
ئه‌م نووسینه، به‌ر له‌وه‌ی وه‌ڵامێك بێت بۆ بابه‌تێكی شارا تاهیر له سایتی "ئازادبوون"، بیانوویه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی كه‌مێك له‌سه‌ر ده‌روونشیكاری و مرۆی كورد بوه‌ستین. وه‌كچۆن، ئه‌و یاداشته‌شم له‌سه‌ر كلیپه‌كه‌ی سه‌نا به‌رزنجی، هه‌ر بیانوویه‌ك بوو بۆ ورووژاندنی پرسی ئۆدیب. له‌كۆدا بابه‌ته‌كه‌ی شارا خان وه‌رده‌گرم و سه‌رنجه‌كانی خۆم ده‌نووسم. جیاوازیی ڕوونی من له‌م نووسینه‌دا، وا ناكات بڵێم: شارا قه‌ڵه‌مێكی ژنانه‌یه كه لێره‌وله‌وێ هه‌وڵی جۆراوجۆری نووسین و وه‌رگێڕانی هه‌یه. جیاوازییه‌كه لێره‌دا ڕووه‌و یه‌ك نووسه‌ر نییه، به‌ڵكو ڕووه‌و كۆمه‌ڵێك كێشه و ته‌نگژه و باسی ناو ڕۆشنبیریی كوردی و كۆمه‌ڵگای كوردییه. نووسینه‌كه‌ی شارا، ده‌رفه‌تێكه هه‌ندێك سه‌ره‌قه‌ڵه‌م له‌مه‌ڕ ئه‌و كێشانه بخه‌ینه‌ڕوو.
من له‌و نووسینه‌ی "ڕێگای كوردستان"دا ویستم ناو له حاڵه‌تێك بنێم كه ڕوویه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیی وه‌رگرتبوو. وێڕای ئه‌مه‌ش، ناونان ساده‌یی نییه؛ به‌ڵكو وه‌ڵامدانه‌وه‌ی واقیعه. واته واقیع ماده‌یه‌كی خاوت ده‌داتێ، تۆ وه‌ك نوسه‌ر فۆرمی ده‌ده‌یتێ. ناونان، به‌رهه‌می لێكدانی ئه‌م ماده ده‌ره‌كییه و ئه‌و فۆرمپێدانه ناوه‌كییه‌یه. گوایه مایكڵ ئانجیلۆی خاوه‌نی په‌یكه‌ری داود وتوویه: "داود پێشتر له هه‌ناوی ئه‌و به‌رده‌دا دیل بوو، من ته‌نیا له‌ت و چینه زیاده‌كانیم تاشی بۆ ئه‌وه‌ی ئازاد ببێت". په‌یكه‌ری داود، گشتی زاده‌ی ئانجیلۆی په‌یكه‌رتاش نییه به‌ڵكو ئه‌و فۆرمی به‌و ماده‌یه داوه كه پێشوه‌خت له واقیعدا خۆی هه‌یه. پێموایه ئه‌مه یه‌كێكه له ستراتیژه سه‌ره‌كییه‌كانی نووسینیش به‌گشتی، كه له‌ڕێی ناوێك یاخۆ پۆڵێنێكه‌وه ده‌ست وه‌رده‌ده‌یته ئه‌و شته‌ی كه خۆی تا «نیوه» هه‌یه و هاتووه.
هه‌ر سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كام نووسین ساده‌یه و كامیش ساده نییه، ڕاستییه‌كی سه‌ره‌تایی هه‌یه كه پێموایه هه‌موو نووسه‌رێك به ئه‌زموون پێیدا تێده‌په‌ڕێت. مرۆڤ به‌گشتی سه‌ره‌تا ساده ده‌نووسێت، پاشان تووشی ئاڵۆزی، پێچه‌ڵپێچ، وردكردنه‌وه و زۆرجاریش ته‌مومژ دێت؛ به‌ڵام كه قه‌ڵه‌می زیاتر چه‌رخاند ئیتر ده‌گاته‌وه به جۆرێك له ساده‌یی و ڕوونی كه ده‌توانین پێی‌بڵێین "ساده‌یی نێوانگریكراو". واته ئه‌و ساده‌ییه‌ی كه به نێوانگریی ئاڵۆزییدا هاتووه، به‌ناو هه‌ڵبه‌زودابه‌زدا تێپه‌ڕیوه؛ به‌ڵام جارێكی تر گه‌یشتووه‌ته‌وه به هه‌ندێك ده‌ره‌نجام كه ته‌نیا له نیگای یه‌كه‌مدا ساده‌ن ئه‌گینا ساده‌ییه‌كی تۆكمه‌ن، ڕوونییه‌كی ئاوسن به ورده‌كاری. له‌م ڕووه‌وه نووسینی كوردی به‌گشتی له ئاستی یه‌كه‌م و دووه‌مدا گیریخواردووه. یان ساده‌یه‌كی بێ‌نێوانگر و ساكاره، یان ته‌مومژێكه نه‌په‌ڕیوه‌ته‌وه بۆ ڕوونی و ده‌ره‌نجامی ڕوون. واته نه‌په‌ڕیوه‌ته‌وه بۆ بینینی واقیع له وێنه گه‌وره و گشتییه‌كه‌یدا، و له‌بری كۆكردنه‌وه‌ی به‌شه‌كان، له "به‌شی بێ‌گشت"دا قه‌تیس‌بووه. بۆ ڕزگاربوون له‌م گرفته، چارمان نییه ئه‌وه نه‌بێت تیۆره‌كان به‌شی خۆمان هه‌رس بكه‌ین و له‌گه‌ڵ جووڵه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی كۆمه‌ڵگەكه‌دا بیخه‌ینه كارلێكه‌وه. له ئاكامیشدا، هه‌ر نووسینێك دیدی خوێنه‌ری له‌مه‌ڕ پرسێك ڕوون نه‌كرده‌وه، به ئه‌گه‌ری زۆر خه‌له‌ل له‌و نووسینه خۆیدا هه‌یه. كه‌سێك خۆی وێنه‌یه‌كی ڕوونی له‌مه‌ڕ ئایدیایه‌ك هه‌بێت، ده‌شتوانێت هه‌مان وێنه‌ی ڕوون بۆ خوێنه‌ر بگوێزێته‌وه.
هه‌ر سه‌باره‌ت به ناونانه‌كه:
شارا له درێژه‌ی نوسینه‌كه‌یدا، پێی‌وایه من وتوومه ئه‌وه‌ی كلیپه‌كه «ئۆدیب نیه، نیوه-ئۆدیبه«. ئاشكرایه من به زمانێكی ڕوون وتوومه ئه‌وه كۆمه‌ڵگایه تا نیوه‌ی ئۆدیب هاتووه و نه‌یتوانیوه له‌وه زیاتر بڕوات، واته هه‌م نه‌گه‌یشتووه به ئاگایی ته‌واوه‌تی، هه‌م نه‌شیویستووه ته‌واو ناوی لێ بنێت و له نیوه‌دا ماوه‌ته‌وه. ڕسته‌ی یه‌كه‌می نووسینه‌كه‌ی من، كه باسی «سه‌رسنوری زه‌ینی كوردی» ده‌كه‌م، له‌سه‌ره‌تاوه مه‌به‌سته‌كه‌م ده‌گه‌یه‌نێت. گرێی ئۆدیب نه‌هاتووه‌ته ناو ئاگایی گشتیی كۆمه‌ڵگاوه و پێش ئه‌وه‌ش له پانتاییه ڕۆشنبیرییه‌كه‌دا هه‌ر نیوه‌ناچڵ ماوه‌ته‌وه. مه‌به‌ستی من له نیوه، په‌یوه‌ندیی "نیوه‌ناچڵ"ـی خه‌ڵك و نوخبه‌شه به گرێكه‌وه. گه‌رنا، چ مانایه‌كی هه‌یه مرۆڤ بڵێت "ئۆدیبه‌كه نیوه‌یه؟". «نیوه« وشه‌یه‌كی نیمچه-ته‌نزی منه بۆ ئه‌و دۆخه‌ی كه دۆخه باوه‌كه تا نیوه هاتووه، ئه‌گینا شتێكمان نییه ناوی "نیوه-ئۆدیب" بێت: له ده‌روونشیكاری دا، ئۆدیب گرێیه‌كی ته‌واوه‌تی و بونیادیی مرۆڤایه‌تییه و چالاكییه‌كانی تری كۆمه‌ڵگای لێوه ده‌ئافرێت. دیسان شارا به‌سه‌ر ئه‌م خاڵه ساده‌یه‌شدا تێپه‌ڕیوه و له جارێك زیاتر ده‌ڵێت «جه‌سته و زمان و كۆمه‌ڵگا له ئۆدیب جیان...». یانی چۆن جیان؟ كاتێك گرێی ئۆدیب، بنكی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی بێت، و مرۆڤ هه‌ڵبدات بۆ ناو زمان و پانتایی ڕه‌مزی، ئیدی چۆنچۆنی جیان؟ مرۆڤ له قۆناغی ئۆدیبه‌وه (مناڵی)، ده‌په‌ڕێته‌وه بۆ قۆناغی گه‌وره‌یی كه ده‌زگا و یاسا و ئاكار (ناو-ی-باوك) جێی باوكه كه‌سییه‌كه ده‌گرێته‌وه، زمان جێی ئاره‌زووكردنی ڕاسته‌وخۆی مناڵی ده‌گرێته‌وه، ژنانی تر جێی دایك ده‌گرنه‌وه و قۆناغی ئۆدیب له گه‌وره‌ییدا به‌شی خۆی "له-سێكسوالیته-ده‌خرێت". ئاشكرایه ئه‌م دابڕینه‌ی قۆناغی ئۆدیب له پانتایی كۆمه‌ڵایه‌تی، په‌یوه‌ندییه‌كی ئه‌وتۆی به فیكری دۆڵۆز و گویتارییشه‌وه نییه. پتر به‌رهه‌می ئه‌و گرفتانه‌یه كه زه‌ینی كوردی له‌گه‌ڵ تیۆریزه‌دا هه‌یه‌تی.
ته‌وه‌ری «كاتێك وێنه‌كه له ناوه‌كه‌دا جێی نابێته‌وه»، مانایه‌كی زۆر ڕوونی نییه. نووسه‌ر خۆی ده‌ڵێت «خێزان هه‌یه»، پاشان ده‌پرسێت «گه‌ر كچ كچ بێت و باوكیش باوك، ئیتر بۆ گرژی درووستده‌بێت؟»، دواتر به‌گومانه‌وه ده‌ڵێت «ڕه‌نگه زیاده‌یه‌ك هه‌بێت». ئه‌مه ده‌یسه‌لمێنێت كه نووسه‌ری بابه‌ت، ئایدیاكه‌ی لا گه‌ڵاڵه نه‌بووه. هه‌ركاتێك ئایدیا گه‌ڵاڵه نه‌بوو، مرۆڤ تووشی نایه‌كانگیریی زه‌ینی دێت. گه‌ر خێزان هه‌بێت، واته ئۆدیب ڕاستییه‌كه. گه‌ر كچ و باوكیش هه‌بێت، دیسان واته خێزان و ئۆدیبیش هه‌یه. مه‌سه‌له‌ی زیاده‌كه‌ش، لێره‌دا خزمه‌ت به خوێندنه‌وه‌ی دیارده‌كان ناكات. مرۆڤ ده‌بێت به‌شی سه‌ره‌كیی دیارده‌یه‌ك ببینێت و حوكمی له‌سه‌ر بدات، ئه‌وجا خه‌می ئه‌و زیاده‌یه‌ی هه‌بێت كه ناگیرێت. به‌تایبه‌ت له واقیعی كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌لتوریی ئێمه‌دا كه هێشتان شته سه‌ره‌كییه‌كان یه‌كلا نین، چه‌مكه سه‌ره‌كییه‌كان ڕوون نه‌بوونه‌ته‌وه، و زۆرجار پشێوییه‌كی تری ده‌خه‌ینه‌سه‌ر. كورد وته‌نی، با جارێ خۆی بگرین، ئه‌وجا خوا كه‌ریمه بۆ سێبه‌ره‌كه‌ی.
وێڕای ئه‌مه‌ش، پێموایه هه‌ستی كۆمه‌ڵگە له ئاسته گشتییه‌كه‌یدا درۆناكات. كۆمه‌ڵگا، بریتییه له ژماره‌یه‌كی زۆر ئه‌زموون، داوه‌ری، په‌رچه‌كردار، و پێوه‌ری مێژوویی كه له هه‌وانته درووستنابێت (له فه‌لسه‌فه‌ی هیگڵدا به‌مه ده‌وترێت ڕۆحی قه‌وم یان خه‌ڵك). كۆمه‌ڵگەش وه‌ك تاك، گرێ، چه‌پێنراو، تراوما، سه‌مپتۆمی خۆی هه‌یه. ده‌شێت بیكردنه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ دۆخی باڵاده‌ستی كۆمه‌ڵگەدا نه‌گونجێت، به‌ڵام ده‌توانین په‌رچه‌كردا‌ره‌كانی بخوێنینه‌وه. كۆمه‌ڵگە، درۆ و هه‌وانته نییه؛ وه‌كچۆن په‌ندی پێشینان، شتێكی هه‌وانته نییه و زۆرجار له پێشی ئه‌و تیۆریزانه‌وه‌یه كه خوێنده‌واری كورد ده‌یكات. له په‌ندی پێشیناندا، ژماره‌یه‌ك یاسا و ڕێسای ئه‌زموونییمان هه‌یه كه مرۆڤه‌كان پشتاوپشت په‌ستاندوویانه‌ته ناو وته‌یه‌ك یان ڕسته‌یه‌ك. په‌ندی پێشنیان ڕاسته‌وخۆ فه‌لسه‌فه نییه، به‌ڵام قسه‌ی پووچیش نییه. په‌ند، بووه‌ته به‌شێك له‌و شته‌ی كه پێی‌ده‌وترێت "ئه‌ویتری گه‌وره"ـی كه‌لتور. ڕای خه‌ڵك، په‌ند، كڵێشه‌كان و هتد گشتیان مه‌تریاڵن. بیركردنه‌وه ئه‌وده‌م ده‌ستپێده‌كات كه بنكێكی مادی و واقیعیی هه‌بێت پێی له‌سه‌ر دابنێت. نه‌ك هه‌رچی مه‌تریاڵ و فاكته، ببرێته‌وه بۆ پله‌ی سفری "ناو-نه‌نان". له دونیای فیكردا به‌شێوه‌یه‌كی تاڕاده‌یه‌ك مه‌جازی به‌مه ده‌وترێت ئایدیالیزم، واقیع له ماده پاكده‌كه‌یته‌وه و كورتیده‌كه‌یته‌وه بۆ دۆخێكی زه‌ینیی ڕووت. له‌م حاڵه‌ته‌دا، كاردانه‌وه‌ی خه‌ڵك تا ئه‌و جێیه ڕۆیشت كه له گرێكه نزیكبێته‌وه به‌ڵام ئیشی ئه‌و نییه تێی بگات و دانی پیا بنێت .
بۆیه نووسینه‌كه‌ی شارا، ده‌یه‌وێت بڵێت ده‌روونشیكاری لێره‌دا مافی دوو شت نادات: ناونان و كێشه‌ی ئاره‌زوو. ئاشكرایه لێره‌دا له‌به‌رده‌م دوو نه‌ریتداین، ده‌روونشیكاری و درزشیكاریی دۆڵۆز و گویتاری. دۆڵۆز و گویتاری، له‌پاڵ زۆر هه‌وڵی تردا، ده‌چنه ناو ڕه‌خنه و گفتوگۆیه‌كی ڕه‌خنه‌ییه‌وه له‌گه‌ڵ ده‌روونشیكاری دا. به‌ڵام هه‌ر له ڕۆشنبیریی فه‌ڕه‌نسی دا، ژاك لاكان هه‌یه كه په‌ره‌ی زیاتر به ده‌روونشیكاری ده‌دات و تا هه‌ندێك ئاستی زۆر نوخبه‌یی ڕایده‌كێشێت. به‌ڵام له‌م نێوانه‌دا، ده‌روونشیكاریی فرۆید هێشتا ناسراوتر و فراوانتره؛ چونكه له یه‌ك كاتدا بۆ نوخبه و بۆ گشتینه‌ی خه‌ڵكیش هه‌ر سه‌ڕنجڕاكێش و بگره مایه‌ی تێگه‌یشتنه. هۆكاری ئه‌مه‌ش، بۆ ئه‌و خاڵه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه كه فرۆید وه‌ك "زه‌رووره‌تێكی مێژوویی"، كۆمه‌ڵێك فاكتی بنه‌ڕه‌تی ده‌رباره‌ی ژیانی ده‌روونیی مرۆڤ ده‌خاته‌ڕوو كه نوخبه و عاممه‌ی خه‌ڵكیش ڕاده‌گرێت. ئه‌م جومگه مێژووییانه، به‌ر له‌وه‌ی ته‌نیا گوزارشت له یه‌ك كه‌س بكه‌ن (بۆ نمونه لێره‌دا فرۆید)، ئه‌وا گوزارشت له ته‌قینه‌وه‌یه‌كی مێژوویی ده‌كه‌ن كه قۆناغێك پێشكه‌شی مرۆڤایه‌تیی ده‌كات. به‌م مانایه، ئێمه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ یه‌ك ناو و یه‌ك كه‌سدا ناكه‌ین؛ به‌ڵكو مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ به‌شێكی جیهاندا ده‌كه‌ین كه له‌ڕێی كه‌سێكه‌وه دێته‌گۆ. هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی پێشتر هیگڵ و ئه‌مڕۆش ژان‌لووك نانسی ده‌یڵێن: جیهان له‌ڕێی بیرمه‌ندێكه‌وه دێته‌قسه. ڕیزبه‌ندییه‌ك له مێژووی بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤدا هه‌یه كه له بنی جیهانیشدا نیشتووه.
پاشان، یه‌ك له‌و پرسانه‌ی دێته ڕێی ڕۆشنبیری كورد، ئه‌وه‌یه ئاخۆ كێشه سه‌ره‌كییه‌كان كامه‌ن. یان با بڵێین، كێشه‌ی سه‌ره‌كی و لاوه‌كی چۆن جیابكه‌ینه‌وه. ئاخۆ له‌م ساته‌وه‌خته‌ی ئێستادا، ده‌روونی مرۆی كورد چۆنچۆنی ئیشده‌كات؟ گرێ و ته‌نگژه‌كانی چین؟ ئاخۆ شتێك خه‌مڵیوه به‌ناوی "كێشه‌ی ده‌روون"؟ ئایا ناومان له‌و بڕه مه‌تریاڵه ناوه كه كه‌متاكوت ڕووده‌ده‌ن؟ ئایا فیكر به‌گشتی و ده‌روونشیكاری به‌تایبه‌ت، تا چه‌ند ده‌توانێت "گوتاری ده‌روونی" له ده‌ستی دیارده ده‌روونناسییه ساكاره‌كان ڕزگاربكات و تیۆرییتر بیریان لێ بكاته‌وه؟ ئه‌مانه و چه‌ندین پرسیاری میتۆدیی تر، ناچارمانده‌كه‌ن بیر له‌وه بكه‌ینه‌وه چۆن سه‌ره‌تا كێشه سه‌ره‌كی و تراوماییه‌كان پۆڵێن بكه‌ین، ئه‌وجا بپه‌رژێینه سه‌ر ڕاڤه و دیدی تر. زۆرجار ڕاڤه‌ی تر، شته‌كان لێڵ ده‌كات وه‌ك ڕوونی بكاته‌وه. ناهێڵێت ناوكی دیارده‌كان ببینین، و بگره جاروبار ده‌شبێته ڕێگه‌یه‌ك بۆ هه‌ڵهاتن له ناوكه تراوماییه‌كه.
وه‌كو خۆم چێژ له فیكری دۆڵۆز و گویتاری و زۆر بیرمه‌ندی تری پۆستمۆدێرنیش وه‌رده‌گرم و ده‌شیانخوێنمه‌وه، به‌ڵام پێموایه دۆخی مێژوویی و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیی ئێمه گیرۆده‌ی كێشه سه‌ره‌كییه‌كانه. هێشتا خێزانی كوردی، نه‌خراوه‌ته به‌ر شاچه‌مكێكی تراومایی وه‌ك "گرێی ئۆدیب". گه‌ر قسه‌یه‌كیشی لێ كرابێت، پتر له‌ڕووی لۆژیكی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه بووه نه‌ك لۆژیكی ده‌روونی. له‌به‌ر ئه‌مه‌شه ڕۆمانی "حه‌سار و سه‌گه‌كانی باوكم"، زیاتر سه‌ر به لۆژیكی كۆمه‌ڵایه‌تییه نه‌ك ده‌روونی. هه‌تا چه‌مكگه‌لی وه‌ك "خه‌ساندن" له ده‌روونشیكاری دا، هه‌ر به‌و خه‌ساندنه كۆمه‌ڵایه‌تییه وه‌رده‌گرین كه گونی نێرینه‌یه‌ك ده‌ردێنین. جۆرێك له پۆزه‌تیڤیته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی كه ڕاسته‌وخۆ و فیزیكییه؛ له‌كاتێكدا به‌پێی لۆژیكی ده‌روونی، خه‌ساندن جۆره ترس و دڵه‌ڕاوكێیه‌كی نه‌سته‌كییه بۆ له‌ده‌ستدانی شتێك؛ كه ده‌روونشیكاره تازه‌كان ده‌ڵێن هێند ترسێكی فه‌نتازییه كه قه‌ت ڕووینه‌داوه (به‌ڵام ڕووداوه ده‌روونییه‌كانیش درووستده‌كات). ژنیش ده‌خه‌سێت، به‌ڵام ئه‌و ده‌مه‌ی مه‌عشووق له‌ده‌ستده‌دات. به‌كورتی، مه‌به‌ستم له لۆژیكی ده‌روونی، ژێرخانی به‌رایی ده‌روونه كه هێشتا نه‌هاتووه‌ته‌وه ناو كۆمه‌ڵگەوه (هه‌تا كه دێته ناو كۆمه‌ڵگەوه و ڕه‌هه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تییشی ده‌چێته‌سه‌ر، هه‌ر وه‌ك بونیادێكی ژێره‌وانكێ ده‌مێنێته‌وه). هۆكاری تێكه‌ڵكردنه‌كه‌ش ڕوونه: نه‌ریت و دین و سیاسه‌تی كوردی تێكڕا خۆیان له‌و پرسانه لاده‌ده‌ن. به‌شێكی ئاگایانه‌یه، به‌شێكیشی نه‌سته‌كی و نائاگایانه‌یه (وه‌ك كێشه‌ی ئۆدیب). گرێی ئۆدیب، پرسێكه په‌یوه‌ندیی به كه‌سایه‌تیی مرۆڤ، سێكسوالیته، له‌ش، ئاره‌زوو، عه‌شق، درووستبوونی كۆمه‌ڵگە، هاوسه‌رگیری، یاسا، گوناهـ، و زۆر شتی دیكه‌وه هه‌یه. له خۆرئاوای لانكه‌ی چه‌مكه‌كه، تا ئه‌مڕۆش له سه‌ری ده‌نووسرێت و له به‌ره‌كه‌ته كه‌لتوورییه‌كه‌ی سودمه‌ندن. گه‌رچی ده‌روونشیكاریی فرۆید و لاكان، كه‌وتوونه‌ته به‌رده‌م هێرشی ده‌روونناسیگه‌لێك كه ساكارترن و زاده‌ی بازاڕ و ڕۆژه‌ڤن. به‌ڵام زانستێكیشه له ناواخنی مێژوودا تۆماربووه و كۆمه‌ڵگەكانی تر ناچارده‌كات خۆیانی پێ بخوێننه‌وه. له په‌یوه‌ندی دا به‌م باسه‌شه‌وه، ئێمه گیرۆده‌ی كێشه‌كانی مۆدێرنه‌ین نه‌ك پۆستمۆدێرنه (كه ده‌روونشیكاری زانستێكی ته‌واو مۆدێرنه). ئه‌و ده‌مه‌شی باسی پۆستمۆدێرنه ده‌كه‌ین، ده‌شێت هه‌ر ڕۆڵێكی مۆدێرن بگێڕێت؛ به‌و مه‌رجه‌ی بۆ خۆلادان نه‌بێت له تراوما مۆدێرنه‌كان. ناكرێت مرۆ شتێك هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه كه هێشتا نییه و ناوێكی به‌رجه‌سته‌ی لێ نه‌نراوه.
***
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئاره‌زوو له ده‌روونشیكاری دا چییه و چه‌ند ڕزگاریی پێیه، تووشی به‌راوردێكمان ده‌كات له‌گه‌ڵ فیكری دۆڵۆز و گویتاری دا. بۆ ئه‌مه‌ش دیسان ده‌ڵێین، كه پێویسته سه‌ره‌تا بزانین ئاره‌زووی مرۆڤ خۆی چییه، وه‌ك تاك چییه، بۆچی نوقسانه، له‌كوێدا تووشی تراوما دێت و هتد. گه‌ر وا نه‌كه‌ین، كێشه‌ی ئاره‌زوو به‌هه‌ند وه‌رناگرین. گه‌ر بڵێین هه‌موو بوون ئاره‌زووه، خه‌ریكی گشتاندنین؛ و ئاره‌زوو ده‌بێته كلیلێك بۆ كردنه‌وه‌ی هه‌موو ده‌رگاكان (نه‌ك گرێی ئۆدیب). له ئۆدیبدا، ئێمه واقیعێكی مرۆیی ڕه‌چاوده‌كه‌ین كه ئه‌م گیانه‌وه‌ره هه‌ڵكه‌وته له ته‌مه‌نێكی ناسك و زوودا تووشی ده‌بێت و پاشان چاره‌نووسه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی دیاریده‌كات. سه‌ره‌تای ژیانی مرۆڤ، به‌و چه‌مكانه كۆتاییدێت كه سه‌ر به نێگه‌تیڤیته (negativity)ن، واته چه‌مكگه‌لی پێچه‌وانه‌ی پڕێتی و پۆزه‌تیڤیته. بۆ نموونه، نوقسانی، شكست، ناكامی، خه‌سان، له‌ده‌ستدان، چه‌پاندن و هتد له زاراوه ده‌روونییه‌كانن كه دواتر ده‌بنه به‌شێك له پانتایی كۆمه‌ڵایه‌تییش. یه‌ك ساته‌وه‌ختی بچووك له پڕێتی و پۆزه‌تیڤیته له ژیانی ساوادا هه‌یه كه پێی ده‌وترێت "قۆناغی پێش‌ئۆدیبی". له‌م قۆناغه‌دا، ساوا هه‌ست به نوقسانییه‌كی ئاگایانه ناكات. ژیژه‌ك ده‌ڵێت، دۆڵۆز و گویتاری زه‌حمه‌تێكی زۆریان كێشاوه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و شته بسه‌لمێنن كه پێشوه‌خت له فرۆید خۆیدا هه‌یه. وه‌كچۆن له پرسی ئاره‌زووشدا، ماشێنی ئاره‌زوو (desire) ده‌خه‌نه جێی پاڵنه‌ر (drive)؛ و پێشوه‌خت پاڵنه‌ر لای لاكان ئه‌و ماشێنه‌یه كه تێرنابێت. مێژووش سه‌لماندوویه كه به‌ئاره‌زووكردنی هه‌موو شت، ئاره‌زووی پڕ و خۆبه‌رهه‌مهێن، شتێكه پێی‌ده‌وترێت سه‌رمایه‌داری دوایین (یان نیولیبراڵیزم). نوسخه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی دۆڵۆز و گویتاری، به‌و سیسته‌مه كۆتاییدێت كه له هه‌موو پنتێكه‌وه فیچقه‌ده‌كات و ئاره‌زوو ده‌نوێنێت. له كاتێكدا له ده‌روونشیكاری دا، به‌ره‌نگارییه‌ك هه‌یه و چه‌مكه نه‌فیكاره‌كان ده‌توانن پچڕانێك بهێڵنه‌وه. به‌ڵام ڕه‌نگه له‌وانه گرنگتر، ئه‌وه بێت كه كێشه‌ی ئاره‌زوو بۆ مرۆی كورد چ ڕزگارییه‌كی پێیه.
پێموایه ده‌بێت به‌ڕوونی ناو له ئاره‌زوو بنرێت، ئیدی ئه‌و ئاره‌زووه بكه‌وێته هه‌ر كوێی گرێی ئۆدیبه‌وه. گرێی ئۆدیب، ته‌نیا په‌یوه‌ندیی كچ و دایك یان كچ و باوك نییه، وه‌كچۆن ته‌نیا په‌یوه‌ندیی كوڕ و باوك یان كوڕ و دایك نییه. گرێی ئۆدیب، ژماره‌یه‌كی زۆر په‌یوه‌ندیی ئاڵۆز و ئاوه‌ژووشه له نێوان خوشك و برا به دایبابه‌وه. به‌پێی لۆژیكی ده‌روون، هه‌موو په‌یوه‌ندییه مرۆیی و عاشقانه‌كانی دواتری مرۆڤ له ڕه‌هه‌ندێكه‌وه ده‌لكێته‌وه به‌و په‌یوه‌ندییه پێكداچووه‌ی قۆناغی ئۆدیبه‌وه. بۆ نموونه، ئه‌و ژنه نه‌خۆشه‌ی وا له‌گه‌ڵ براكه‌یدا تووشی هاوشوناسی هاتبوو بۆ ئه‌وه‌ی ڕۆڵی كوڕێكی گه‌نج و دڵخواز بۆ باوكی بگێڕێت. یان ئه‌و ده‌مه‌ی كچۆڵه ده‌یه‌وێت ببێته هاوسه‌ری باوكی، بۆ ئه‌وه‌ی تۆڵه‌ی فالووس له دایكی بكاته‌وه. یان فڵانه كوڕ و كچ ناتوانن هاوسه‌رگیری بكه‌ن، چونكه ڕه‌هه‌ندێكی ئۆدیبه‌كه‌یان هه‌رسنه‌بووه. له لۆژیكی ده‌رووندا ئه‌م پێكداچوونه ئۆدیبییانه زۆرن، كه له پانتایی كۆمه‌ڵایه‌تی دا پێویستی به تێگه‌یشتن و داڕشتنه‌وه‌وه هه‌یه. خۆناسین، كه زۆرجار وه‌ك زاراوه‌یه‌كی هزری به‌كاردێت؛ له ده‌روونشیكاری دا هه‌ر خۆناسینی ئۆدیبییانه‌ی مرۆڤ خۆیه‌تی. ده‌بێت بزانیت په‌یوه‌ندییت به قۆناغی ئۆدیبه‌وه چۆنه، تا بزانیت تۆ كێیت و چ بوونه‌وه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تییت لێ ده‌رده‌چێت. ئه‌مه خۆی سه‌ره‌تای جۆرێك ڕزگارییه بۆ مرۆی كورد به ژن و پیاوه‌وه. خۆلادان له‌م ڕه‌هه‌ندانه‌ی ئۆدیب، و گۆڕینی ئاره‌زوو بۆ شتێكی ناونه‌نراو، ڕێگه‌یه‌كی "خه‌یاڵی"یه بۆ خۆلادان له شتێكی واقیعی و تراومایی. بیركردنه‌وه له لیبیدۆی كوردی، هه‌وڵێكه بۆ تێگه‌یشتن له تراوما و ته‌نگژه كه‌سییه‌كانمان تا ده‌گاته تراوما كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌سته‌جه‌معییه‌كان.
تێبینی: نوسینه‌كه‌ی شارا تاهیر له سایتی "ئازادبوون" به‌رده‌سته. ئه‌م بابه‌ته‌ش له كۆدا به‌شێكه له زنجیره‌یه‌ك بابه‌تی په‌یوه‌ست كه ناوه‌ناوه له ڕێگای كوردستان بڵاوده‌كرێته‌وه (نووسه‌ر).
