
رێگای كوردستان
سوپای ئەمریکا بەرەبەیانی پێنجشەممە ڕایگەیاند، زنجیرەیەكی نوێی هێرشەکانی تەواوکردوە کە دو کاتژمێری خایاندوە و دەیان ئامانجی لە ناوخۆی ئێران پێکاوە، لە کاتێکدا واشنتن هێرشەکانی بە "وەڵامێکی بەهێز" وەسفکرد بۆ ئەو موشەکانەی ئێران کە ڕۆژێک پێشتر ئاراستەی هێزەکانی ئەمریکا کرابون.
وردودرشتی هەواڵ
- کاتی ئەنجامدان: فەرماندەیی ناوەندی ئەمریكا (سێنتكۆم) ڕایگەیاند کە هێرشەکان کاتژمێر 8:00ی شەوی چوارشەممە بەکاتی کەناراوەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەمریکا (کاتژمێر 00:00 بەکاتی گێرینچ، پێنجشەممە) دەستیان پێکردوە و کاتژمێر 10:00ی شەو (کاتژمێر 2:00 بەکاتی گێرینچ، پێنجشەممە) کۆتاییانهاتوە.
- ئامانجەکان: کەرەستە و تواناکانی سەر بە فەرماندەیی ناوەندی، دەیان شوێنی سەر بە سوپای پاسدارانیان لە ناوخۆی ئێران کردوەتە ئامانج، لەوانەش:
- سەنتەرەکانی فەرماندەیی سەربازی
- دامەزراوەکانی موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (دڕۆن)
- پێگەکانی چاودێری و بەرگریی کەناراوەکان
- تواناکانی هێزی دەریایی
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، شەوی ڕابردوو ڕایگەیاندبو کە هێزەکانی ئەمریکا وەڵامی هێرشێكی ئێران بۆ سەر ئوردن دەدەنەوە
- ڕۆژی سێشەممە: سوپای ئەمریکا ڕایگەیاندبو کە چەند موشەکێکی بالیستییان تێکشکاندوە کە لەلایەن ئێرانەوە ئاراستەی هێزەکانی ئەمریکا کرابون، واشنتۆن ئەمەی بە هەوڵێکی تاران بۆ ئەنجامدانی "هێرشێکی لەناکاو" ناوبرد.
- هەڵوێستی ئێران: لای خۆیەوە، ئێران جەختی لەوە کردەوە کە هێرشی کردوەتە سەر بنکە ئەمریکییەکان لە ئوردن.
