
پێش حەوت سەد ساڵ ئەم یاسا هەم مادی، هەم روحیانە دۆزراونەتەوە، هەندێ کەس پێیان وایە ئەم یاسایانە لە لایەن هرموسی یونانی یەوە دانراوە، هەندێ کەسیش دەڵێن فەراعینەکانی میسری کۆن پەیڕەوییان لێکردووە، گوایا گەردوون بەپێ ئەم یاسایانە بەشێوەیەکی سیستەماتێکی بەڕیوە دەچێ، دەشێ ئینسان سود لەم یاسایانە وەرگرێ بۆ قازانجی رۆژانەی خۆی تا وەکو کێشەو دەردە سەریەکانی کەمتر بێتەوە !
حەوت یاساکە بریتی یە لە
١/ یاسای عەقڵانیەت MENTALISM
٢/ یاسای لەرینەوەو فریکوینسی VIBRATION
٣/ یاسای وەرگۆڕانی وزەیی CORRESPONDENCE
٤/ یاسای هاوئاهەنگی وریتم و ئیقاع RHYTHM
٥/ یاسای جەمسەرگیری POLARITY
٦/ یاسای هۆکار و ئەنجام CAUSE AND EFFECT
٧/ یاسای ڕەگەز GENDER
لەڕاستی دا سێ یاساکەی سەرەوە نەگۆڕن بەڵام چوارەکەی دی لە حاڵەتی گۆڕاو دا دەبێ چاوی لێبکرێ، بابێنە سەر باسی هەر یەک لە یاساکان.
یەکەم، عەقڵانیەت بە واتای گەردوون خاوەنی عەقڵ و ئاوەز و بیرە، بیری گەردوون سەرچاوەی وزەو بیرکردنەوەو شت و مەکی مادییە، گەردوون لەسەر بنەمای سیستەمی بیرکردنەوە بەڕیوە دەچێ، گەردوون ئینسانی عاقڵی خوڵقاندووە لە شێوەی خۆی، دەکرێ و دەشێ ئینسان گفتۆگۆ بکا لەگەڵ عەقڵی گەردوون، داواو ئامانج و ویست و داخوازییەکانی بخاتە روو بەمەرجی فریکوینسیی نەستی هاوتەبا بێت لەگەڵ فریکوینسی گەردوون هەرچەند بیرکردنەوەی ماتریالی دەڵێی هۆشیاری ڕەنگدانەوەی هەڵکەوتی دەوروبەرە بەڵام یاسای عەقڵانیەتی ئەمان هەموو شتەکان دەگەرێنێتەوە بۆ ناخ و بەرپرسیاریەتی خۆدی ئینسان، زمانحاڵیان دەڵێ ئینسان دەبێ لە ناخی خۆی کێشەکانی چارەسەر بکا، ئەگەر هاوتەبا بوو لەگەڵ لێدانی دڵی گەردوون ئەوە چەرمەسەریەکان چارەسەر دەکرێ هەر چەند ئەم بیرکردنەوانە شێمانەیە ( احتمالات )ە، دەکرێ هەر کەس بەپێ ئەزموون و بڕوای خۆی مامەڵە لەگەڵ ئەم یاسایە بکا.
دووەم، یاسای لەرینەوەوهەژان، پێوایە هەموو شتی لە حاڵەتی لەرینەوەی بەردەوام و هەمیشەیی دایە، هەروا هەموو شتێکیش فریکوینسی دیاریکراوی خۆی هەیە، تەنانەت تەخت و کورسییەکان کە بێ گیانن فریکوینسی خۆیان هەیە، هەموو شتێ بریتی یە لە وزە، وەک ئاشکرایە وزە زۆرترین وزەی هاوشێوەی خۆی ڕادەکێشێ، یاسای ڕاکێشان، بنەرەتی ئەم یاسایەیە، هەموو شتی کە وەریدەگرین یان هەموو شتی کە بیرلێدەکەینەوەو یان هەستی پێ دەکەین لە بنەرەتدا وزەیە بە فریکوینسی و شەپۆلی دریژیی جیاواز، سەبارەت بە هەست و نەستەکان ئەگەر بخرێنە سەر پێوانەی لەرینەوە، ئەوە رق و کینە هەست و نەستێکە کە کەمترین وزەو فریکوینسی یی هەیە لە بەڕانبەردا خۆشەویستی بێ سنوورو بێ مەرج بەرزترین وزەو فریکوینسی یی هەیە ! ئەگەر ئینسان بتوانی هەست و نەست و حەزەکانی بە پێ فریکوینسییەکی گونجاو کۆنترۆڵ بکا ئەوە دەتوانی چونیەتی ئەو وزەو فریکوینسیانە دیاری بکا کە دەگەڕێتەوە بۆی !
یاسای وەرگۆڕانی وزە یاسایەکی نەگۆرە، ئەم یاسایە دەڵێی، هەموو شتی لە گەردوون وزەیە، ئەم وزەیەش نە پەرت ئەبێ، نە لە هیچەوە سەرهەڵئەدا بەڵکو وەردەگەڕێ لە دۆخێکەوە بۆ دۆخێکی دی، وزە دەجوڵێتەوە لە نێوان دوو ئاست و ئاراستەی مادی و وزەیی، لە کاتێکدا بیروباوەڕت کۆنترۆڵ بکەیت بە شێوەیەکی ڕاست و دروست پێ بگەیەنی ئەوە لە جیهانی مادی دا بەرجەستە ئەبێ، ئەگەر دەتەوێ سەربکەوی ئەوە فۆکوس بخە سەر سەرکەوتن و ئەو هەستە بێنە پێش چاوی خۆت بە بێ ئەوەی لە دۆڕان بترسی !
چوارەم، یاسای هاوئاهەنگی وریتم. گەردوون هاوئاهەنگە بەشێوەیەکی ناوازەو ڕها، وزە دەیجولینێ لە چوارچێوەی ریتم و ئیقاع دا، ریتم لە هەموو جوڵەیەکی دەوروبەرمان بەرجەستەیە ! وەک جوڵەی ئەستێرەکان لە مەوداو رێڕەوی خۆیاندا هەروا رۆژهەڵاتن و رۆژئاوا بوون، خۆرو مانگ، هەڵکشان و داکشان، وەک ئاشکرایە وزە نەگۆڕ نییە بە ڵکو بەپێ ریتمی هاوئاهەنگ دەجوڵێتەوە، لەسەرەوە بۆ خوارەوە هەروا لە خوارەوە بۆ سەرەوە هاتووچۆ دەکا بەشێوەیەک لە ناوەوە بۆ دەرەوە هەروا لە دەرەوە بۆ ناوەوە ئەمەش بەو واتایە هەژانی نزم، هەژانی بەرز بەدوای خۆی دێنێ بۆ پاراستنی هاوسەنگی، ئەگەر ئینسان هەست بە دڵگوشین و بێزاری بکا دڵنیا بە کە دۆخەکە دەگۆڕێ و هەست و نەستی خۆشی بەدوای خۆیدا دەهێنێ بەمەرجی فریکوینسی و لەران و هەژانی خۆت بەو پێیە کۆنترۆڵ بکەیت .
پێنجەم، یاسای جەمسەرگیری، ئەم یاسایە گۆڕاوە، بۆ نموونە پلەی گەرما وەک ئاشکرایە گەرماو سەرما ناکۆک و پارادۆکسن بەڵام هەردووکیان پلەی گەرمان، جیاوازی لە ئاستی پلەکەیە، نموونەکانی دی وەک شەڕوئاشتی، خۆشەویستی و کینە، خەیرو شەڕ، تاریکی و رۆشنایی، زانین و نەزانین، دەکرێ لە نێوان ئەم جەمسەرە ناکۆکانە جوڵە بە وزەی خۆت بکەیت فۆکوس بخەیتە سەر جەمسەری ئەرینی !
شەشەم، یاسای هۆکارو ئەنجام، ئەم یاسایە گۆڕاوە، هەموو هۆکارێک ئەنجامی هەیە، هەموو ئەنجامێکیش هۆکاری هەیە، هەروا هەموو کارێک کاردانەوەی هەیە، هەر شتێک هەستی پێ بکەیت لە جیهانی مادی بێگومان هۆکاری هەیە کە هەڵقوڵاوە بەشێوەیەکی بنەرەتی لە جیهانی وەزەدا، ئەم یاسایە وەک کومپاس وایە ئاراستەت دیاری دەکا، ئەگەر بڕوانی بۆ ژیانت و گرفتت هەبوو، ئەمە ئەوە دەگەیەنێ کە گرفتەکە لە ناوەوەیەو دەبێ چارەسەری بکەیت، بۆ نموونە لە بەدیهێنانی ئامانجەکانت، ئەگەر ئەنجامێکی دیاریکراوت دەوێ دەبێ فۆکوس بخەیتە سەر ئەو هەژان و لەرینەوەو فریکوینسی یە کە هاوئاهەنگە لەگەڵ ئەنجامەکەی دا.
حەوتەم، یاسای ڕەگەز، ئەم یاسایە دەڕوانێتە نێرو مێ وەک وزەی داهێنەرانە، ئەم دوو وزەیە هاوئاهەنگانە لە هەموو شت و کەسەکان هەن، هەموو کەسێ وزەی نێری هەیە هەروا وزەی مێ یی هەیە
زانینی ئەم یاسایەو پەیڕەو کردن لێی، یارمەتیت ئەدا بۆ ئەنجامدانی کاری داهێنەرانە ! ئەگەر نا هاوسەنگی روو بدا ئەوە تای تەرازوو بەڵای وزەی زاڵ دا وەردەچەرخێ، بۆ نموونە وزەی نێر بریتی یە لە هۆشیاری و بیر و فۆکوس بەڵام وزەی مێ یەنە بریتی یە لە هەست و نەست و خۆشەویستی و سەبرو ئوقرە، بەتەنگەوەهاتن.
پروسەی داهێنان هاوئاهەنگە لە نێوان ئەم دوو وزەیە و چونیەتی گواستنەوە لە نێوان ئەم دوو وزەیە لەکات و ساتی گونجاودا !
یاسای سەربار !
یاسای ڕێژەیی یە RELATIVITY
هەموو شتی لە گەردوون دا رێژەیی یە چ بە سروشتی زاڵی خۆی یا بەشێوازی درک کردنی ماتریالی بۆ ئەو شتە !
ئەگەر بەراوردی شتێکی قەوارە بچووک بکەیت بەشتێکی گەورە ئەوە بە بچووک دێتە بەرچاو بەڵام ئەگەر بەراوردیکەیت لە خۆی بچووکتر ئەوە بە گەورە دێتە پێش چاو، بۆ نموونە ئۆتۆمبیل خێرایە ئەگەر بەرواردی کەیت لەگەڵ خێرایی ڕۆیشتن بە پێ، کەچی هیواشە ئەگەر بەراوردی کەیت لەگەڵ خێرایی فرۆکە هەروا خێرایی فرۆکەش هیواشە ئەگەر بەراوردی کەیت لەگەڵ ڕاکێتی ئاسمانی.
لەسەر ئاستی کەسایەتییش ئەگەر خۆت بەراورد کەیت لەگەڵ کەسێکی بەتوانا ئەوە خۆت بە لاواز دێتە بەرچاو بەڵام ئەگەر خۆت بەراوردکەیت لەگەڵ کەسێک توانای لەخۆت کەمترە ئەوە خۆت بە تواناو بەهێز دەرئەکەوێ ! تەنانەت لە زانستی فەلسەفەو کۆمەڵناسی لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو دەرکەوت هەقیقەتیش ڕێژەیی یە بەتایبەت لەسەردەمی گلاسنوست بیرویستریکا، لە زانستی فیزیاش ئینشتاینیش دانی بەم هەقیقەتە داناوە کە هەموو دیاردەیەکی فیزیاوی گەردوونی رێژەیی یە !
هاوڕێ نەهرۆ / ئۆسلۆ
٧ / ٩ / ٢٠٢٦
