زیرەك كەمال
بیست ساڵ بەر لە ئێستا وتارێكم لە ژێر ناوونیشانی( باجمان ئەورپیانەیەو گوزەرانمان ئەفریقانەیە) نووسی، وا هەست دەكەم ئەو دۆخەی بیست ساڵ بەر لە ئێستا ئەو وتارەم تیادا نووسی لەگەڵ دۆخی ئێستادا بەراوردی بكەین دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان لە رووی وەرگرتنی باج زۆر خراپترە، نەك هەر ئەمە بەڵكو ئەوەی لەئێستادا بەناوی باج لەسەر هاووڵاتییان پیادە دەكرێت بە جۆرێك تاوو گوشاری بۆ خەڵك هێناوە، ئەوەی داهاتو سەرمایەیەكی بەدەستەوە بێت لەم بارودۆخە رادەكاتو دەچێت لەموسڵو بەغداو بەسڕاو وڵاتانی كەنداو سەرمایەكەی خۆی دەخاتەگەڕو لەوێ بەرهەمهێنان دەكاتو دۆخیش بەم شێوەیە بڕوات هیچ سەرمایەدارو پارەدارێك لە هەرێمی كوردستان نامێنێتو هەمووی لە دەست وەرگرتنی باج رووەو دەرەوەی هەرێم بە پەلە پڕووزە ڕادەكات.
هاووڵاتی ئاسایی كە هیچ جۆرە دەسەڵاتێكی نییەو باج هەناسەو برستی لێبڕیوە كە تووشی بارێكی سەخت و دژواری كردووە تەنها ئەوە ماوە كە ئەگەر بە مەبەستی بۆنەیەكی كۆمەڵایەتیو سەردانی بچیتە یەكێك لە فەرمانگەكان باجت لێوەردەگرێت، دیارە باج لە وڵاتانی دیموكراسیو پێشكەوتوودا رۆڵێكی گەورەو بنچینەی دەبینێت لە بوژانەوەو بەهێزكردنی ژێرخانی ئابووریو گەشەپێكردنی سیستەمی بەرهەمهێنانو لەسەرپێ وەستانی حكومەتو سیستەمی ئابووری وڵاتو بگرە باج یەكێكە لە شافاكتەرەكانی پێشكەوتنی وڵاتو بوژانەوە لە هەموو رووێكدا.
هەربۆیەش دەبینین كە هاووڵاتییان لە وڵاتانی پێشكەوتوو دیموكراسی بەوپەڕی دڵگەرمیو رەزامەندیو پێ خۆشحاڵبوون باجی خۆیان دەدەنە حكومەتو بگرە نەك هەر دڵگرانو ناڕازی نین بەڵكو پێشیان خۆشە، چونكە ئەوەی حكومەت بەناوی باج لە هاووڵاتییان وەریدەگرێت لەسەر بنەمایەكی روونو شەفافو بۆ رای گشتی بڵاوی دەكاتەوە هەر لەسەر ئەم بنەمایەش خودی باجی وەرگیراو لە هاووڵاتییان لە ژێرخانی ئابووریو دامەزراوە خزمەتگوزارییەكان سەرف دەكرێتەوە، بۆیەش هەر كاتێك هاووڵاتیو تاكو خەڵكی باج لێوەرگیراو نەیزانیو زانیاری لەبارەی ئەو باجە نەبێت چی لێدێتو دەچیتە كام گیرفانو خەزێنە وا دەزانن ئەمە سیستەمی باج نییەو بگرە رووتاندنەوەی خەڵكە، ئاخر ناكرێت لە وڵاتێك سیستەمی باج بەشێوەیەك بێت خەڵكی هەراسان بكاتو واهەست بكات كە ئەو چایەی دەیخواتەوەو ئەو پارووە نانەی دەیخوات باجی لەسەرە كەچی كۆمەڵانی خەڵك وا هەست بكەن كە ئەو باجەی لێی وەردەگیرێت هیچ رۆڵێكی نییە لە بوژاندنەوەی ئابووریو ژیانو گوزەرانی خەڵك خۆی ئیدی ناكرێت ناوی باجی لێ ببینرێتو بەڵكو دەكرێت ناوی لێ بنرێت سەرانەو پووشاندو سورانە، ئاخر لێرە بۆ دروستكردنی خانووێك كە تیایدا نیشتەجێ بیت یازدە جۆر باج وەردەگیرێت، بۆ دروستكردنی كارگەیەكی بچووكو دانانی موەلیدەكی گەڕەك كەڕكەدەنێك بەناوی بەرپرسی سیاسی دەبێتە برایەپشت و دەبێت بە بەشێك لەسەرمایەی خۆت بدەیە ئەو سیاسییە خاوەن پۆستەكە ئەگەر لەوانەی سیاسی تاقی كردنەوەی پێ بكەی سفر لەسەر سەد دەهێنێت، من كە ئێستا ئەم وتارە دەنووسم لیستێكم لایە كە لە دووسەدو بیستو پێنج كەس پێك دێتو هەموویان دۆستو ئاشنای منن لە دەست وەرگرتنی باج هەڵاتوون، روویان لە بەغداو ئیمارات كردووە، هەربۆیەش مانەوەی دۆخەكە بەم شێوەیەو ئەگەر بێتو باج وەرگرتن بەم شێوەیە لەسەر هاووڵاتییان بمێنێتەوە كوردەواری گوتەنی ئەوەی دوو فلوسی لەخۆی زیاتری هەبێت هەرێم بەجێ دەهێڵێتو لە وڵاتی تر سەرمایەگوزاری دەكات، داخەكەم هۆكار گەلێك زرۆن بۆ دابەزینی ئاستی ئینتیمای نەتەوەییو نیشتمانی لە كوردستانو یەكێكیش لەو هۆكارەی كە وایكردووە خەڵكی سۆرزو ئینتیماو خۆشەویستی بۆ خاكو گەلو نەتەوە نەمێنێت وەرگرتنی زۆری باجە.
برادەرێك گێڕایەوە گوتی لەو ماوەیە ویستم پڕۆژەیەك بە نووسراوی بدەمە یەكێك لە فەرمانگەكان بە مەبەستی خزمەتكردن بەو فەرمانگەو منیش رووم لە فەرمانگەكە كردو پێیان گوتم عەریزەیەكی لەگەڵ بنووسە (خولاسەی كەلام) تا پڕۆژەكەم گەیاندە سەرۆكی فەرمانگە بە پوولو شتی سەیر سەیر حەفتا هەزار دینارم رۆیشت.