​کاتێک باسی هێزەکانی حەشدی شەعبی دەکرێت، بەرپرسانی عێراق هەمیشە جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەم هێزە بەپێی یاسای ساڵی ۲۰۱٦ بەشێکە لە سیستەمی ئاسایشی نەتەوەیی و سەر بە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانە. بەڵام ئەمە تەنها ڕستەیەکە لە سەر کاغەز، چونکە واقیعی مەیدانی لە عراق شتێکی تەواو جیاوازە. 
حەشد لە کۆمەڵێک لیوای سەربازی پێکهاتووە کە سەر بە گرووپە چەکدارەکانن و سەربەخۆیی ڕێکخراوەیی خۆیان پاراستووە، ئەمەش لە سایەی جیاوازی باگراوندە عقائیدی و سیاسییەکانیان و پەیوەندییان بە ئێران و مەرجەعییەتە ئایینییەکانەوە سەرچاوە دەگرێت.

 ​سیناریۆی ڕادەستکردنی چەک بە حەشد نەک بە حوکمەت

​لە کاتێکدا حکوومەتی عێراق مۆڵەتی تا کۆتایی ئەیلولی دیاریکردووە بۆ ئەوەی گرووپەکان چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت بکەن، سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پێشنیارێک لەلایەن محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی ئەنجومەنی شورای ئێرانییەوە پێشکەش کراوە بۆ ئەوەی چەکی ئەو گرووپانە تەنها ڕادەستی دەستە حەشدی شەعبی بکرێت نەک دەستبەجێ بە حوکمەتی عێراق.

​سەبارەت بەم بابەتە، سەباح نەعمان، وتەبێژی سەربازیی سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوە کردووە، کە دیدگاکە بریتییە لە ڕادەستکردنی چەک بە حەشدی شەعبی بەو پێیەی دەزگایەکی ئەمنییە، لە کاتێکدا ئەمریکا و ئیدارەکەی بە تەواوی دژایەتی ئەم فراوانبوونەی هەژموونی حەشد دەکەن و داوای ڕادەستکردنی ڕاستەوخۆی چەکەکان بە حوکمەتی ناوەندی دەکەن.

 ​پێکهاتەی حەشد و کۆنتڕۆڵی لایەنی نزیک لە ئێران

​جومگە گرنگ و سەرەکییەکانی دەستەی حەشدی شەعبی لەژێر کۆنتڕۆڵی کەسایەتییە نزیکەکان لە ئێرانەدایە، لەوانە فالح فەیاز و ئەبو فەدک محەمەداوی، کە سەرۆکی ئەرکانی حەشدە و بە فەرماندەی مەیدانیی سەرەکی دادەنرێت. 

هێزەکانی حەشد دەکرێت دابەش بکرێن بەسەر سێ گرووپی سەرەکیدا:

​گرووپەکانی سەر بە ئێران: کە زۆرینەن و بریتین لە ڕێکخراوی بەدر، کەتیبەکانی حزبوڵڵا ، کەتیبەکانی سەیدلشوهەدا، حزبوڵڵای نوجەبا و عەسایب ئەهلولهەق.

سەرایە سەلام: سەر بە موقتەدا سەدر.

​گرووپەکانی دیکە: لایەنە پەیوەندیدارەکان بە مەرجەعی باڵا علی سیستانی و حەشدی عشایری سوننە و پێکهاتە تورکمان و شبک و ئێزدی و مەسیحییەکان.

​کێشەی فەرمانڕەوایی و پێکدادانەکان

​لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، چەندین ڕووداو سەریان هەڵداوە کە گرژیی نێوان حکوومەتی عێراق و حەشدی شەعبی دەرخستووە. بۆ نموونە، کاتێک هێزە ئەمنییەکان چەند فەرماندە و چەکدارێکیان دەستگیر کرد، لە ماوەیەکی کەمدا لەژێر گوشار و هەڕەشەی گرووپەکاندا، دەستگیرکراوەکان ڕادەستی حەشد کرانەوە و ئازاد کران، ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە حکوومەت ناتوانێت کۆنتڕۆڵی تەواوەتی بەسەر هەموو جووڵەکانی حەشددا هەبێت.

​ئابووری حەشد و مۆڵەتی کۆتایی مانگی ئەیلول

​حەشدی شەعبی بودجەیەکی ساڵانەی نزیکەی سێ ملیار دۆلاری هەیە و زیاتر لە ٢٠٠ هەزار چەکداری هەیە، بەڵام چاودێران دەڵێن کە حکوومەت نازانێت ئایا پارەکان دەگەنە دەست کێ و ناوی وەهمی لە لیستەکاندا هەن یان نا.

​لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتایی مانگی ئەیلول و کۆتایی هاتنی مۆڵەتی حکوومەت، پرسیارە گەورەکە ئەوەیە: ئایا ڕادەستکردنی چەک بە دامەزراوەیەک کە خۆی کێشەی پێکهاتەی و سەرکردایەتی هەیە، دەتوانێت چارەسەری کۆتایی کێشەی سەروەری دەوڵەت بێت، یان تەنها کڕینی کاتە بۆ پاراستنی هەژموونی هەرێمی لە ناو عێراقدا؟

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا