
رێگای کوردستان- هەولێر
لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، ١٨٩ کرێکار لە هەرێمی کوردستان و کەرکوک لە کاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە، کە زۆربەیان بەهۆی نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتی و پاراستنی شوێنی کار بووە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 2026/4/28 عوسمان زیندانی، لەتایبەتمەندی کرێکاران و جوتیارانی حزبی شیوعیی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا زەنگی مەترسی لەسەر ژیانی چینی کرێکار لێدا و ئامارە وردەکانی سێ ساڵی ڕابردووی خستەڕوو. بەپێی ئامارەکان، گیانلەدەستدانەکان بەم شێوەیە دابەشبوون:
ساڵی ٢٠٢٣: ٧٣ کرێکار.
ساڵی ٢٠٢٤: ١٤٧ کرێکار.
ساڵی ٢٠٢٥: ٦٩ کرێکار.
لە کۆی گشتی قوربانییەکان، ١٣٨یان کرێکاری ناوخۆیی و ٥١یان کرێکاری بیانی بوون.
دۆخی کەرکوک و چوار مانگی یەکەمی ٢٠٢٥
سەبارەت بە نوێترین ئامارەکان، عوسمان زیندانی ئاماژەی بەوە کرد کە تەنها لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥دا لە شاری کەرکوک، ٣٠١ کرێکار بریندار بوون و ٢٤ کرێکاری دیکەش گیانیان لەدەستداوە.
دابەشبوونی جوگرافیای ٢٤ گیانلەدەستدانەکەی ئەم دواییە:
قوربانییەکانی ئەم دواییە بەپێی شارەکان بەم شێوەیەن:
سلێمانی: ١٠ کرێکار
هەولێر: ٦ کرێکار
دهۆک: ٣ کرێکار
زاخۆ: ٢ کرێکار
هەڵەبجە: ١ کرێکار
گەرمیان: ١ کرێکار
لە کۆتایی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، عوسمان زیندانی ڕەخنەی لە سیستەمی سەرمایەداری گرت کە بووەتە هۆی چەوسانەوەی کرێکاران و جەختی کردەوە کە پێویستە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕێکاری توند بگرنەبەر بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی ئارام و جێبەجێکردنی مەرجەکانی سەلامەتی، تا چیتر کرێکاران نەبنە قوربانی خەمساردی لە شوێنی کاردا.

