
حكومەتی عێراق جەختی لەسەر دەکاتەوە، کە هیچ پاشگەزبوونەوەیەک لە بڕیاری کۆنترۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە نییە و پرۆسەی تێکەڵکردنەوەی هێزە چەکدارەکان لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکاندا بەڕێوەدەچێت.
قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاند، حکومەت سوورە لەسەر جێبەجێکردنی بڕیاری کۆنترۆڵکردنی چەک لەدەستی دەوڵەت و هیچ پاشگەزبوونەوەیەک لەو هەنگاوەدا نیە.
ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە گفتوگۆکان لەگەڵ لایەنە چەکدارەکان سەبارەت بە میکانیزمەکانی تێکەڵکردنەوەیان و چارەسەرکردنی سەرجەم خاڵە جێناكۆکەکان بە ئاراستەیەکی ئەرێنی و بەردەوامدا تێدەپەڕن و جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوە کارێکی ئەوەندە ئاڵۆز نابێت.
لە تەوەرێکی تری قسەکانیدا، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیران ڕوونی کردەوە، کە بەغدا بە هیچ شێوازێک نایەوێت پرسی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان بە دۆسێی چەک و دۆسیەی ناوخۆییەوە ببەستێتەوە، چونکە ئەم دوو پرسە لێک جودان و هەر یەکێکیان بە سەربەخۆیی بەڕێوەدەبرێت و مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.
