
رێگای كوردستان
لە پەرەسەندنێکی نوێدا لە دۆخی گرژییە سەربازییەکانی نێوان تاران و واشنتن، فەرماندەی سوپای ئێران، ئەمیر حاتەمی، ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی ڕووبەڕووی هەر هەوڵێک دەبێتەوە کە بیەوێت زیان بە ئاسایش و سەقامگیریی ئێران بگەیەنێت.
لە لێدوانێکدا کە بۆ میدیا فەرمییەکانی وڵاتەکەی داوە، ئەمیر حاتەمی جەختيكردەوە کە سوپای ئێران لەسەر پەیمانی خۆی بۆ گەلەکەی بەردەوامە و تا دوا هەناسە بەرگری لە کۆماری ئیسلامی، خاکی پیرۆزی ئێران و سەربەخۆیی وڵات دەکات لە بەرامبەر هەر دەستدرێژیکارێکدا.
فەرماندەی سوپای ئێران لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە توانای بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی کرد و وتویەتی: "ئاسمانی ئێران گۆڕەپانی پاڵەوانێتی ئەو پیاوانەیە کە گیانی خۆیان بەخت کردووە و کردوویانە بە فیدای نیشتمان."
هاتنی ئەم هەڕەشە و هۆشدارییانەی تاران لە کاتێکدایە کە ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بە شێوەیەکی بەرچاو رووی لە زیادبوون کردووە و هەردوولا هەڕەشەی سەربازیی توند ئاڕاستەی یەکتر دەکەن. هاوکات تاران جەخت لەوە دەکاتەوە کە هێزەکانی لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر ئەگەرو پەرەسەندنێکی سەربازیی نوێ کە لەلایەن واشنتنەوە ئەنجام بدرێت.
