەم کێشەیە بۆ جیاوازیی نرخی فرۆشتنی نەوت بە پاڵاوگەکان دەگەڕێتەوە، لە کاتێکدا نرخی یەک بەرمیل نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا ۷۰ دۆلارە، بەڵام بە ۳ دۆلار دەدرا بە پاڵاوگەکان.
ووتیشی، ئەم جیاوازییە گەورەیەی نرخ بۆشاییەکی گەورە و قازانجێکی زەبەلاحی بۆ پاڵاوگەکان دروست کردووە کە لە ڕێگەی زیادڕەویی لە تێچووی بەرهەمهێنان و پاداشتەکانەوە بەشێکی زۆری ئەو سامانە ون دەبێت.
حکومەتی عێراق ئامانج لەم رێوشوێنانە بۆ ڕاستکردنەوەی دۆخەکە دەگەڕێنێتەوە بۆ بەدیهێنانی هاوسەنگی، دابەشکردنێکی دادپەروەرانەی پاداشتەکان و ڕێگریکردن لە گەندەڵی لەم کەرتی ئابوورییە گرنگەدا.
