
رێگای كوردستان
دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکی نوێیدا هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی ئێران کرد و ڕایگەیاند، لە ئێستادا واشنتن بەدوای ڕێککەوتندا ناگەڕێت، بەڵکو هێرشی زیاتر دەکەنە سەر ئەو وڵاتە. تڕەمپ جەختی لەوەش کردەوە کە جەنگی ئێران و ئەمریکا دوای کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنە نیوەییەکانی ئەمریکا ڕاستەوخۆ کۆتایی پێدێت.
لە تەوەرێکی تری قسەکانیدا، سەرۆکی ئەمریکا تیشکی خستە سەر دۆسیەی ئۆکرانیا و ئاماژەی بەوەدا کە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ ڤلادیمێر پۆتن "زۆر باش" بووە و سەرۆکی ڕووسیا دەیەوێت بگاتە ڕێککەوتن. هەروەها ئەوەی خستەڕوو کە هەریەکە لە پۆتن و ڤۆلۆدیمیر زلێنسکی لە جەنگ بێزار بوون و ئەگەری هەیە کۆبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆ لە نێوانیاندا ئەنجام بدرێت، هاوکات پێشبینی کرد لە داهاتوودا نرخی نەوت دابەزین بەخۆیەوە ببینێت.
سەبارەت بە دۆسیەی ئیسرائیل و کەناری ڕۆژئاواش، تڕەمپ ڕایگەیاند کە لە پەیوەندیدایە لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل سەبارەت بەو سزایانەی پەیوەستن بە کەناری ڕۆژئاوا و کۆمەڵگە نیشتەجێبوونەکان، و دووپاتیشی کردەوە کە هەرچەندە لە ئێستادا داوای ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران ناکەن، بەڵام ئەگەری هەیە لە داهاتوودا دەرگای دانوستان کراوە بێت.
ئەم لێدوانانەی تڕەمپ لە کاتێکدا دێن کە ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیار و گرژی تونددا تێپەڕ دەبێت، بە جۆرێک ئەمریکا چەندین جار بنکە و پێگەکانی ئێرانی کردووەتە ئامانج و لە بەرامبەردا تاران بە هێرشی مووشەکی و درۆن وەڵامی داوەتەوە.
