
ڕاگەیاندنەکان بڵاویان کردەوە، عەممان بە فەرمی بە بغدادی ڕاگەیاندووە کە زانیارییان لەسەر پلانی گروپە چەکدارەکان هەیە بۆ بە ئامانج گرتنی خاکی ئوردن.
ئوردن جەختی لەوە کردووەتەوە کە لە ڕێگەی سەربازیەوە وەڵامی هەر هێرشێک دەداتەوە کە لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە ئەنجام بدرێت.
هەروەها داوای لە دەسەڵاتدارانی عێراق کردوە ڕێکاری پێویست بگرنەبەر بۆ ڕێگریکردن لە هەر هەڕەشەیەک کە سەقامگیری وڵاتەکەیان دەخاتە مەترسییەوە.
لەلایەکیترەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ کەناڵی ئەلعربیەی سعودی لە زاری سەرچاوەیەکی عێراقییەوە بڵاوی کردەوە، سوریا حکومەتی عێراقی ئاگادار کردووەتەوە لە دەستنیشانکردنی جووڵەی گروپە چەکدارەکان، لە نزیک سنورەکانی نێوان هەردوو وڵات.
سەرچاوەکە جەختی لەوە کردەوە کە سوریا پەیوەندی بە بەرپرسانی عێراقیەوە کردووە بۆ گەیاندنی هۆشدارییەکە بە شێوەی ڕاستەوخۆ، ئاماژەی بەوەش دا که سوریا بە حکومەتی عێراقی ڕاگەیاندووە هەر هێرشێک لە خاکی عێراقەوە بکرێتە سەر سوریا، بێ وەڵام تێناپەڕێت.
