
سۆران ناسح
"هیچ کاتێک چاوەڕوانی ڕیفۆرم و گۆڕانی ڕیشەی لەو کۆمەڵگایە ناکرێت، کە ڕوانینێکی ئەقڵانی و ڕاڤەی نوێی نەبێت بۆ ماناکانی ئینسان، دەسەڵات، ماف، گۆڕان، ئازادی.هتد"
بێشک هەموومان شایەتی ئەو ساتەوەختە بووین، لە باشوری کوردستان ئۆپۆزسیۆن وەک قارچکێک هەڵتۆقیو بە بێ بوونی زەمینە و پرسیاری پێشوەختە و تێڕامان لە ماناکانی چۆنیەتی و چیەتی بەوەی ئایا ئۆپۆزسیۆن چیە درووست بوو؟ بێ ئەوەی بزانن ئۆپۆزسیۆن ئیشی چیە و چۆنە؟
بزوتنەوەی گۆڕانیش لە سەرەتای دروست بوونی لەو قۆناخەدا هەڵتۆقینی ئۆپۆزسیۆن بوو، کە زیاتر توڕەبوونێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بوو دژ بە دەسەڵات نەک دروستبوونی ئاگایی و هۆشیارییەکی هزری و مەعریفی کە بە ئەقڵ بیر لە کێشەکان بکرێتەوە، تا ئەم ساتەوەختەش هەمان دۆخ بەردەوامە و درێژەی هەیە کە پرسیار نەبوو بە پرسیارێکی هزری و تێڕامان لە ماناکانی بەوەی ئۆپۆزسیۆن بوون کامە ڕوانین یان ئایدیایە بۆ ژیان و سیاسەت و ماناکانی بوون، ئەم چەمکەش وەکو هەموو چەمکە بەلاداڕێبراوەکانی تری وەک دیموکراسی، ماف، ئازادی...هتد هەرکەسێ دەمی پرژا خێرا بەکاری دەهێنا بە بێ تیگەیشتنێکی سادە و سەرەتای لەو مانا و ناوەڕۆکەی هەڵگریەتی، ئیدی وشەکە نەک ناوەڕۆک و جادووەکەی بەتاڵکرایەوە و نەما بگرە بەکارهێنانی وەک؛ جۆرێک لە گاڵتەجاڕی لێهات.
هەوڵویستی جدیی ئەم ساتەوەختە نەک تەنیا دەبێت بەرامبەر دەسەڵات بێت، بگرە لەگەڵیدا بەرامبەر بەو جۆرە لە ئۆپۆزسیۆن بێت کە ئەم چەمکانەیان لە مانا داماڵی و بێمانایان کرد و لە هەموو جادوویەک بەتاڵیان کردەوە، هەموو ئەوانەی بۆ ساتێک دەرگیری هزر و دونیای بیرکرنەوە بووبن تێدەگەن چەند تراژیدی و بەئازارە کاتێک مانا لە ناوەڕۆک دادەماڵرێت و بێمانا دەکرێت، ئەو چەمکانەی مرۆڤ ڕۆژگارێک هیوایەکیان لەسەر هەڵدەچنێت چۆن بوون بەوپەڕی گاڵتەجاڕی، لێرەوە مرۆڤ ناتوانێت لەسەر ئەم دۆخە نائەخلاقیەی لەمانا خستن و پرسە کۆمەڵایەتیەی لەتەنیشتی دەگوزەرێت بۆ بێمانکردن بێدەنگ بێت، بۆیە ئەوە تەنیا دەسەڵات نیە هزر و بیرکردنەوە و مانا ناشرین دەکات بگرە ئۆپۆزسیۆن دووقات و بگرە زیاتریش ئەم کارەی گرتە ئەستۆ. هۆکارەکەی ڕوونە لەبەر ئەوەی ئۆپۆزسیۆن بەرهەمی پرۆژەیەکی ڕۆشنگەری و ڕوانینێکی جیاواز نەبوو لە کوردستان، نەک گوتارێکیان نەبوو بە چەمک بیر بکاتەوە، بگرە ڕووبەڕووبونەوەی دەسەڵاتیان گەیاندە دوو ئاست. ئاستێک؛ لە گاڵتەجاڕی و قەرقۆز ئاسا، ئەکتی سیاسی لەوەدا دەبینی ڕۆژێک بە گرتنی دەسکێک توری قوڕاوی بەدەستەوە و قسەکردنی بازاڕی و بێمانا بە ناوی سیاستەوە دواتر (دانیشتن لەپاڵ قەل و کورتانی گویدرێژێک...هتد) نیشاندانی وەک ڕووبەڕووبونەوەی دەسەڵات کە لە ڕاستیدا جگە لە یەک مانا زیاتر هەڵناگری ئەویش بوون بە (مهرج) قەرەقۆزبوونە کە گاڵتەجاڕی دەباتە ترۆپکی خۆی و هیچ مانا و ئیماکنیک دروست ناکات جگە لەو دۆخە بێمانایەی کە ئێستا دەیبینین.
تەواوکەری ئەم جۆرە لە ئۆپۆزسیۆن و هاوجووتی یەکەم کە تەواو ئەخلاقیە لەسەر بنەمای پاک / پیس ،گەندەڵ/ دەست پاک...هتد وەک (بەختیار عەلی) ئاماژەی بۆ دەکات "ئەم جۆرە هەموو ڕەخنەیەکی لە دەسەڵات ڕەخنەیەکی ئەخلاقیە و لە سنووری ڕەخنەگرتن لە گەندەڵی یان ڕەخنەگرتن لە هەندی هەڵویستی ناسیونالیستیدا کورتببێتەوە، ئەمەیان دیاردەیەکی هیجگار ترسناک دروست دەکات و دەرگا لەبەردەم گیانێکی فەندەمینتاڵ و تاریکدا دەکاتەوە، ئەم ئۆپۆزسیۆنەی ئەمڕۆ لە کوردستان بە ناڕێکی هەیە، نە هەڵویستێکی سیاسی دەستەجەمعی هەیە، نەشوناسی فیکری هەیە، نە فیکریشی بەرهەم هێناوە. تاکە شتێک ئەم ئۆپۆزسیۆنە لەسەری دەژی مۆڕاڵە، مۆڕال بەمانا هەرە ڕادیکاڵەکەی، مۆڕاڵیک نزیک دەبێتەوە لە سنوری ئەخلاقیاتێکی دینی سەرپەڕ. خۆی بەوە لە دەسەڵات جیادەکاتەوە کە دەتوانێت ڕەخنەی ئەخلاقیانەی توند لە دەسەڵات بگرێت و زۆر جاریش دەسەڵات بخاتە ژێر فشارەوە، بەڵام لە هیچ ئاستێکدا ناتوانێت لەسەنگەری ئەخلاق بەولاوە سەنگەرێکی تر بگرێت، ڕوحێکی دەستەجەمعی ناکامڵە کە نەدەزانێت چی دەوێت و نەدەزانێت سنوور و شێوەی ئەو ئەخلاقە چییە کە داوای دەکات، لە سیستەمێکی بیرکردنەوەی سادەوە هاتووە و ختوکەی هەستە سەرەتایی و پێوەرە ئەخلاقییەکانی ناو مرۆڤ دەدات. زمان لە ناو بازنەی ئەخلاقدا گیردەکات و هیچ مانایەکی نوێ بەرهەم ناهێنێت جگە لە بەلاغەتێکی ناشرین، ڕۆژانە ئەو شتانە دووبارە دەکاتەوە کە هەبوون و دووبارەن لە ڕێگەی ئەو بەلاغەتە ئەخلاقیە بێمانایەوە هەوڵدەدات ئەو نوقسانیە عەقڵیەی کە خاڵییە لە هەموو فیکر و بیرکردنەوەیەک بشارێتەوە و تا قیامەت هەمان شت دووبارە بکاتەوە بە بێ بوونی یەک مانای نوێ.
بۆیە هیچ کاتێک دونیا ژیانی کەلتووری ئێمە گۆڕانێکی ڕادیکاڵی تێدا دروست نابێت بەم دیدە ئەخلاقی و مهرج بوونە هیچ شتێکی نوێ بەرهەم ناهێنین، تەنیا یەک شت باردەهێنێتەوە ئەویش ئەتکردنی چەمک و ڕۆشنگەری و نویگەریی و ئازادییە لە ژێر ناوی گۆڕانکاری و ئۆپۆزسیۆن بوون، گۆڕانی ژیان و ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە پێوستی بەبنەمایەکی سەرەکی فیکر و دونیابینیە کە تەفیسری نوێی و جیاوازی هەبێت بۆ کۆی کایەکانی ژیان و مانای ڕاستەقینە بداتەوە بە کۆی کایەکان.
