نرخی ڤێلایەك دوو سەد دەفتەرە، نرخی مۆبایلێك هەڤدە گەڵایە، نرخی كاتژمێرێكی دەستی، دە گەڵایە، نرخی تەسبیحێكی كارەبایی، بیست گەڵایە، نرخی كۆترێك دەفتەرێكە، نرخی جی كڵاسێك بیست دەفتەرە،  نرخی ئەنگوستیلەیەكی نقێمدار پێنچ گەڵایە، كوبە و پیتزاو قاوەی ڤی ئای پی هەیە، پشیلە و سەگ و بێچووە مەیمون لە مرۆڤ خۆشەویسترن و خزمەتی زیاتر دەكرێن، ئەی نرخی مرۆڤ چەندە؟ هیچ ! سفری دوای وێرگوڵ. بێگومان مرۆڤ نرخی نییە و گەورەترین سەرمایەی ژیانە، لە هەموو ئایین و فەلسەفە و ئایدۆلۆژیاو پەیڕە و میتۆدێك، بەڵام لە كوردستاندا، نەك هیچ بەهای نییە بەڵكو كەمترین و بێ نرخترین شت مرۆڤە، وەك ئەوەی ڕۆژانە خوێنی دەڕژێت، ستەمی لێ دەكرێت، مافی دەخورێت،  دەبێتە گاڵتەجاریی نێو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، دەبێتە بابەت و كەرستەی میدیایی و ڕۆژانە شكۆی دەشكێت. لە كوردستاندا ئێستا پشیلەیەك و سەگێك ڤی ئای پین بەڵام مرۆڤ نا، كچێكی جوان و گوایا مۆدێل، شینێك بۆ سەگەكەی دەگێڕێت ئەو سەری دیار نەبێت ! كەچی ڕۆژانە بە بەرچاویەوە دەیان منداڵ بە نەخۆشییەوە دەمرن، هەر باكیشی پێ نییە. دەسەڵاتی كوردی لە دوای ڕاپەڕینەوە هەموو شتێكی دروست كرد بە بەنداو، بە شەقام، بە تونێل، بە ئەمپایەر، بە كچە مۆدێل و ڕاگەیاندكاری  بیر و زمان هەژار و ڕووخسار جوان، بە تەلەفزیۆنی خاوەن ملیۆنان دۆلاری داهاتی دزراو، بە بەرپرسی گەندەڵی خاوەن ڤێلاو باغ و هەموو شتێك، بەڵام بە داخەوە مرۆڤی دروست نەكرد. مرۆڤی كورد، لە ژێر سایەی دەسەڵاًتی فاشی بەعس، سایكۆلۆژیا و كەسیەتی تێكشكێنرابوو، وێرانكرابوو، بۆیە دەبوو یەكەم كاری دەسەڵاتی كوردی هەر ڕێك دوای بلێسەی ڕاپەڕین، گرێدانەوەی ئەو مرۆڤە بە خۆی، بە خاكەكەی، بە زمان و كولتوورەكەی بووایە و كەسیەتییەكەی بیناكردباوە، بە جۆرێك كە بزانێت مرۆڤ لە هەموو شتێك بەهادارترە، بەلام بەداخەوە لە بری ئەمە شەڕی ناو خۆو ئەزموونی دوو ئیدارەیی و كەموكورتی و گەندەڵی و دەیان كێماسی دیكەمان بینی.

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا