
پۆشاک تەنها ئامرازێک نییە بۆ داپۆشینی جهسته، بەڵکو "ئاخاوتنێکی بێدەنگە" کە مێژووی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئایینیی نەتەوەیەک دەگێڕێتەوە. هەر لە نێوان تەڵ و پۆی قوماشە دەستکردەکان و ڕەنگە سروشتییەکاندا، فەلسەفەیەک هەیە کە گوزارشت لە پەیوەندیی مرۆڤ و خاک دەکات. ئەم بەرگە وەک "ئەرشیفێکی گەڕۆک" وایە؛ هەر نەخشێک لەسەر کڵاوێک یان هەر ڕەنگێکی "ڕانک و چۆغە" و "کراس و سوڵتە"، پەیامێکی شاردراوەی تێدایە، کە باس لە شوناس و ڕەسەنایەتی دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمڕۆ ئەم هۆکارە فەرهەنگییە لەبەردەم هەڕەشەی جیهانیبوون و سڕینەوەی مانا بنەڕەتییەکاندایە؛ هەر بۆیە لەم ڕاپۆرتە تایبەتەدا، تیشک دەخەینە سەر مانا و بەهای جلوبەرگی فۆلکلۆری و مەترسییەکانی ئەم ئاوێتەبوونە سەردەمییە لەسەر ئەم مۆرکە نەتەوەییە و ئەو ڕێگەچارانەی کە دەبنە هۆی پاراستنی ئەم کەلەپوورە زیندوە.
بەرگی ڕەسەن؛ پارێزەری بیرەوەریی نەتەوە
لە کلتووری ئێمەدا، ڕەنگەکان بەڕێکەوت هەڵنەبژێردراون. هەر ڕەنگێک گوزارشت لە پلەیەکی کۆمەڵایەتی یان بارێکی دەروونی دەکات. نەخشەکان کە زۆرجار لە سروشت و گوڵ و گیاوە وەرگیراون، پهیوەندییەکی قووڵیان بە ژینگەی ناوچەکەوە هەیە. ئەمە تەنها جوانی نییە، بەڵکو "کۆدێکی کلتوورییە" کە مێژوویەکی دوورودرێژی لە پشتە. م. بههار تهحسین، توێژەر لە مێژووی پۆشاک و کەلەپووردا، دەڵێت: "پۆشاکی ڕەسەن 'پێناسەی کەسایەتییە' کاتێک سەیری نەخشی سەر پۆشاکە دێرینەکان دەکەین، داهێنانێکی ئەندازیاریی سەرسوڕهێنەر دەبینین کە بێ هیچ تەکنەلۆژیایەک دروست کراوە. بە جۆرێک لە ناوچنینی ئەو بەرگانەدا هەر گرێیەک و هەر تەقەڵێک، پەیامێکی نهێنی ئامێز بووە کە مێژوو، بیرباوەر و ناسنامەی خاوەنەکەی بۆ نەوەکانی دوای خۆی دەگواستەوە؛ کەچی لەم ڕۆژگارهدا گرفتە گەورەکەی ئێمە ئەوەیە کە پۆشاک تەنها وەک 'مۆدێل' دەبینین و 'مانا'کەیمان فەرامۆش کردووە. لە کاتێکدا جلی ڕەسەن پارێزەری سەرەکیی بیرەوەریی نیشتمانییە؛ بێ ئاگاین لەوەی هەر گۆڕانکارییەک تێیدا، هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر هەوێنی ڕەگ و ڕیشەمان.
چیرۆکی ژیان لە نێوان نەخش و ڕەنگدا
لە کۆندا، پۆشاک دەیتوانی پێمان بڵێت ئەو کەسە خەڵکی کام ناوچەیە و بارودۆخی دارایی چۆنە و تەنانەت بارودۆخی خێزانییشی چۆنە. ئەم وردەکارییانەش لە ڕێگەی جۆری قوماش، شێوەی بەستنی مێزەر یان جۆری ڕازاندنەوەی سەروبەستەکانەوە دەردەکەوت. هاوشێوەی ئەو تێڕوانینەی د. شهونم بەهزاد، پسپۆڕی سۆسیۆلۆژیای کلتووری ئاماژەی پێ دەکات و دەڵێت: پۆشاک لە کۆمەڵگەی ئێمەدا سیستمێکی 'پەیوەندیی نێوان مرۆیی' بووە. "بۆ نموونە، جۆری نەخشی سەر کراسێکی ژنانە دەیتوانی چیرۆکی ژیانی ئەو خانمانهمان بۆ بگێڕێتەوە، کە ئایا کچێکی مێردمنداڵە، یان ئافرهتێكی بەساڵاچووی بەئەزموونە؛ تەنانەت لە ڕێگەی ڕەنگ و نەخشەکانەوە دەزانرا کە ئایا لە بارێکی تەژی لە شادی دایە یان خەریکی گوزارشتکردنە لە خەمێکی قووڵی نیشتمانی و کۆمەڵایەتی. کەچی به داخهوه، ئەمڕۆ ئەم تایبەتمەندییە بەرەو کاڵبوونەوە دەچێت. چونکە هەژموونی مۆدێرنەی هاوچەرخ وایکردووە پۆشاکەکان هەموو لە یەک بچن. هەر بۆیە، کاڵبوونەوەی ئەم جۆراوجۆرییە لە پۆشاکدا، بە واتای لەدەستدانی ڕەنگاڵەییی لە بیرکردنەوە سەربەخۆییی کلتووریی ناوچەییش دێت. لهبهر ئهوهی پاراستنی پۆشاک پاراستنی جیاوازییە جوانەکانی نێوان مرۆڤەکانە.
لە دەستڕەنگینییەوە بۆ چاپی کارگەیی
لە سەردەمی خێرا و کارگەیی ئەمڕۆدا، زۆرێک لەو پیشە دەستییانەی کە پۆشاکی ڕەسەنیان دروست دەکرد، بەرەو نەمان چوون. قوماشە نایلۆنەکان و چاپە چینییەکان جێگەی دەستڕەنگینیی وەستاکانیان گرتووەتەوە. ئەمە تەنها گۆڕینی ڕووکار نییە، بەڵکو سڕینەوەی "ڕۆحی کلتووری"یە لە جەستەی پۆشاکدا. وەک چۆن توێژەر و دیزاینەر، کاردۆست سیامەند ئاماژەی بۆ دەکات و دەڵێت: ئەوەی ئێستا وەک پۆشاکی کلتووری لە بازاڕەکاندا دەبینرێت، .زۆرجار 'شێواندنی کلتوورە' نەک پاراستنی؛ بۆیە لە بری ئەمە، ئێمە پێویستمان بە 'نۆژەنکردنەوەی پۆشاک' هەیە بە شێوازێکی زانستی؛ بەجۆرێک تەکنەلۆژیای نوێ بەکاربهێنین بۆ ژیانبەخشینەوە بە نەخشە کۆنەکان، نەک تەنها کۆپیکردنی ڕووی دەرەوەیان. چونکە ههر پۆشاکێک کە چیرۆكێكی لەپشت نەبێت، تەنها پارچە قوماشێکی بێ گیانە.كهواته، ئەرکی ئێمەیە ڕێگری بکەین لەوەی پۆشاکە ڕەسەنەکانمان ببنە تەنها کەرەستەیەک بۆ نمایش و وێنەگرتن لە بۆنەکاندا.
لە مۆزەخانەوە بۆ ناوەندە ئەکادیمییەکان
بۆ ئەوەی مێژووی پۆشاک وەک ناسنامەیەکی زیندوو بمێنێتەوە، پێویستە لە ناوەندە پەروەردەیی و ئەکادیمییەکاندا بایەخی پێ بدرێت. ئەم بەرگە دەبێت ببێتە کەرەستەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ تێگەیشتن لە ژیانی پێشینانمان و گواستنەوەی ئەو ئەزموونانە بۆ نەوەی نوێ ههر لهم ڕوانگهیهوه، نازه زاهیر، چالاکوانی بواری میراتی فۆلکلۆری، پێیوایە: "پۆشاک 'ماڵی دووەمی مرۆڤە' و لهو بارهیهوه دهڵێت: ئەگەر بمانەوێت گەنجانی ئەمڕۆ ئاشنا بکەین بە ڕابردووی خۆیان، دەبێت زمانی ڕەنگ و نەخشیان فێر بکەین. پێویستە بزانن بۆچی ئەم ڕەنگە بەکارهاتووە و ئەم شێوازە چی دەگەیەنێت. بۆیە کاتێک لاوێک جلی فۆلکلۆری دەپۆشێت و لە مانا و ڕەسەنایەتییەکەی تێدەگات، هەست بە شانازییەکی قووڵ دەکات؛ چونکە دەزانێت ئەو تۆزەی نیشتووەتە سەر کەلەپوورە کۆنەکانی ناو مۆزەخانەکان، نیشانەی فەرامۆشی نییە، بەڵکو گەواهیدەری شارستانییەتێکی پڕ لە ڕەنگ و مانا و پێناسەیەکە، کە نابێت لێ بگەڕێین کاڵ ببێتەوە.
لە نێوان ڕەسەنایەتی و جیهانیبووندا
ئەم ناسنامە فۆلکلۆرییە تەنها بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی نییە، بەڵکو گەورەترین نوێنەری نەتەوەیە لە گۆڕەپانە جیهانییەکاندا. کاتێک مرۆڤێک بەم شێوازە دێرینەوە دەردەکەوێت، بێ ئەوەی بدوێت، مێژوو و جوگرافیای نیشتمانەکەی بە دەوروبەر دەناسێنێت. ئەمە جۆرێکە لە 'دیپلۆماسیی نەرم' کە دەتوانێت سنوورەکان ببڕێت و وێنەیەکی شارستانیی گەلەکەمان نیشانی ئەوانی تر بدات. لەم بارەیەشەوە، شهنگه نادر، توێژەری پەیوەندییە کلتوورییەکان، سەرنج دەخاتە سەر ئەم ڕەهەندە و پێیوایە؛ ئەم بەرگە 'بڕوانامەیەکە' پێویستی بە ناساندنی زارەکی نییە. چونكه لە سەردەمی ئێستادا کە هەموو شتێک بەرەو یەکڕەنگی دەچێت، پاراستنی تایبەتمەندییە کلتوورییەکان دەبێتە هێزێکی گەورە بۆ ئەوەی کۆمەڵگەکەمان لەناو شەپۆلەکانی جیهانیبووندا نەتوێتەوە و وەک قەوارەیەکی خاوەن مێژوو لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بناسرێت. لەگەڵ ئەوەشدا، پۆشاکی ئێمە بەو هەموو ڕەنگ و نەخشە جیاوازەوە، تەنها پارچە قوماشێک نییە، بەڵکو زمانێکی سەرتاسەرییە کە دەتوانێت لە فێستیڤاڵ و کۆڕبەندەکاندا، به بێ وەرگێڕان، چیرۆکی خۆڕاگری و دەوڵەمەندیی ڕەسەنایەتیمان بگێڕێتەوە.
پۆشاک؛ سەنگەری پاراستنی شوناس
سەرئەنجام؛ پاراستنی پۆشاکی نەتەوەیی، تەنها پاراستنی ڕابردوو نییە، بەڵکو نەخشاندنی ئاییندەیەکی سەربەخۆ و خاوەن شکۆیە. ئەم ئاوێتەبوونی شێواز و ڕەنگاڵەییە، بانگەوازی مانەوە و ڕەسەنایەتییە؛ چونکە کەلەپوور و میرات تەنها سامانێکی مێژوویی نین بۆ تەماشاکردن، بەڵکو سەرچاوەیەکن بۆ دۆزینەوەی مۆرکی نەتەوەیی. چونکە ئاشکرایە کە هەر کۆمەڵگە و پێکهاتەیەک جلوبەرگە دێرینەکەی فەرامۆش بکات، وەک دارێک وایە کە بێ ڕەگ مابێتەوە. لە کاتێکدا خاوەندارێتی لەم مێژووە زیندووە، پارێزگاریکردنە لەو بنەمایانەی کە ژیانی ئێمەیان بە ڕابردوو و داهاتووەوە گرێداوە. هەر بۆیە، ئەمڕۆ بایەخدان بە پۆشاک، تەنها بابەتیێکی کەرەستەیی نییە، بەڵکو بەرگرییە لە دواین سەنگەری ناسنامە کە تایبەتمەندی و جیاوازیی گەلان نیشان دەدات. لەم پێناوەدا، پێویستە ئەم زمانە ڕەنگاڵەییە بکەینە بەشێک لە فەرهەنگی ڕۆژانەمان، تاوەکو لە گێژاوی یەکڕەنگیی جیهانیدا ون نەبین.
