
رێگای كوردستان
وەزیری دەرەوەی ئێران، عەباس عێراقچی، لەبارەی ڕێککەوتنی سێقۆڵی نێوان تورکیا، سعودیە و پاکستان هۆشداری دەدات و ڕایگەیاند، کاتی ئەوە هاتووە وڵاتانی ناوچەکە تەنیا پشت بەخۆیان ببەستن. هاوکات جەخت لەوە دەکاتەوە کە هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی توانای ڕووبەڕووبوونەوەی گەورەترین هێزە سەربازییەکانی جیهانیان هەیە.
لە پەیامێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە، عەباس عێراقچی هەڵوێستی وڵاتەکەی لەسەر هاوپەیمانێتییە نوێیەکەی نێوان (تورکیا، پاکستان و سعودیە) خستەڕوو و رایگەیاند:"کاتی ئەوە هاتووە تەنیا پشت بە خۆمان ببەستین و برایەتیی ڕاستەقینە بگرینە بەر."
وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی یەکڕیزیی ئیسلامیشەوە جەختیکردەوە؛ کاتێک موسڵمانان لە بڕیار و هەڵوێستدا لە پەنای یەکتردا بوەستن، دەتوانن ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی هەر ئاڵنگارییەک ببینەوە کە لەلایەن "بێگانە بەدکارەکانەوە" دروست دەکرێت.
