
لە پێشهاتێکی سەرنجڕاکێشدا، ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی بە پشتبەستن بە شیکاریی وێنەی مانگە دەستکردەکان و گرتە ڤیدیۆییەکان ئاشکرای کرد، کە ئێران خاڵی لاوازی لە پێگە سەربازییەکانی ئەمریکادا دۆزیوەتەوە.
ڕۆژنامەکە ئەمڕۆ دووشەممە ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئێران لانی کەم بۆردومانی ٦ دامەزراوەی سەربازیی ئەمریکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە.
هەروەها تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە چەندین دامەزراوەی سەربازیی ئەمریکی زیانیان بەرکەوتووە یان وێران بوون، لە نێویاندا ئامێرەکانی پەیوەندیکردن.
لە هەمان کاتدا، ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریکی لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە ئاماژەی بەوە داوە، کە نیگەرانییەکی گەورە لەناو وەزارەتی جەنگی ئەمریکا پێنتاگۆن و لە نێوان ئەندامانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکادا هەیە لەوەی ململانێکان لەگەڵ ئێران لە کۆنترۆڵ دەربچێت.
بەپێی ڕۆژنامەکە، فەرماندە سەربازییەکان نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە لە بەردەوامبوونی شەڕەکە بۆ چەند هەفتەیەک، چونکە ئەمەش فشارەکان لەسەر کۆگاکانی (یەدەگەکانی) بەرگریی ئاسمانی زیاد دەکات.