
هیوا عومەر
بەشی دووەم و كۆتایی
لە بەشی یەكەمدا، جەختمان لەسەر ئەوە كردەوە كە هۆشیاریی ڕەخنەیی تەنیا هەڵوێستێكی نەرێیانە نییە، بەڵكو پرۆسەیەكی فیكریی ڕیشەییە بۆ تێگەیشتن لە واقیع و گۆڕینی. باسمان لەوە كرد كە ماركسیزم لە بنەڕەتدا "تیۆریی ڕەخنە"یە، بەڵام كاتێك ڕەخنە لە ناو بزووتنەوە سۆسیالیستییەكاندا (بۆ نموونە لە ئەزموونی سۆڤیەت) كرا بە قوربانی و وەك دژەشۆڕش سەیر كرا، سیستەمەكە تووشی چەقین و داڕمان هات. دەرەنجامی بەشی یەكەم ئەوە بوو: بێ ڕەخنە و خۆڕەخنەگری، هیچ بزاڤێكی شۆڕشگێڕ ناتوانێت لە ژیاندا بمێنێتەوە.
لەو كاتەی لە بەشی یەكەمدا گرنگیی "ڕەخنە"مان وەك پێداویستییەكی مێژوویی باسكرد، هەندێك بابەت هاتە پێشەوە بەناوی ڕەخنەوە بووە بیانووەیەك بەشی دووەمیش بنووسین و درك بەوە بكەین ڕووبەڕووی تەحەدایەكی تازە دەبینەوە: لە سەردەمی سۆشیال میدیا و لافاوی زانیاریی زیریی دەستكرد، ئەویش چۆن ناسنامەمان بۆ بنیات دەنرێت لە كاتێكا ئەمڕۆ سەرچاوەیەكی دەرەكی وەك ژیریی دەستكرد لە جێگەی ئێمە مانای پێ دەدات. پێشتر مرۆڤ لەڕێگەی خودێتی خۆیەوە سنوورەكانی ناسنامەی خۆی بەرهەمدەهێنایەوە و میكانزمەكانی بیركردنەوە و گومانی لەناوخۆیدا چالاك دەكرد، ئەمڕۆ بیركردنەوە چۆتە شوێنێكی تر!
لە لایەكی ترەوە، ئەگەر لە ڕابردوودا كێشەی بزاڤە سۆسیالیستەكان جۆرێك خەفەكردنی دەنگی ڕەخنە بووبێت، ئەوا ئەمڕۆ كێشەكە بریتییە لە شێواندنی مانا و ڕوحی ڕەخنە و گۆڕینی بۆ ڕقێكی شەخسی كە لە جێگەی بونیادنان، وێرانكاری و بێهودەیی بەرهەم دەهێنێت.
لە بەشی یەكەمدا تیۆری و مێژوومان باس كرد، لە بەشی دووەمدا واقیع و پراكتیك باس دەكەین. لە بەشی یەكەمدا باسی نەبوونی ڕەخنەمان كرد، لە بەشی دووەمدا باسی خراپ بەكارهێنانی ڕەخنە و ئاستەنگەكانی بەردەم بیركردنەوە دەكەین. لە بەشی یەكەمدا باسمان لەوە كرد كە ڕەخنە بۆ گۆڕینی "سیستم"ـە، لە بەشی دووەمدا باس لەوە دەكەین كە چۆن ئەمڕۆ ڕەخنە دابەزیوە بۆ ئاستی جنێو و شكاندنی كەسەكە.
لە سەردەمی زانیاریی زۆر و دروستكردنی ناسنامەدا، مرۆی ئەمڕۆ لەناو لافاوێكی زانیاریدا دەژی كە زۆرجار مەبەست لێی نەك هۆشیاركردنەوە، بەڵكو سڕكردنی مێشكە. زانیارییەكان بە جۆرێك داڕێژراون و ئاراستە دەكرێن كات بە مرۆڤ نادەن بۆ بیركردنەوە.
لێرەدا، زانیاری بەبێ كۆنتێكستی سیاسی و مێژوویی تەنیا دەبێتە بارێكی قورس. هۆشیاریی ڕەخنەیی لێرەدا وەك پالاوگەیەكی هۆشیاری فیكری كار دەكات؛ واتە كاتێك هەواڵێك دەبیستین، تەنیا وەك داتایەك وەری ناگرین، بەڵكو دەپرسین: كێ خاوەنی ئەم میدیایەیە؟ كێ سوودمەندە لە بڵاوكردنەوەی ئەم وێنەیە لەم كاتەدا؟ ئەمە پێی دەوترێت ڕوانگەیەكی سۆسیالیستی كە تێیدا ڕاستی لە پڕوپاگەندەی سیستەم جیا دەكرێتەوە.
ڕەخنە بەرهەمی بیركردنەوە و پرۆسەیەكی ئەقڵانییە و ئاراستەی سیستەم، میتۆد و ئایدیاكان دەكرێت بۆ باشتركردنیان. بەڵام ڕق و كینە دیاردەیەكی سایكۆلۆژی-دەروونیی ژەهراوییە كە ئاراستەی كەسەكان دەكرێت بۆ تێكشكاندنیان.
لە فەلسەفەی ماركسیدا، ڕەخنە چەكێكە بۆ گۆڕانكاری، بەڵام ڕق لە سۆشیال میدیادا تەنیا بەتاڵكردنەوەی غەریزەكانە. كاتێك ڕەخنە دەبێتە ڕق، خەسڵەتە "دیالەكتیكییەكەی" لەدەست دەدات و دەبێتە تیرۆری كەسایەتی، ئەمەش گەورەترین خزمەت بە سیستەمی سەرمایەداری دەكات، چونكە ماتەوزەی شۆڕشگێڕانە لە شەڕەقسەی لاوەكیدا بەفیڕۆ دەدات.
كاتێك گوتاری ڕق دەبێتە باڵادەست، جۆرێك لە نیهیلیزمی سیاسی (بێبڕوایی بە هەموو شتێك) دروست دەبێت. ئەگەر ئامانج لە ڕەخنە بۆ ڕیسواكردن و سووكایەتی بێت، مرۆڤ تووشی جۆرێك لە ئیفلیجیی كاركردن دەكات. ئینسان دەگاتە ئەو بڕوایەی كە هەموو شتێك گەندەڵە و كەسیش شایەنی متمانە نییە.
ئەم دۆخە وا دەكات هێزە چەپ و سۆسیالیستەكان نەتوانن جەماوەر لە دەوری خۆیان كۆ بكەنەوە، چونكە پێشوەختە لەناو كەشێكی پڕ لە گومان و ڕقدا نوقم كراون. ڕەخنە دەبێت هیوایەكی عەقڵانی لە پشت بێت، نەك نائومێدییەكی ڕەها.
ئەمڕۆ هێزە چەپەكان زیاتر لە هەموو كات پێویستیان بە خۆڕاچڵەكین لە چەقینی هزری هەیە. بەداخەوە، بەشێكی ئەو شتانەی بەناوی ڕەخنە لەناو بزووتنەوە چەپەكاندا دەگوزەرێت، بریتییە لە جۆرێك لە نارسسیزم؛ لە جێگەی ئەوەی ڕەخنە لە ئایدیا و ستراتیژ و تاكتیك بگرن، دەكەونە داوی شەڕی شەخسی و پاكتاوی مۆڕاڵی یەكتری. ئەمە وایكردووە هێزە چەپەكان لە ناوخۆدا پارچەپارچە بن. هۆشیاریی ڕەخنەیی لێرەدا واتە: توانای جیاكردنەوەی دوژمنی سەرەكی لە هاوڕێیەك كە جیاوازیی بیروڕامان لەگەڵیدا هەیە. لێرەدا جیاوازییەكان وەرگەڕاون بۆ ناكۆكی، كاتێكیش جیاوازی دەبێت بە ناكۆكی، ئیتر لە جێگەی گفتوگۆ و كۆبوونەوە، سەنگەرگرتن دروست دەبێت.
بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، پێویستمان بە كاركردنە لەسەر دوو ئاست:
لەسەر ئاستی كەسی: مرۆڤی هۆشیار دەبێت سنووری نێوان ڕق و كینە و ڕەخنە بزانێت هاوكات ئایدیاكان لە ئیگۆی خۆشی داببڕێت. ڕەخنە وەرگرتنیش وەك دیارییەكی مەعریفی ببینێت، نەك وەك هێرش بۆ سەر شكۆ. ئەمە پێویستی بە جۆرێك لە پەروەردەی دەروونی هەیە كە تێیدا مرۆڤ فێر دەبێت.
لەسەر ئاستی حیزبی و ڕێكخراوەیی: دەبێت دامەزراوەییكردنی ڕەخنە هەبێت. واتە ڕەخنە لەلایەك نەبێتە شەرعییەتدان بە پیرۆزكردنی دەستەی سەركردایەتی یان سزادانی ئەندام، بەڵكو ببێتە میتۆدێكی زانستی بۆ هەڵسەنگاندنی ئەدای كاركردن. دەبێت كەلتووری گفتوگۆی كراوە و ڕاشكاو جێگەی تەمێكردنی فیكری، قسەوقسەلۆك، تۆمەت هەڵبەستن و هەڵڕشتنی ڕق و كینە بگرێتەوە.
ڕەخنەگرتن و قبوڵكردنی ڕەخنە نیشانەی هێزە. ئەمەش تێگەیشتنە لەوەی ئێمە هەموومان لە پرۆسەی فێربوونی بەردەوامداین و هەڵە و ڕەخنەكانیش ڕێگایەكن بۆ فێربوون و سەركەوتن.
ئەگەر نەتوانین ئەم گۆڕانكارییە دەروونی و فیكرییە لەناو خۆماندا بكەین، ناتوانین بانگەشەی گۆڕینی نەك جیهان، بەڵكو گوندێكیش بكەین
