نووسینی: زیرەك كەمال

وەكو ئێستا لە بیرمەو تا گڵەبانی چاوانیشم دەكرێت هەر لە بیرم دەمێنێتەوە، كە مناڵ بووم‌و بە پێوەری كوردەواری بێت دەستی راست‌و چەپی خۆم نەدەناسی، بەڵام من بەو تەمەنە منداڵیەمەوە پڕبووم لە پرسیار، پرسیاری زۆر‌و ئاڵۆز‌و بەردەوام، لە دایكم دەپرسی دایەگیان ئەوە بۆ مانگ تەنها شەوان دێتە دەرێ‌‌و بەرۆژ دیار نامێنێت؟ دەمگون دایە ئەوە بۆ ئەستێرەكان تەنها بەشەو دێنە ئاسمانی گوندەكەمان‌و بە رۆژ نایانبینین؟ ئایا لە خۆر دەترسن‌و لە ترسی ئەو خۆیان دەشارنەوە؟ لە دایكم دەپرسی دوای نوێژی شێوان خۆر كە لە دەم كەلی شاخ ئاوا دەبێت دەچێتە كوێ‌؟ ئایا خۆریش دایك‌و باوكی هەیە‌و ئەویش وەكو من كە شەو داهات دەگەڕێتەوە ماڵی خۆی؟ بەڵام هەموو جارێك دوای تەواوبوونی پرسیارەكانم دایكم چەپۆكێكی دەكێشا بەسەرماو پێی دەگوتم هەموو ئەوەی تۆ دەیڵێیت كاری خوایەو چیتر ئەو پرسیارانە بكەی سەراوبن هەڵتدەواسم.

بۆیەش بەداخەوە من ئەو كاتەی سەردەمی منداڵیم وەڵامی هیچ كاتێك لەو پرسیارانەم وەرنەگرتووە‌و بگرە لای دایكم‌و باوكم‌و ئەندامانی خێزانەكەم‌و خەڵكی ئاوایی وایان وێنای من دەكرد كەوا كەم عەقڵەو مێشكی تێكچووە‌و هەربینا وەكو دێوانە دەستی بە كێواندا.

دواتر گەورەبووم‌و دەیان‌و سەدان پرسیاری تر لە مێشكمدا چەكەرەیان كرد، ئەگەرچی پرسیارەكانی سەردەمی ئێستا لە رووی فۆڕم‌و ناوەڕۆكدا رەهەندێكی فیكری‌و فەلسەفیان هەیە، بەڵام خۆ پرسیارەكانی سەردەمی منداڵیشم هەمان تان و پۆ‌و مۆركی فەلسەفی هەبوو، بەڵام بە زمانێكی سادەو ساكار، پرسیارەكانی ساڵانی دوای راپەڕینی ئاداری 1991 لەهەمبەر ئەو دۆخە سیاسییە ئەوەبوو، پارتی‌و یەكێتی چۆن جورئەت‌و بوێری ئەوەیان هەبوو ئەو شەڕە بكەن‌و پێچەوانەی ویست‌و ئیرادەو بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستان سیاسەت بكەن‌و ئەو روحییەت‌و حەماسەتە شۆڕشگێڕیی‌و تاوسەندووە كپ بكەنەوە كە گەلەكەمان لە راپەڕینی ئاداری 1991 گەیاندیە ئەوجی تەحەدداو درەوشانەوە؟ بۆچی لەجیاتی ئەوەی كار بكرێت بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی راپەڕین‌و بیناكردنی كلتوری دیموكراسیەت‌و بەیەكەوە ژیانی مەدەنیانەی سیاسی لە نێوان جیاوازییەكان، ئەو دوو حزبە شار‌و گوند‌و كوچەو كۆڵان‌و گرد‌و یاڵ‌و بناو لوتكەی شاخ‌و بست بە بستی كوردستانیان كردە مەیدانی شەڕگەی یەكتری‌و هەزاران لاوی ئەم وڵاتە خێر لەخۆنەدیوەیان كردە دەستە چیلەو سووتەمەنی ئاگری ئەم شەڕە؟ دواتر بۆچی هەر لە سایەو سێبەری ئەو دوو حزبە گەندەڵی بە ترسناكترین شێوە خۆی خزاندە نێو كلتوری سیاسی‌و ئابووری‌و ئیداری هەرێمی كوردستان‌و بەجۆرێك چۆكی لەسەر سنگی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانداو بەر سینگی گرت كە هەناسەی لێبڕی؟ ئایا تێگەیشتنی لەو دۆخە واقیعە بڵێین پارتی‌و یەكێتی خراپن‌و تەواو؟ ئایا شەڕی ناوخۆ‌و سیاسەتی یەكتری قڕكردن‌و یەكتری كوشتن تەنها پەیوەندی بە قۆناغی دوای راپەڕینەوە هەیەو بەس؟ ئەی ئەگەر وایە شەڕی نێوان میرەكانی ئەردەلان‌و سۆران‌و بادینان‌و ئێزدی قڕان بەدەستی خۆمان دەچنە كوێی مێژووی سیاسی ئێمە؟ هەربۆیەش پێم وایە بۆ بەدەستهێنانی وەڵامی پرسیارەكانی سەردەمی منداڵیم‌و بۆ تێگەیشتن لە یەكێتی‌و پارتی‌و ماهییەتی فیكری‌و سیاسی قۆناغی دوای راپەڕین دەبێت بگەڕێینەوە بۆ رابردوویەكی دوورتر‌و قووڵتر لەو مێژووە بڕوانین، مێژووێك‌و فیكرێك داعش‌و سەلەفیەتی فیكری لە كوردستان دەكاتە هێزێكی كۆمەڵایەتی كاریگەر‌و فیكر‌و رێبازی پێشكەوتنخوازی دەخاتە پەراوێزەوە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە