لە مامۆستا تێکۆشەرەکانی کوردستان

مەغدید حاجی

 

 مامۆستا تۆفیق سەرهەنگ(1928-2008)

 ناوی تەواوی: تۆفیق سەرهەنگ حاجی. لە عەشیرەتی شکاکە لە باکووری کوردستان.

 حاجی باپیری، چوار کوڕ و کچێکی دەبێت بە ناوەکانی:( سەرهەنگ، سەرتیپ، یاوەر،تەیمور خان، کچەکەش ناوی مەحبووبە)بووە.

 تۆفیق سەرهەنگ  لە ساڵی 1928 لە بنەماڵەیەکی کوردپەروەر لە ناحیەی باتاس سەر بە پارێزگای هەولێر لە دایک بووە.( ئەوکات باتاس ناحیە بووە،دوایی ناحیە گوازراوەتەوە بۆ شارۆچکەی هەریر)

 باوکی مامۆستا تۆفیق چوار ژنی هێناوە، لەهەر عەشیرەتێک ژنێکی هێناوە، ژنی سێیەمی ناوی (جوان) بووە، دایکی مامۆستا تۆفیقە، کچی عەبابەکرە لە خێزانێکی خانەدانی عەشیرەتی شکاک بووە، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خاڵۆزای سمکۆی شکاک بوو.

 باوکی، (سەرهەنگ) دوای شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە، خۆی لەگەڵ سەید تەهای شەمزینی نەهری و زیاتر لە 300 سەرخێزانی کوردی باکوور لە شەمزینان دێن لە شارۆچکەی باتاس و دەوروبەری جێنشین دەبن.

 سەرهەنگ/ی باوکی، لە ساڵی 1934 دوای دەرچوونی فەرمانی میری بە دروستکردنی قوتابخانەیەکی سەرەتایی لە باتاس،  دروستکردنی بینایەی قوتابخانەکە بە هەموو کەلوپەلیەوە دەگرێتە ئەستۆی خۆی، تا منداڵەکانی شارۆچکەی باتاس و دەوروبەری بە نەخوێندەواری نەمێنن. ئەم قوتابخانەیە تا پۆل پێنجەمی سەرەتایی هەبووە.

 تۆفیق سەرهەنگ، خوێندنی سەرەتایی لە باتاس تەواوکردووەو ناوەندی و خانەی مامۆستایانی لە شاری بەعقوبە (دیالە) تەواوکردووە، کە ماوەی پێنج ساڵ بووە.

 لە ساڵی 1952 خانەی مامۆستایانی تەواوکردووە و لە ساڵی 1953 لە شاری ڕواندز بە مامۆستا لە قوتابخانەی ڕواندزی سەرەتایی دامەزراوە و وانەی ئینگلیزی و بیرکاری و وەرزشی گوتۆتەوە و بەهۆی دڵسۆزی و چالاکی پەروەردەیی چەندین خەڵاتی بۆ قوتابخانەکە  بەدەستهێناوە.

 لە ساڵی 1959 بۆ قوتابخانەی باتاس گوازراوەتەوە.

 لە ساڵی 1961 بە فەرمانی میری و بەهۆی سیاسی  بۆ لیوای ناسریە، شارۆچکەی سوق ئەلشیوخ دوورخراوەتەوە، لەوێش بۆ ماوەی دوو ساڵ دەگوازرێتەوە بۆ گوندی (الخمیسیە) و  دەبوایە ڕۆژانە دوو جار بەیانیان و ئێوارەکەی لە مەرکەزی پۆلیس ئامادەبوونی خۆی بسەلمێنێت و پەنجەمۆری بکردایە. دوایی دەگوازرێتەوە بۆ قوتابخانەی الشروق لە ناحیە (گرمە بن سعد)  بەڕێوەبەری قوتابخانەکە پیاوێکی باش بووە،کوڕی شێخێکی گەورەی عەرەب بوو، ئەو بەڕێوەبەرە زۆر جار مامۆستا تۆفیقی لە دەستگیرکردن ڕزگارکردووە.

 لە دوای کودەتای 8ی شوباتی 1963 مامۆستا تۆفیق سەرهەنگ لە ناسریە زیندانی دەکرێت و ئەشکەنجە دەدرێت و شوێنی ئەشکەنجەدانی لەسەر جەستەی دەمینێت .

 ماڵی مامۆستا تۆفیق سەرهەنگ لە سوق الشیوخ دەبێتە مەڵبەندی کوردە دوورخراوەکان و لە خزمەتیاندا بووە. چەندین مامۆستای کورد کە دوورخرابوونەوە یان لە سوق الشیوخ زیندانی کرابوون، ڕۆژانە خێزانی مامۆستا تۆفیق، فاتمەخان بە منداڵەکانی خواردنی بۆ دەناردنە زیندان و جل و بەرگی خوێناوی بۆ دەشووشتن و ئوتووی دەکردن، یان مامۆستا تۆفیق خۆی خواردنی بۆ دەبردنە زیندان لە شارۆچکەی عەکێکە نزیک سوق الشیوخ.

 مامۆستا تۆفیق لەو هەموو ماوەی دوورخراوەییدا بۆی نەبوو بگەڕێتەوە کوردستان بۆ پشووی هاوین، گەر ڕەزامەندی لایەنی دەسەڵاتی نەبوایە.

 لە ساڵی 1968 بۆی هەبوو بە یەکجاری بگەڕێتەوە هەولێر و بۆ قوتابخانەی برایەتی گوازرایەوە لە شاری هەولێر. چونکە خزمەتی زۆر بووە و دڵسۆز بووە لە ڕاپەڕاندنی ئەرکی سەر شانی دەکرێتە بەڕێوەبەری قوتابخانەی برایەتی. دوایی لەبەر ئەوەی نەبۆتە بەعسی لە بەڕێوەبەری لایدەبەن. لە هەشتاکانیش بەهۆی فشارەکانی ڕژێمی بەعس خۆی خانەنشین کردووە.

 لە کۆڕەوی1991 ئاوارەی دیوی ئێران دەبن،پاش چوار پێنج مانگ دەگەڕێنەوە بۆ شاری هەولێر.

  مامۆستا تۆفیق سەرهەنگ لە ساڵی 1994 ئاوارەی هەندەران دەبێت و لە بەریتانیا مافی پەنابەری وەردەگرێت .

 لە ساڵی 2002 تووشی خەم و کۆستێکی گەورە دەبێت بەهۆی کۆچی دوایی فاتمەخانی خێزانی .

 مامۆستا تۆفیق سەرهەنگ هەر لە تەمەنی گەنجییەوە تێکەڵ بە کاری سیاسی بووە و دەبێتە دەبێتە ئەندامێکی کارای حزبی شیوعی عێراق، بەهۆی بیروبۆچوونی سیاسی تووشی زۆر کێشە و گرفت دەبێت و لە ساڵی1948 بەهۆی بەشداربوونی لە خۆپیشاندانەکان دەستگیر دەکرێت و لەگەڵ شاعیری گەورەی کورد عەبدوڵلا گۆران بە یەکەوە لە یەک ژووری بەندیخانە  بوون.

 لە ساڵی 1959 بەرپرسیارێتی حزبی شیوعی لە باتاس دەگرێتە ئەستۆ، هەر بەهۆی چالاکی سیاسی لە ڕیزەکانی حزبی شیوعی عێراق دەگوازرێتەوە بۆ باشووری عێراق.

 مامۆستا تۆفیق سەرهەنگ لە ساڵی 1945 لەگەڵ فاتیمە خان خێزانی پێکەوە ناوە، بوونەتە خاوەنی پێنج کوڕو پێنج کچ بە ناوەکانی:( بەیان، ئازاد، نەوزاد، سەربەست، پەیمان، سەیران، کوردستان، ڕێبوار، گۆران و ڤیان) سەرکەوتوو تەمەن درێژ بن.

 مامۆستا تۆفیق سەرهەنگ لە ڕێکەوتی 9-6-2008 لە شاری هەولێر کۆچی دوایی کردووە و لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەد بە خاکی نیشتمان سپێردراوە.

 یادی بەخێرو هەزاران سڵاو بۆ ڕوحی پاکی

 سەرچاوە: مامۆستا هیوا سەرهەنگ و د. پەیمان تۆفیق سەرهەنگ.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا