کاوە مەحموود


بەشی دووەم
سەلام عادیل و مەسەلەی کورد
یەکێک لە سەرکردەکانی حزبی شیوعی عێراق کە زۆر بە ڕوونی و ڕاشکاوی هەڵوێستی مەبدەئییانەی لەمەڕ مەسەلەی کورد دەربڕیوە، شەهیدی نەمر سەلام عادیلە.
لە بۆچوونی سەرەکی سەلام عادیلدا، مەسەلەی تێکۆشان دژ بە کۆلۆنیالیزمی بەریتانی و وەدیهێنانی دیموکراسی و دامەزراندنی حکوومەتێکی نیشتمانی پێشکەوتنخواز لە بابەتی دانپێدانان بە مافی ڕەوای کورد و چارەسەری دیموکراسییانە و عادیلانەی مەسەلەی کورد جیا ناکرێتەوە، هەروەها، چارەسەری ڕەوای ئەم مەسەلەیە زەمینەی ئاشتییەکی بەردەوام و سەقامگیربوون و گەشەپێدانی عێراقە.
سەلام عادیل ئاماژەی بەوە کردووە، کە پێش شۆڕشی ١٤ی تەممووزی ١٩٥٨، دەیان ساڵ گەلی عەرەب و گەلی کورد لە تێکۆشانێکی هاوبەشدا دژ بە کۆلۆنیالیزمی بەریتانی بوونە و بە شێوەیەکی کردەیی لە دەیان خۆپیشاندان و کاری شۆڕشگێڕیدا بەیەکەوە کاری هاوبەشیان لە پێناوی دژایەتی کۆلۆنیالیزم و سیستەمی دەرەبەگایەتی کردووە.
یەکێک لە کارە مێژووییەکانی سەلام عادیل ئەوە بووە کە مەسەلەی کورد بە جیهان بگەیەنێت. لە ٢٦ی ئایاری ١٩٦٢ سەلام عادیل کە سکرتێری یەکەمی کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی عێراق بووە، نامەیەک ئاڕاستەی حزبە شیوعییەکانی جیهان دەکات سەبارەت بە مەترسی بارودۆخی کوردستانی عێراق.
هێڵە گشتییەکانی ئەم نامەیە لە چەند خاڵێکی گرنگدا دەستنیشان دەکرێت، لەوانە:
ـ لە دەستوری کاتی شۆڕشی ١٤ی تەممووز ئاماژە کراوە کە عەرەب و کورد (شەریکن لە نیشتماندا)، بەڵام تا ئێستا ئەم دەقە کە جەخت لەسەر مافەکانی گەلی کورد دەکات، ناوەڕۆکی خۆی وەرنەگرتووە و میکانیزمی گونجاوی بۆ دانەنراوە. سەرەڕای ئەم بارە، گەلی کورد داکۆکیکەرێکی ڕاستەقینە لە نیشتمان بووە.
ــ سیاسەتی نادیموکراسییانەی حکوومەت بەپلەی یەکەم سەرەنێزەی خۆی ئاڕاستەی حزبی شیوعی کردووە. ئەمەش پێش یەکەمین یادی شۆڕش دەرکەوت و مەبەست لە تێکڕای کارەکانی حکوومەت لە بواری سیاسەتی ناوخۆییدا کەمکردنەوەی هەڵکشانی شۆڕشگێڕی و لاوازکردنی هێزە دیموکراسییەکانە.
ــ گەلی کورد دووچاری سیاسەتێکی داپڵۆسینی دژوار دەبێتەوە و ئازادییە دیموکراسییەکانی لە بەردەمیدا تەسک دەبێتەوە و گرفتەکانی ئابووری و گوزەرانی قوڵتر دەبێتەوە و هیچ هیوایەکی بۆ ئەنجامدانی داواکارییە نەتەوەییەکانی نەماوە و حکوومەت پەلاماری نەتەوەپەروەرانی کورد و حزبی دیموکرات دەدات و کاردەکات کە گورزێکی سەربازی دژ بە کورد بوەشێنێت.
ــ لە هاوین و پایزی ١٩٦١وە ناوەندە کۆلۆنیالیزمەکانی پەیمانی سانتۆ و کۆمپانیاکانی نەوت، کاردەکەن بۆ سوودوەرگرتن لە وەزعی ناهەمواری کوردستان بەمەبەستی ئەنجامدانی پیکدادانی خوێناوی کە ئاکامەکەی لاوازکردنی هێزە نیشتمانییەکان و سەربەخۆیی وڵاتە. هەر بۆیە حزبی شیوعی لە کاتێکدا مەبەستەکانی ئیستعمار و کۆنەپەرستان ڕیسوا دەکات، داوا لە حکوومەتی عێراق دەکات کە سیاسەتی داپڵۆسینی مافە دیموکراسییەکانی گەل ڕابگرێت.
ــ حزبی شیوعی تەیاری جەماوەری بەرفرەوانی عەرەب و کورد دەکات لە پڕۆسەی داکۆکیکردن لە مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد و دۆزینەوەی ڕێگاچارەی ئاشتییانە بۆ سەرجەم گرفتەکانی نێوان حکوومەتی عێراق و کورد. بۆیە حزبی شیوعی داوا دەکات دەستبەجێ شاڵاوی سەربازی دژ بە جووتیاران و بۆمبابارانکردنی گوندەکانی کوردستان ڕاگیرێت و سەرجەم بەندکراو و گرتووەکان ئازاد بکرێن.
ــ گەلی عەرەب لە عێراقدا پشتگیری و هاوکاری خۆی بۆ گەلی کوردی برای ڕادەگەیەنێت و داوا دەکات مەسەلەی کورد بە شێوازی ئاشتی و دیموکراسییانە چارەسەر بکرێت. حزبی شیوعی پێی وایە چەمکی دیموکراسی بە تاکلایەنی شیناکرێتەوە و شێوازی حوکمی عەسکەری و خۆگێلکردن لەمەڕ ئەو داپڵۆسینە سەربازییەی کە دووچاری گەلی کورد دەبێتەوە، تەنیا یەک مانای هەیە، ئەویش بەردەوامبوونی دیکتاتۆری و ڕێگاگرتنی تێکۆشان لە پێناو حوکمێکی نیشتمانی لەسەر بنەمایەکی دیموکراسییانە. هەر بۆیە سەدان کەسایەتی سیاسی و ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی لە یاداشتێکدا بۆ حکوومەت داوای چارەسەری ئاشتییانەی مەسەلەی کوردیان کردووە.
ــ سیاسەتی داپڵۆسینی سەربازی دژ بە گەلی کورد ڕووبەڕووی بەرەنگاربوونەوەی بەردەوامی جەماوەر دەبێتەوە. جێگای داخە حکوومەت تا ئێستا ئەم سیاسەتە پیادە دەکات. سیاسەتێک کە دەبێتە هۆی خوێنڕشتنی خەڵکی بێتاوان لە عەرەب و کورد و ناکۆکییەکانی ناو هێزە نیشتمانییەکان قووڵتر دەکاتەوە و ئەمەش دەبێتە لاوازی تواناکان لە پێناو پاراستنی سەربەخۆیی نیشتمان. بۆیە حزبی شیوعی تێکڕای هەوڵەکانی حکوومەت بۆ شێواندنی مەسەلەی ڕەوای گەلی کورد ڕیسوا دەکات و داوا لە سەرجەم هێزە پێشکەوتنخوازەکانی جیهان دەکات پشتگیری تێکۆشانی گەلی عێراق لە پێناو دیموکراسیدا بکەن.
ــ سەلام عادیل داوا لە حزبە کۆمۆنیستەکانی جیهان دەکات کە پشتگیری گەلی عێراق بکەن بە مەبەستی ڕاگرتنی پەلاماردانی سەربازی حکوومەت دژ بە گەلی کورد و کارکردن بۆ جێبەجێکردنی داواکارییە ڕەواکانی گەلی کورد، کە ئەم کارە بە ئەرکی حزبە کۆمۆنیستەکانی جیهان دەزانێت.
لە کۆتایی ئەم بابەتە دەڵێم: لەم هەلومەرجەدا، گەلی کوردستان و سەرجەم گەلانی عێراق پێویستیان بە هەڵوێستێک وەک هەڵوێستی سەلام عادیل هەیە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا