کۆمەڵگەی شووشەیی؛ کاریگەرییەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر پەیوەندی، تەندروستیی دەروونی و بەها ڕۆشنبیرییەکان  


ڕاپۆڕتی: سه‌هه‌ند كۆیی  


لە سەردەمی شۆڕشی دیجیتاڵیدا، مرۆڤایەتی لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگیی نێوان بەها مرۆییەکان و پاراستنی ڕۆحی پەیوەندییە ڕاستەقینەکان لە سایەی ئەم واقیعه‌ نوێیەدا؛ لە کاتێکدا زۆر جار ئەم پرسیارە جەوهەرییە ڕووبەڕووی هەموومان دەبێتەوە، كه‌ ئایا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوونەتە پردێک بۆ لێکتێگەیشتن، یان دیوارێک کە ئێمەی لەناو قەفەسی گۆشەگیریدا زیندانی دەکات؟ لەم ڕاپۆرتە تایبەتییەی ڕۆژنامەی ڕێگای كوردستاندا، تیشک دەخەینە سەر کاریگەرییە قووڵەکانی ئەم جیهانە گریمانەییە لەسەر پەیوەندییە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکان و تێڕوانینی جیاوازی پسپۆڕان و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە دەخەینە ڕوو.     
       
لە دەستپێکدا و بۆ دەستنیشانکردنی ڕەهەندەکانی ئەم دۆخە
* ژاكاو بكر حسێن، وەک خوێندکارێکی زانکۆ، لە ڕوانگەی ئەزموونی ڕۆژانەی خۆیەوە ئاماژە بەوە دەکات و دەڵێت: ئەم سەکۆیانە جیهانێکی پڕ لە درەوشانەوەی دەستکردیان خولقاندووە؛ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کاتێک لە ڕێگەی شاشەکانەوە بینەری سەرکەوتنە پۆلێشکراوەکانی دەوروبەرم دەبم، هەست دەکەم خولەکەکانی تەمەنم لە دەرەوەی ڕەوتی ڕاستەقینەی ژیاندا بەهەدەر دەچن. لەم پێناوەدا، کاتێک تەواوی وزەی دەروونمان بۆ ڕازاندنەوەی ڕووکەشێک تەرخان دەکەین، ناخمان لە هەموو هەستێکی ڕەسەن خاڵی دەبێتەوە. دەرئەنجامەکەشی جۆرێک لە تەنهایی و نامۆبوونی دژوارە، کە تێیدا مرۆڤ لەبری ئەوەی بژێت، تەنها دەبێتە بینەرێکی ماندووی شانۆگەرییەکەی خۆی. 
له‌ لایه‌کی تریشه‌وه‌،
* باهۆز كامه‌ران، کە خوێندکاری قۆناغی ئامادەییە، لە گۆشەنیگایەکی دیکەوە گوزارشت لە گۆڕانی چێژی نەوەی نوێ دەکات و دەڵێت: ئێمە وەک نەوەی جەنجاڵی تەکنەلۆژیا، خەریکە چێژی یارییە جەستەییەکان و کۆبوونەوە گەرمەکانی گەڕەکمان لەبیر دەچێتەوە؛ بە ڕادەیەک، هەموو خەون و کاتەکانمان لەناو جیهانی 'پۆبجی' و 'تیک تۆک'دا کورت بوونەتەوە. هه‌ر بۆیه‌ گەیشتوومەتە ئاستێک کە ناتوانم بۆ چەند خولەکێک مۆبایلەکەم دابنێم، چونکە جۆرێک لە هۆگری و وابەستەیی دەروونیی وا لێکردووم هەمیشە بترسم لەوەی شتێکم لەدەست بچێت؛ لە راستیدا، ئەم ئاڵودەبوونە لە ئەزموونکردنی ژیان بێبەشمان دەکات و ڕۆژ بە ڕۆژ لە دەوروبەر و کۆمەڵگە دوورمان دەخاتەوە. هەر بەم هۆیەوە، ئەنجامی ئەم ڕەوشە گەیشتووەتە نێو هۆڵەکانی خوێندنی پەیمانگاکانیش. 
* كانی موحسین حمدامین، وەک خوێندکارێکی ئەو ناوەندە‌، ئاماژە بەو ساردییەی نێوان هاوڕێیانی دەکات و دەڵێت: لە هۆڵەکانی خوێندندا جەستەمان لە تەنیشت یەکترە، بەڵام هەر یەکێکمان لە جیهانێکی جیاوازی وەهمیدا نوقم بووین، تەنانەت کارەسات و کێشە خێزانی و تایبەتییەکانمان چیتر ڕووبەڕوو باس ناکەین، بەڵکو بە ستۆری بۆ یەکتری دەنێرین. ئەمە وای کردووە خەمە قووڵەکانمان لە پشت شاشەکانەوە هەناسەی ڕاستەقینەی خۆیان لەدەست بدەن و ببنە نمایشێکی بێ‌ڕۆح. بەم شێوەیە، تەکنەلۆژیا لەبری دروستکردنی پردی هاودەردی، دیوارێکی ساردی لە نێوان ڕۆحەکانماندا هەڵچنیوە. 
هەر لەو چوارچێوەیەشدا،
*  ڤالا فریاد، وەک خوێندکارێکی پەیمانگای هونەرە جوانەکان، بە توندی ڕەخنە لە کاریگەرییە ڕووکەشەکانی ئەم جیهانە لەسەر ڕەسەنایەتیی داهێنان دەگرێت و پێی وایە، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هونەریان بەرەو ڕووکەشبوون بردووە؛ تا ئەو ئاستەی ئێستا گەنجان بەدوای 'ترێندە' کاتییەکاندا وێڵن نەک بەهاداریی کارە هونەرییەکان، چونکە جەنجاڵیی شاشەکان دەرفەتی تێڕامان و قووڵبوونەوەی لە هونەرمەند سەندۆتەوە. لەم نێوەندەدا کارە خولقێنراوەکان زۆر بە خێرایی دروست دەبن و بە هەمان خێراییش لەناو دەچن. به‌م جۆرە هونەر درەوشانەوەی ئەندێشەی تێدا نامێنێت و تەنها وەک دیاردەیەکی تەمەن‌کورت مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. 

هاوتەریب لەگەڵ ئەمەشدا، 
*  م. ئیسماعیل تەها ئیسماعیل
بەرپرسی ڕێکخراوی چالاکییە ڕۆشنبیرییەکانی کەکۆن ، ڕوانگەیەکی گشتگیرتری بۆ سەرجەمی گرفتەکە دەخاتە ڕوو و دەڵێت: ئێمە وەک ڕێکخراوێک کە لە نزیکەوە لەگەڵ پرسە ڕۆشنبیرییەکان کار دەکەین، هەست بە پاشەکشەیەکی مەترسیداری چالاکییە مەیدانییەکان دەکەین.  به‌ شێوازێك، سۆشیاڵ میدیا جۆرێک لە 'ڕۆشنبیریی خێرا'ی بەرهەم هێناوە، کە وا دەکات  گەنجان لە جیهانی کتێب و بەهاکانی دادەبڕێت و تاقەتی بەشدارییان لە سیمینارە گرنگەکاندا نەمێنێت. ئەرکی ئێمە وەک ناوەندە ڕۆشنبیرییەکان ئەوەیە، جارێکی تر گەنجان لە مۆنیتەر و شاشە ساردەکانەوە بەرەو ڕووبەرە فیکری و ئەدەبییە زیندووەکان بگەڕێنینەوە، تاوەکو نەکەونە ناو چاڵە تاریکەکانی گۆشەگیریی زەینییەوە. 
لە ڕەهەندێکی خێزانیی و کۆمەڵایەتیشەوە، 
* ساوێن شۆڕش عومەر، وەک کچێکی ماڵەوە، هەمان گرفت دەستنیشان دەکات و دەڵێت: جاران ژووری میوان پڕ بوو لە گفتوگۆی گەرم، کەچی ئێستا دایک و باوک و منداڵ پێکەوە دانیشتوون و بێدەنگییەکی نامۆ باڵی کێشاوە بەسەر دونیای تەنیاییاندا. چونکە هەر یەکەیان لە وڵاتێکی خەیاڵیی ناو مۆبایلەکەیەوە سەیری ژیانی خەڵکی تر دەکات و جیهانی خۆی لە بیر ده‌چێته‌وه‌ و  وردە وردە لەناو بێدەنگیی ژوورەکەی خۆیدا دەتوێتەوە. 

سەبارەت بە ڕەهەندە تەکنیکییەکەی ئەم وابەستەبوونەش. 
* ئاكام جه‌وهه‌ر قتاح، شارەزا لە بواری تەکنەلۆژیای زانیاری: (IT)، ئاماژە بە خاڵێکی گرنگ دەکات و دەڵێت: ئەم دیاردەیە خۆبەخۆ دروست نەبووە؛ دەبێت ئاگاداری ئەوە بین کە ئەم بەرنامانە سەرلەبەریان لەسەر بنەمای 'هۆگرکردنی دەروونی' نەخشێنراون. ئەو ئەلگۆریتمانەی بەکار دەهێنرێن، تاکە ئامانجیان ئەوەیە زۆرترین کات لەناو شاشەکاندا بمانهێڵنەوە؛ لە ڕاستیدا ئەوەی ڕوودەدات جەنگێکی دەروونییە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سەرنجی ئێمە و دواتر بازرگانیکردن پێوەی بە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی ڕیکلام. هه‌ر بۆیه‌، ئه‌م ناوەندانە لە پشت ئاراستەکردنی بیرکردنەوەی کۆمەڵگه‌كه‌مانه‌وه‌ وەستاون؛ به‌بێ ئەوەی تاک هەست بەم دەستتێوەردانە نەرمە بکات ئاڕاستەی ژیان و بڕیارەکانی دەگۆڕن. لە بەرامبەر ئەم هێرشە ڕەفتارییە بەردەوامەدا، تەندروستیی دەروونیی تاکەکان کەوتووەتە ژێر کاریگەریی قووڵی ئەم هاوکێشە نوێیەوە و لە لێواری مەترسیدایە.


لەمبارەیەوە، 
* د. ڕێدار کەریم حەسەن، پزیشکی پسپۆڕی دەروونی، لە دیدێکی زانستییەوە هۆشداری دەدات و دەڵێت: 'ڕۆژانە لە کلینیکەکانماندا پێشوازی لە نەوەیەک دەکەین کە جەستەیان لێرەیە و ڕۆحیان لەناو جیهانێکی خەیاڵیدا بریندار بووە. چونکە بەراوردکاریی بەردەوامی گەنجان لە نێوان ژیانی سادەی خۆیان و وێنە بریقەدارەکانی ناو شاشەکان، بووەتە سەرچاوەی سەرەکیی خەمۆکی.كه‌واته‌ دەبێت له‌وه‌ تێبگەین کە هیچ لایک و کۆمێنتێک ناتوانێت شوێنی سۆزی ڕاستەقینە و تێڕامان لە چاوی یەکتر بگرێتەوە؛ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مرۆڤ پێویستی بە ژیانێکی بەرجەستە هەیە نەک بوونێکی دروستکراوی بێ‌هەست، لەکۆتاییدا ده‌مانه‌وێ بڵێن: هەرچەندە تەکنەلۆژیا ئاسۆی نوێی بۆ کردینەوە، بەڵام هاوسەنگیی ژیان و ڕەسەنایەتیی ئاڵوگۆڕەکانمانی خستووەتە ژێر پرسیارەوە. سەرەنجام، کلیلەکانی چارەسەر لەوەدایە کە بە ڕۆح و جەستە لەگەڵ دەوروبەرماندا بژین و ئامادەییی ڕاستەقینەمان لە ئاوێتەبووندا دەربخەین و بەها بۆ ساتە بەنرخەکانی تەمەن بگەڕێنینەوە؛ کەواتە پێویستە فێر ببین کاتێک لەگەڵ مرۆڤێکداین ئامێرەکانمان وەلا بنێین پێش ئەوەی تەنهایی بمانکاتە ڕوانەرێکی بێ‌دەسەڵاتی پشت دیوارە بلورییەکان. چونکە هیچ هاوبەشیکردنێکی دەستکرد ناگاتە قووڵیی هاوسۆزییەکی ڕووبەڕوو. بەم شێوەیە، بەرجەستەکردنی ئەم هەماهەنگییە هەنگاوی یەکەمە بۆ سەندنی شایستەیی بوونمان لە جیهانێکدا کە دەیەوێت هەستەکانمان خامۆش بکات

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا