كارزان ئەحمەد

لەساییەی ئەم دەربڕینەدا كە دەربڕینێكی  ئینگلیزیە (Starve them into submission) دەیان ساڵە چەكی سزای ئابووری یەكێك بووە لە ئامرازە سەرەكییەكانی ئەمریكا بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ نەیارەكانی،كە خۆی لە قەدەغەكردنی بازرگانییەوە تا توندكردنی دارایی و دابڕانی ئابووری بەدیی دەكات،لەمەوە واشنتن هێزی ئابووری خۆی بەكارهێناوە بۆ فشار خستنە سەر ڕكابەرەكانی،بۆیە دەتوانیین بڵیین لەم چەند دەییەی رابردوودا سزای ئابووری بوەتە چەكی جێگرەوەی واشنتن بۆ جەنگ،لەمڕۆدا ئەمریكا سەرەڕای هێرشی سەربازی دژ  بەئێران ئەم سیاسەتە پەیڕەو دەكات،چونكە پێی وایە هەر پچڕانێكی درێژخایەن  بۆ هەناردەی نەوت‌وگاز سروشتی لەپاڵ بازرگانی  لەڕێگەی گەرووی هورمزەوە دەبێتە هۆی هەڕەشە لە زنجیرەی دابینكردنی نەوت و گاز‌و بەرزبوونەوەی تێچووی گواستنەوە‌وبیمە گواستنەوە،ئەمانە وادەكەن فشاری زیاتر بخرێتە سەر نرخی وزە لەبازاڕەكانی جیهاندا،لەمەوە ئەمریكا پێی وایە كە شەڕی گەرووی هورمز بۆتە شەڕێك لەسەر ئازادی دەریاوانی و ئاسایشی وزە و سەقامگیری ئابووری جیهانی.

لەساییەی سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر نەیارەكانی كە خۆی لەو دەربرینە بەدیی دەكات: برسیت دەكەم تا خۆت بەدەستەوە دەدەێت، یان مڵكەچی مەرج‌وبەرژەوەندیەكانم دەبێت،ئیدارەی ئەمریكا بە سەرۆكایەتی دۆناڵد ترەمپ چەكی سزاكان وەك یەكێك لە ئامرازەكانی سیاسەتی ئابووری بەكاردەهێنێت، كە ئەم سیاسەتە لە گرنگترین جۆرەكانی سیاسەتن لە چوارچێوەی سیاسەتی بەربەستی نێودەوڵەتی كە ئامانجیان بەدەستهێنانی دەستكەوتی سیاسی‌و ئابووری‌و كۆمەڵایەتی دیاریكراوە،لەو چوارچێوەیەدا ئەمریكا لەماوەی دەیان ساڵی رابردوودا سزای ئابووری بەسەر زۆرێك لە وڵاتانی  وەك ڕوسیا، چین، كۆریای باكوور، ئێران و توركیادا،لیبیا‌وكوبا سەپاندووە،لەئێستاشدا كەنەدا‌و  ئەمریكا بەرەو جەنگێكی بازرگانیی توند دەچن‌وكاڵاكانی یەكتر دەكەنە ئامانج، لەوچوارچێوەیەشدا‌و بڕیار بوو حكومەتی كەنەدا لەمانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا لە وەڵاَمی باجە گومرگییەكانی ئەمریكادا، باجی تۆڵەسەندنەوە بەسەر چەند كاڵایەكی هاوردەكراو لەئەمریكاوە بسەپێنێت، كە كلێنكسی تەوالێتئ‌و  چەند بەرهەمێكی دیكەی كاغەزی دەگرێتەوە بە رێژەی 25% بۆ 50% هاوشان لەگەڵ كۆمەڵێك كاڵای دیكەی بەكارهێنانی رۆژانە،ئەمە لەكاتێكدایە ئەمریكا لە 15ی ئەیلوولی ئەساڵدا باجی زیادەی بە رێژەی لەسەدا 50ی بەسەر كەنەدا سەپاند، ئەو بەرهەمانەشی كە دەكەونە چوارچێوەی سزاكانی ئەمریكا بریتین لە هەندێك جۆری پەنیر، خوری ئاژەڵان، بەلەمی بچوك، بەرهەمەكانی كلێنكس و پۆڵا، سەپاندنی ئەو باج و رسوماتانە دوای ئەوە دێت كە ئۆتاوا رسوماتی گومرگیی بەسەر بەرهەمی ئەمریكیدا سەپاندبوو،ئەمە لەكاتێكدایە ئابووریی كەنەدا بەهۆی ئەوەی لەسەر سنووری گەورەترین بازاڕی جیهاندایە، بە درێژایی چەند دەیەیەك پشت بە ئەمریكا دەبەستێت، بەجۆرێك نزیكەی سێ بەشی هەناردەی كەنەدا بۆ ئەو وڵاتە دەبێت.

سروشتی گەمارۆ ئابووریەكانی ئەمریكا:

سزای ئابووری بە یەكێك لە ئامرازەكانی سیاسەتی دەرەوە دادەنرێت كە بە درێژایی مێژوو بە شێوەیەكی بەرفراوان بەكارهاتووە بۆ گەمارۆدان و داخستنی ڕێگا بازرگانییەكان لە دژی ڕكابەرێك بەكارهێنراون بۆ ئەوەی ناچاریان بكەن پابەند بن بە داواكارییەكانی ئەو دەوڵەتەی كە سزاكان جێبەجێ دەكات،ئەمەش لەڕێگەی لاوازكردنی كاریگەری سەربازی‌و ئابووری ئەو دەوڵەتی سزا ئابووری‌ودارایەكانی بەسەردا سەپێنراوە بۆ بەدەستهێنانی سەركەوتنێك كە بە هێز بەدەست ناهێنرێت،ئەم سزایانە هەندێ‌ پسپۆرانی بواری ئابووری‌و توێژەران بە بایكۆتی ئابووری ناویان ناوە،هەندێكی تریان بە ئابڵوقەی ئابووری ناوی دەبەن، هەروەها بە دەستدرێژی ئابووری ناودەبرێت‌وگروپێكی تر بە سزای ئابووری ناوی دەبەن چونكە شەرعییەت و مانای سزای هەیە.

ولاتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا پێیی وایە گەمارۆی ئابووری بەرامبەر هەندێ‌ لە وڵاتان كە مڵكەچی بەرژەوندی وسیاسەتەكانی نابن گونجاوترین بژاردەیە لە هەندێك ململانێی دەرەكیدا‌و ئامرازی سزاكان بەوە تایبەتمەند دەبن كە پێویستی بە تەرخانكردنی بودجەی دیاریكراو نییە.

تاقیكرنەوەكانی سەپاندنی سزاكان بەسەر وڵاتاندا ئەوەی دەرخستووە كە كاریگەری سزاكان زۆر دەگۆڕێت بە گوێرەی وڵات‌و ئامانج‌و هاوپەیمانی سەپاندنی سزاكان،واتە ئامانجی سزاكان چەندە سنووردارتر بێت و هاوپەیمانێتییەكە فراوانتر بێت، ئەوەندە كاریگەرتر دەبێت.

هەرچەندە سزا ئابووریەكان لە ڕووی تیۆرییەوە بە جێگرەوەیەك دادەنرێن بۆ بەكارهێنانی هێزی سەربازی‌و هەنگاوێكی ناوەندن لە نێوان كرداری دیپلۆماسی‌و كرداری سەربازی،بەڵام لە ڕاستیدا سزای ئابووری كاریگەری راستەوخۆ و بەرچاوی لەسەر ئەو وڵاتانە هەیە كە بەسەریاندا سەپێنراون،نموونەی ئەمەش كاریگەری‌ولێكەوتە مەترسیەكانە بۆ سەر ئابووری‌ودانیشتوان وڵاتانی عێراق‌وئێران كوبایە،تاقیكردنەوەكانیش ئەوەی سەڵماندوە كە زۆربەی یسزا‌وگەمارو ئابووریەكانكاریگەری مەترسیداریان هەبووە بۆ سەر هەژاران‌وئەوانەی دەهاتی مانگانەیان نزمە، ئەمەش لەوڵاتان عێراق‌و ئێران كوبا بەدیی دەكرێت

 

سزای ئابووری چەكی جێگرەوەی واشنتن بۆ جەنگ:

سزاكانی ئابووری بە شێوەیەكی بەرفراوان وەك ئامرازێكی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا بەكارهاتوون، كە لە جێبەجێكردنیان لە ئاستە جیاوازەكاندا پشت دەبەستن بە پێكهاتەكانی هێزی ئابووری و دارایی و سەربازی و پڕوپاگەندە،هەروەها كاریگەری نێودەوڵەتی.

ئەم سزایانە لە ڕێگەی چەند دامەزراوەیەكەوە یاسا دەردەكرێن و جێبەجێ دەكرێن كە هەریەكەیان دەسەڵات‌و ڕۆڵی تایبەتی خۆی هەیە،واتە كۆمەڵێك دامەزراوە لەم كارەدا بەشدارن، وەك سەرۆكایەتی و دەزگا جێبەجێكارییەكانی وەك وەزارەتی خەزێنە، دەرەوە، بەرگری، بازرگانی و دادوەری، هەروەها كۆنگرێس، كە یاسا و یاسای پێویست دەردەكات بۆ سەپاندنی ئەم سزایانە، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە یەكێك لە وڵاتانی پێشەنگی جیهان دادەنرێت لە بەكارهێنانی سزای ئابووری،چونكە ئەمریكا سزای ئابووری وەك ڕێبازێكی بەردەوام بۆ ماوەیەكی درێژ پەیڕەو كردووە، بێ گوێدانە گۆڕانی دەسەڵات لە نێوان پارتی دیموكرات و كۆماری. ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا چەندین شێوە سزای ئابووری سەپاندووە، چا سەرەتایی بووبێت یان بەشێوەیەكی بەرفراوان،ئەمەش بەمەبەستی گەیشتن بە ئامانجەكانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا كە لە ڕێگەی سەپاندنی سزاكان‌وئابلووقەی ئابووری دەیەوێت هەژموون‌و سەركردایەتی ئەمریكا لە جیهاندا بهێڵێتەوە،چونكە سیاسەتی دەرەوە چەند ئامانجێكی هەیە كە دەوڵەت دەیەوێت بەدەستی بهێنێت، چ لە بواری ناوچەیی‌وهەرێمی بێت، یان لە بواری جیهانی.

وڵاتانی سەرمایەداری‌وكۆمپانیای گەورەكانی جیهان بەتایبەتی فرە رەگەزەكانی هەمێشە لەملمڵانی بەردەوامدان بۆ كۆمتروڵكردنی بازاڕەكانی جیهان‌ودۆزینەوەی بازاڕی نوێ‌،بۆیە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ململانێ لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكاندا، بەرژەوەندییەكان، ئامانجەكان و ئاواتەكانی دەوڵەتان زۆرجار بەریەك دەكەون،لەو چوارچێوەیەدا دەسەڵات ڕۆڵی سەرەكی دەبینێت لە سەپاندنی ئیرادەی دەوڵەتە بەهێزەكان بەسەر ئەوانەدا كە لە ڕووی سیاسی، ئابووری و سەربازییەوە لاوازترن،ئەمەش لەسەردەمی جەنگی سارد لەنێوان وڵاتانی سەرمایەداری‌وبلوكی سوسیاڵیستی زیاتر بەدەر كەوت،لەئێستاشدا بەتایبەتی لەدوای ڕووخانی یەكێتی سۆڤیەت، ئەمریكا بووتە یاریزانی سەرەكی جیهان بەهۆی ئەو سەرچاوەیانەی كە ڕێگە دەدات كاریگەری لەسەر سیاسەتی دەوڵەتان و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان هەبێت.

ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئەم توانا گەورەیانە لە ڕێگەی هێزی ئابووری، جبەخانەی سەربازی و ئامرازەكانی دیپلۆماسی و میدیاییەوە بەكاردەهێنێت بۆ بەدەستهێنانی بەرزترین بەرژەوەندییەكانی و پاراستنی پێگەی نێودەوڵەتی لە سیستەمێكی نێودەوڵەتی تاك جەمسەردا.

ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا توانای ئابووری و سیاسی و سەربازی خۆی بەكاردەهێنێت بۆ چەمانەوەی سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەكی وڵاتان بۆ گونجاندن لەگەڵ تێڕوانینی خۆی بۆ داڕشتنی سیستەمی نێودەوڵەتی و پشت بەستن بە گەمارۆكانی ئابووری وەك ئامرازێك چونكە ئەو گەمارۆیانە كاریگەری نەرێنی لەسەر سەقامگیری‌و ئابووری ئەو وڵاتانە هەیە، ئەمریكا بە یەكێك لەو وڵاتانەی جیهان دادەنرێت كە زۆرترین گەمارۆی ئابووری بەكاردەهێنێت.

 لەم توێژینەوەیەدا تیشك دەخەینە سەر ئەم ئامرازە لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا و چۆنیەتی بەكارهێنانی بە شێوازی جۆراوجۆر.

ئەمریكا‌وسزا ئابووریەكانی سەر ئێران:

لەسەردەمی دەسەڵاتی بنەماڵی محەمەد رەزا بهلەوی ئێران پێگەیەكی گرنگی هەبوو لەناوچەكەدا بۆ پاراستنی بەرژەوندیەكانی ئەمریكا،بەڵام سەركەوتنی شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران لە ساڵی 1979 و ڕووخانی ڕژێمی شا خاڵێكی وەرچەرخانێكی گرنگ بوو لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا بەرامبەر ئێران،چونكە ئێران لە هاوپەیمانێكی ستراتیژی وڵاتانی ڕۆژئاوا بە گشتی‌و ئەمریكا بە تایبەتی گۆڕا بۆ وڵاتێكی خاوەن قورسایی‌وكاریگەری ناوچەیی كە سیاسەتی دژایەتی ئەمریكا ڕادەكێشێت، ئەم تێڕوانینەی ئەمریكا بەهێز بوو بەهۆی ئەو باوەڕەی ئەمریكا كە ناتوانێت بەرژەوەندییە گرنگەكانی خۆی (نەوت) لە ناوچەكەدا بە دەستی كەسێك بەجێبهێڵێت كە نەیپارێزێت یان لەبەردەم هەلومەرج ‌و سەرسوڕماندا بەجێیان بهێڵێت، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی نەبوونی متمانە لە نێوان ئەمریكا‌و ڕژێمی نوێی ئێران كە لە دوای شۆڕشی ئیسلامی ساڵی 1979 سەریهەڵدا.

لەماوەی چەند دەییەی رابردوودا ئەمەریكا پشتی بە گەمارۆكانی ئابووری بەستووە وەك ڕێگەیەكی سەرەكی بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئێران بەبێ پەنابردن بۆ كرداری سەربازی، ئەمەش بەمەبەستی فشار خستنە سەر ئێران بۆ گۆڕینی سیاسەتەكانی و سنوورداركردنی خواستە ئەتۆمییەكانی.

لەماوەی دە ساڵی رابردوودا ویلایەتی یكگرتوەكانی ئەمریكا ئاماژە بەوەدەدات كە ئامانجی وڵاتەكەی لەسەپاندنی سزا بەسەر ئێراندا لەدوو ئامانجی سەرەكیدا خۆی بەدیی دەكات:

یەكەمیان لاوازكردنی ئێران لە ڕووی ئابوورییەوە بۆ ڕێگریكردن لە پەرەپێدانی توانا سەربازییەكانی یان بەدەستهێنانی پشتیوانی دیپلۆماسی كە یارمەتیدەرە بۆ لاوازكردنی سیاسەتی ئەمریكا بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی.

دووهەمیان گۆشەگیركردنی دیپلۆماسی ئێران لە ڕێگەی دامەزراندنی پەیوەندییەكی بەهێز لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە‌و زلهێزەكانی تر بۆ فشار خستنە سەر ئێران لە ڕووی ئابووری‌و سەربازییەوە، بەم پێیە، سزای ئابووری بە كاریگەرترین شێوە دادەنرێت بەپێی تێڕوانینی ئەمەریكا كە بریتییە لە قەدەغەكردنی فرۆشتنی چەك، قەدەغەكردنی هەناردەكردنی تەكنەلۆژیای پێشكەوتوو بۆ ئێران، سەپاندنی سنوور بەسەر بازرگانی و وەبەرهێنانەكانی ئێران بۆ لاوازكردنی ئابووریی، سنوورداركردنی گەشتی ئێرانییەكان بۆ دەرەوەی وڵات، هەروەها سنوورداركردنی زیاتر بۆ سەرچاوەكانی دراوی قورسی ئێران كە بۆ كڕینی چەك و تەكنەلۆژیای پێشكەوتوو بەكاردەهێنرێت، هەروەها سەپاندنی سنوور بۆ كڕینی سەرچاوەكانی وزەی ئێران بەتایبەتی نەوت ‌و گازی سروشتی كە سەرچاوەی زۆر گرنگی داهاتی نەتەوەیی ئێرانن،لەم چوارچێوەیەشدا سیاسەتی ئەمەریكا لەم بوارەدا كاریگەری ئاشكرای لەسەر ئابووری ئێران هەبووە‌و كێشەی ئابووری خراپتر كردووە،بەشیوەیەك ئاستی هەڵئاوسان بەردەوام لەبەرزبوونەوەدایە.

لەماوەی سێ‌ دەییەی رابردوودا ئەمریكا چەندین سزای ئابووری توندی بەسەر ئێراندا سەپاندوەلە، لە ساڵی 1995، ئەمریكا گەمارۆی بازرگانی تەواوی بەسەر ئێراندا سەپاند كاتێك سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا بیل كلینتۆن فەرمانی جێبەجێكاری دەركرد كە ڕێگە لە كۆمپانیا ئەمریكییەكان دەگرێت وەبەرهێنان لە نەوت‌و گازی ئێران یان بازرگانی لەگەڵ ئێراندا بكەن،هەروەها لە ساڵی 1996، كۆنگرێس ئەمریكا یاسایەكی دەركرد كە داوا لە ئیدارەی ئەمریكا دەكات سزای بەسەر هەموو كۆمپانیا بیانییەكاندا بسەپێنێت كە وەبەرهێنان لە كەرتی وزەی ئێران دەكەن،شان بەشانی ئەمەدا ئەمریكا كاریگەری خۆی لە نێو ڕێكخراوە ئابووری‌و دراوی‌و بازرگانییە نێودەوڵەتییەكاندا بەكارهێنا بۆ ڕێگریكردن لە ئێران لە بەدەستهێنانی پێگەیەكی ئابووری جیهانی، وەك دژایەتیكردنی چوونە ناو ڕێكخراوی بازرگانی جیهانی، هەوڵدان بۆ سنوورداركردنی گواستنەوەی تەكنەلۆژیای پێشكەوتوو بۆ ئێران، بەتایبەتی لە ڕوسیاوە، و دوورخستنەوەی ئێران لە بەشداریكردن لە پرۆژەكانی نەوت لە وڵاتانی دەریای قەزوین،هەروەها ڕێگریكردن لە تێپەڕبوونی بۆری نەوت و گازی دەریای قەزوین لە ئێرانەوە بۆ بازاڕە جیهانییەكان، ئەم سیاسەتە بەردەوام بوو بۆ فشار خستنە سەر ئێران و كۆكردنەوەی هێزە سیاسییە نێودەوڵەتییەكان لە دژی ئێران،هاوكات ئەمریكا هەڕەشەی لەو وڵاتانە كرد كە یارمەتی ئێران دەدەن بە هەڵپەساردنی ڕێككەوتنی ئاڵوگۆڕی تەكنەلۆژیا، دووركەوتنەوە لە هەناردەكردنی كەلوپەلی ئەمریكی بۆی، ‌و بڕینی هاوكارییەكانی ئەمریكا. لە ساڵی 2005، لە سەردەمی سەرۆكایەتی جۆرج دەبلیو بوش، زنجیرەیەك بڕیاری بەستنی سەرمایە بۆ كۆمپانیا و تاكەكان دەركرا بە بیانووی تێوەگلان لە پاڵپشتیكردنی تیرۆر ‌و هەڕەشە لە سەقامگیری عێراق ‌و پشتگیری كردن لە مووشەك ‌و بەرنامە ئەتۆمییەكانی ئێران.

 دەسەڵاتی سەرۆكی ئەمریكا لەم بوارەدا لە ساڵی 2006 دا بە هۆی یاسای بڵاونەكردنەوەی بڵاوبوونەوەی چەكی ئەتۆمی ئێران ‌و كۆریای باكوور ‌و سوریا بە شێوەیەكی بەرچاو فراوانتر بوو كە بەپێی ئەو یاسایە ئیدارەی ئەمریكا سەرمایەی زۆرێك لە بەرپرس ‌و كۆمپانیاكانی ئێرانی بەست بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە سوپای پاسدارانەوە هەبوو،هەروەك سزای بەسەر ئێراندا سەپاند سزاكانی ئەمریكا كاریگەری نەرێنی لەسەر ئێران هەبوو و بووە هۆی دابەزینی داهاتی حكومەتی ئێران‌و دابەزینی بەهای دراوی ئەو وڵاتە،سەڕای ئەمە گەمارۆی نەوت كاریگەری زۆری لەسەر داهاتی هەناردەكردنی ئێران هەبوو.

لە ساڵی 2008 ئەمەریكا بانكەكانی وڵاتەكەی قەدەغە كرد لە نێوەندگیری گواستنەوەی پارە لەگەڵ ئێران‌و لە ساڵی 2011 واشنتن سزاكانی بەسەر ئەو كەسانەدا توندتر كرد كە پشتگیری پەرەپێدانی كەرتی نەوتی ئێران دەكەن.

هەروەك لەماوەی چەند مانگی رابردوودا ململانییەكانی ئەمریكا‌وئێران سنووری سزاكانی تپێپەراند‌وئەمەریكا‌وئیسرائیل هێرشی سیربازیان كرد سەر ئەو وڵاتە،بۆیە لە 2ـی ئادارەوە ئێران تەنگەكەی هورمزی بە رووی كەشتییەكاندا داخستووە،ئەمەش كاریگەری برەچاوی هەبووە بۆ سەر بازاڕەكانی وزە‌وبەرزبوونەوەی نرخی نەوت‌وگواستنەوەی دەریایی،ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی رێكخراوی نێودەوڵەتی بۆ گواستنەوەی دەریایی، پێش جەنگی ئەمریكا-ئێران رۆژانە 20 ملیۆن بەرمیل نەوت بەو گەروی هورمز هەناردەی بازاڕەكانی جیهان دەكرا، لەو كاتەوە بە تێكڕا كەمتر لە یەك ملیۆن بەرمیل نەوت بۆ هەر رۆژێك هەناردەكراوە.

لە 14ـی تەممووزیشەوە ئەمریكا گەمارۆی خستووەتە سەر بەندەرەكانی ئێران‌و بەگوێرەی سێنتكۆم، لەو كاتەوە ئاراستەی لانیكەم 100 كەشتییان گۆڕیوە كە دەیانویست گەمارۆكە بشكێنن.

 

دۆخی ئابووری ئێران لەساییەی سزاكانی ئەمریكا:

بەپێی داتا‌وزانیاریەكانی رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان‌وداتا‌وئامارەكانی حكومەتی ئێران ئابووری ئێران بەقۆناغێكی سەخت‌ومەترسیدار تێپەردەبێت،چونكە لەدوای شەش مانگ لە جەنگی ئەمریكا‌و ئیسرائیل دژی ئێران، كە لە 28ی شوباتی 2026 دەستی پێكرد، ئابووریی ئێران لە دۆخێكی هەستیاری درێژخایەنی سەردەمی سزاكانەوە، گۆڕدراوە بۆ دۆخێك كە ئێستا چەندین دامەزراوەی نێودەوڵەتی بە (داڕمانی تەواو) ناوی دەنێن، گۆڕەپانی سەرەكیی جەنگەكە دەركەوت كە ئابوورییە، گەمارۆی دەریایی تەنگەی هورمز لەلایەن هیزەكانی ئەمریكا كە لەناوچەكەدان‌و راگرتنی نزیكەی تەواوی هەناردەی نەوت‌و دابەزینی خێرای بەهای دراوی ئێران، پێكەوە خراپترین قەیرانی ئابووریی ئێرانیان لە دوای ساڵانی 1980وە دروستكردووە.

بەپێی نوێترین داتا‌وزانیاری ناوەندی ئاماری ئێران، لە مانگی ئابی ئەمساڵدا رێژەی هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ لەو وڵاتە گەیشتووەتە لەسەدا 89 ‌و لە ساڵێكیشدا تێكڕای نرخی خۆراك‌و خواردنەوەكان زیاتر لەسەدا 127 بەرزبووەتەوە.

هەر بەپێی داتا‌وزانیاریەكانی ناوەندی ئاماری ئێران، كەرتی هۆتێل و چێشتخانە زیاتر لەسەدا 107‌و كەرتی گواستنەوەش نزیكەی لەسەدا 105 بەراورد بە مانگی ئابی ساڵی رابردودا زیادیكردووە،هەروەها تێكڕای هەڵاوسانی ساڵانە لە 12 مانگی رابردوودا گەیشتووەتە لەسەدا 69.9‌و هەڵاوسانی مانگانەش بۆ مانگی ئاب لەسەدا 3.4 بووە.

هاوكات لەگەڵ ئەمەش، ئەمریكا فشارە ئابوورییەكان‌و سزاكانی لەسەر ئێران چڕتر كردووەتەوە،بەتایبەتی كە گەمارۆی ئەمریكا لەسەر جموجۆڵی كەشتیوانیی پەیوەست بە ئێران، بووەتە هۆی راگرتنی هەناردەی نەوتی خاوی ئەو وڵاتە لەو كاتەوەی سزاكان لە ناوەڕاستی تەممووزی رابردوودا بەسەریدا سەپێنراون، ئەم دۆخەش وایكردوە ئێران نەتوانێت دراوی بیانی بەدەست بهێنێت كە پێویستی پیًیەتی بۆ بەرێوەبردنی كاروبازرگانیە دەرەكیەكانی بەتایبەتی هاوردە كردنی كاڵاكان لەوڵاتانی ترەوە،بۆیە دەتوانیین بڵیین دابەزینی بەهای تمەن بەڕوونی قەیرانەكە نیشاندەدات، تمەن لە جەنگی 12 رۆژەی مانگی شەشی ساڵی رابردووەوە تاوەكو ئێستا نزیكەی لەسەدا 60ی بەهاكەی لەدەستداوە، ئەم ساڵ نرخی تمەن بەردەوام بووە لە دابەزین،بەشێوەیەك تاوەكو مانگی نیسانی ئەم ساڵ، یەك دۆلار بە نزیكەی 132 بۆ 140 هەزار تمەن مامەڵەی پێوە دەكرا،بەڵام تاوەكو كۆتایی مانگی ئاب، نرخی یەك دۆلار 200 هەزار تمەنی تێپەڕاند، ئەمە بەهۆی خولی نوێی سزاكانی واشنتن‌و پەككەوتنی بازرگانییە بەهۆی گەمارۆی ئەمریكاوە،بۆیە سكۆت بێسێنت وەزیری گەنجینەی ئەمریكا ئاماژە بەوە دەكات كە داڕمانی ئابووری ئێران ئێستا تەنیا مەسەلەی كاتە‌و وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لە توندكردنی گەمارۆ داراییەكان تا ئەو كاتەی تاران ئامادە دەبێت بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێكی نوێ.

 

ئامانجە سەرەكییەكانی ئەمریكا لەپەنا بردن بۆ گەمارۆی ئابووری:

 

ئامانجە سەرەكییەكانی ئەمریكا لەسەپاندنی گەماروی ئابووری بەسەر وڵاتاندا خۆی لەچەند خاڵیك بەدیی دەكات بەكورتی ئاماژەیان پێی دەدەین:

- لەڕێگەی پەنابردن بۆ چەكی ئابووری ئەمریكا هەوڵدەدات فشاری ئابووری بخاتە سەر ئەو وڵاتانەی مڵكەچی سیاسەتی نابن یاخود بەرژەوەندییە ئابووریەكان ناپاڕیزن،ئەمەش بەمەبەستی  زیادكردنی ناڕەزایی ناوخۆیی لەو وڵاتانەی گەماروی ئابووریان دەخاتە سەر تا دەسەڵاتی ئەو وڵاتە بگوڕن،واتە بە ناسەقامگیركردنی بارودۆخی ناوخۆیی، وەك لیبیا لە ساڵی 1978 ‌وكوبا بە سەركردایەتی فیدل كاسترۆ ‌و ڕژێمی ئیسلامی ئێران لە ساڵی 1979.  

-  سزا‌وگەماروی ئابووری دەتوانرێت وەك ڕێوشوێنێكی خۆپارێزی بۆ ڕێگریكردن لە بەكارهێنانی هێزی سەربازی پەنای بۆ ببرێت ، كە هەندێك جار سوودی هەیە.

- كاركردن لەسەر گۆڕینی سیاسەتی وڵاتی مەبەست، چ لە ماوەیەكی كورت یان مامناوەنددا، كە پێویستی بە ستراتیژێكی چڕوپڕ هەیە بۆ ڕێگریكردن لە پەرەسەندنی دۆخەكە بۆ كرداری دوژمنكارانە. 

لەم چوارچێوەیەدا، ئیدارەی ئەمریكا لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ سزاكان وەك یەكێك لە ئامرازەكانی سیاسەتی ئابووری خۆی بەكاردەهێنێت،ئەمە لەكاتێكدایە ڕێوشوێنەكانی ئەمریكا بۆ سزاكان هەمیشە فاكتەرێكی سەرەكی بوو، هەم لە پەیوەندییە سیاسییەكان‌و هەم لە ڕووبەڕووبوونەوەی فشارە ئابوورییە ناوخۆییەكاندا، ئەمە دەتوانرێت بەوە ڕوون بكرێتەوە دۆناڵد ترەمپ كە گەورە پیاوی ئیدارەی ئەمریكایە لە بنەڕەتدا بازرگان‌و ملیاردێری ئەمریكییە،بۆیە سەرۆكی ئیمریكا لە ڕێگەی ستراتیجی مامەڵەكردنەكەیەوە هەوڵ دەدات كاروباری ناوخۆ‌و دەرەوەی خۆی بەڕێوە ببات،ئەگەر چی هەندێك لەو سیاسەتانە سەركەوتوو بوون، بەڵام پسپۆرانی بواری ئابووری‌وچاودێران هەڕەشەی تەقاندنەوەی سیستەمی بازرگانی نێودەوڵەتی دەكەن كە لە دوای جەنگی جیهانی دووەم دامەزراوە، لە واقیعدا، لە بارودۆخی ئێستادا، هەندێك شت هەیە كە جیهان لە ساڵانی 1920 و 1930 دا بەسەریدا هاتووە، كە هەندێك پێیان وایە پاڵنەری سەرەكی سەرهەڵدانی فاشیزم ‌و نازیزم ‌و سەركەوتنیان لە ئەوروپا بووە، دواتر یەكێك بوون لە گەورەترین هۆكارەكانی جەنگی جیهانی دووەم كە تێیدا ناكۆكی و ناكۆكییە گەورەكان بە ئاگر‌و خوێن چارەسەر دەكران.

 

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا