
پهرهسهندنی هێزە بەرهەمهێنەرەکان لە بیری ماركسیزم:
لە ئامێرەوە بۆ خوارزمایهتی دووبارە پێكهێنانهوهی پەیوەندییەكانی بەرهەمهێنان لە سەرمایەداریی ژمارهییدا
نووسینی: سوههیل زههاوی
وهرگێڕانی: رابهر ڕهشید
https://www.ahewar.org/
الحوار المتمدن-العدد: 8806 - 2026 / 8 / 23
پوختە
ئەم توێژینەوەیە له پەرەسەندنی چەمکی هێزە بەرهەمهێنەرهکان لە بیری مارکس و ئەنگلسدا دەکۆڵێتەوە، لە شیکردنەوەی لە چوارچێوەی تێڕوانینی ماتریالیستی بۆ مێژوو، تا تاوتوێکردنی ئامێر و پیشەسازیی گەورە و تێکەڵبوونی زانستی کۆمەڵایەتی لەناو ئامرازەکانی بەرهەمهێناندا. توێژینەوەکە پشت بە میتۆدێکی مێژوویی- شیکاری دەبەستێت بۆ ڕوونکردنەوەی ئاستی توانای چەمکە مارکسییەکان لە ڕاڤەکردنی گواستنەوە لە ئامێری میکانیکییەوە بۆ خوارزمایهتی و ژیریی دەستکرد.
توێژینەوەکە مشتومڕ لەسەر ئەوە دەکات کە ئەم گواستنەوەیە دابڕان و پچڕانێكی تەواو نییە لەگەڵ لۆژیکی سەرمایەداریی پیشەسازیدا، بەڵکو قۆناغێکی جۆرییە کە تێیدا سەرمایەداری ناكۆییهكانی خۆی لەناو مەرجی ژمارهیی نوێدا دووبارە بەرهەم دەهێنێتەوە. لە کۆتاییشدا دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەکانی ژیریی دەستکرد تەنها بە تایبەتمەندییە تەکنیکییەکانی دیاری ناکرێن، بەڵکو بە پەیوەندییەکانی خاوەندارێتیی داتا و خوارزمایهتی و ژێرخانی کۆمپیوتەری و ڕێکخستنی کار و دابەشکردنی قازانجەکانی بەرهەمداری و ئاستی بەشداریی دیموکراتیک لە ئاراستەکردنی تەکنەلۆژیادا دیاری دەکرێن.
وشە کلیلییەکان:
هێزە بەرهەمهێنەکان؛ پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان؛ ئامێر؛ خوارزمایهتی؛ ژیریی دەستکرد؛ سەرمایەداریی ژمارهیی (دیجیتاڵی)()؛ عەقڵی گشتی، کاتی کار.
پێشەکی
جیهانی هاوچەرخ گۆڕانکاریی تەکنیکیی خێرا بەخۆوە دەبینێت، کە پێکهاتەی ژێرخانی ئابووری و شێوازەکانی بەرهەمهێنان و کاریان دووبارە داڕشتووەتەوە، تا ئەو ڕادەیەی داتا و خوارزمایهتی و ژیریی دەستکرد بوونەتە پێکهاتەیەکی بنەڕەتی لە گەشەسەندنی سەرمایەداریی ئێستادا. کاریگەریی تەکنەلۆژیا چیتر بە پەرەپێدانی ئامرازەکان و بەرزکردنەوەی بەرهەمداریی کار سنووردار نییە، وەک ئەوەی لە شۆڕشی پیشەسازیدا دەرکەوت، بەڵکو درێژ بووەتەوە بۆ بەرهەمهێنانی زانهكی (المعرفة) و ڕێکخستنی بازاڕەکان و بەڕێوەبردنی کار و بەشداریکردن لە بڕیاردان. لە ڕهوش و چوارچێوەی ئەم گۆڕانکارییانەشدا كۆمهڵه چهمكێك وەک "سەرمایەداریی ژمارهیی" و "ئابووریی سهكۆكان ـ پلاتفۆرم" و "ئابووریی داتاكان" سەریان هەڵدا، بۆ دەربڕینی قۆناغێک کە تێیدا زانست و داتا و توانای ژمێریاری بوونەتە سەرچاوەی بەرهەمهێنان و سەرچاوەیەکی گەشەسەندوو بۆ سامان و دەسەڵات.
ئەم گۆڕانکارییانە پرسیارێکی تیۆریی ناوەندی دەورووژێنن: ئایا شۆڕشی ژمارهیی و ژیریی دەستکرد پچڕان و دابڕانێكه لەگەڵ ئەو شیکردنەوەیەی مارکس و ئەنگلس بۆ پهرهسهندنی سەرمایەداری پێشکەشیان کردووە، یان گوزارشت لە قۆناغێکی جۆریی نوێ دەکەن لە پهرهسهندنی هێزەكانی بەرهەمهێنان کە دەتوانرێت لە بهر ڕۆشنایی چەمکەکانی ماتریالیزمی مێژووییدا لێیان تێبگهین؟ ئهمهش پەیوەستە به پرسیاری چۆنیەتی دووبارە داڕشتنەوەی پەیوەندیی نێوان تەکنەلۆژیا و کار و خاوەندارێتی لەلایەن خوارزمایهتی و داتا و ژێرخانی کۆمپیوتەری و پێكهێنانی پهیوهندیی نێوان تهكنهلۆژیا و كارو خاوهندارێتی، ههروهها ئاستی بەردەوامیی دژبەیەکی نێوان مۆرك و خەسڵەتی کۆمەڵایەتیی بەرهەمهێنان و دەستبەسەرداگرتنی تایبەتیی ئەنجامەکانی لە سەرمایەداریی دیجیتاڵیدا.
چەمکی هێزەكانی بەرهەمهێنان یەکێکە لە چەمکە بنەڕەتییەکانی بیری مارکسی؛ چونکە توانا مادی و زانییهكانی کۆمەڵگە بە ژێرخانه ئابووری و کۆمەڵایەتییەکەیهوە دەبەستێتەوە کە بەکارهێنانیان ڕێکدەخات. هێزەكانی بەرهەمهێنان تەنها لە ئامێر و ئامرازەکاندا سنووردار نابن، بەڵکو هێزی کار و زانهكیی زانستی و شارەزایی تەکنیکی و ڕێکخستنی کار و شێوازەکانی هاوکاریی کە بەشدارن لە بەرهەمهێنانی سامانی کۆمەڵایەتیدا دەگرێتەوە. بەڵام ئەم هێزانە بە دوور لە کۆمەڵگە گەشە ناکەن، بەڵکو لەناو پەیوەندییەكانی بەرهەمهێنانە مێژووییەکاندا کە شێوازەکانی خاوەندارێتی و كۆنترۆڵكردنیان دیاری دەکەن و پرۆسەی کار و دابەشکردنی سەرچاوەکان و ئەنجامەکانی بەرهەمهێنان ڕێکدەخەن.
ئەم چەمکە لە چوارچێوەی شیکردنەوەی مارکس و ئەنگلس بۆ هەڵکشانی سەرمایەداریی پیشەسازی پەرەیسەند. چونكه لە "ئایدیۆلۆژیای ئەڵمانی"دا پهیوهست بوو بە دامەزراندنی ماددیی تێگەیشتن لە مێژوو، لە "مانیڤێستی کۆمۆنیستی"شدا شۆڕشی بەردەوام لە ئامرازەکانی بەرهەمهێنان وەک خهسڵهت و تایبەتمەندییەکی هەمیشەیی سەرمایەداری و سەرچاوەیەک بۆ هێز و ناكۆكییهكانی دەرکەوتن. ئەنگلس، لە "دۆخی چینی کرێکار لە ئینگلتەرا"دا، شیکردنەوەیەکی بۆ کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەکانی بەرهەمهێنانی پیشەسازی پێشکەش کرد، لە کاتێکدا مارکس لە "سەرمایە"دا ڕۆڵ و كاریگهریی ئامێر و پیشەسازیی گەورەی لە بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمداری و بەرهەمهێنانی بەزێدهبایی ڕێژەیی و دووبارە ڕێکخستنەوەی کاردا ڕوون کردەوە. هەروەها لە "گرۆندریسە() – بنهماكانی ڕهخنهی ئابووری سیاسی"شدا، تێکەڵبوونی زانست و زانهكیی کۆمەڵایەتی لەناو ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و گۆڕانی زانهكیی گشتیی کۆمەڵایەتی بۆ هێزێکی بەرهەمهێنەری ڕاستەوخۆی تاووتوێ کرد.
ئەم ڕهوته تیۆرییە ڕێگە خۆش دەکات بۆ گواستنەوە لە شیکردنەوەی ئامێری میکانیکییەوە بۆ لێکۆڵینەوە لە خوارزمایهتی و ژیریی دەستکرد، وەک دوو فۆرمی هاوچەرخی بەرجەستەبوونی زانهكی (المعرفة) لە ئامرازەکانی بەرهەمهێناندا. ئەمەش بەو مانایە نییە کە مارکس پێشبینی ژیریی دەستکرد، یان ئابووریی سهكۆكان (پلاتفۆرمی) کردبێت، ههروهها بهو مانایهش نایهت کە دەکرێ چەمکەکانی سەدەی نۆزدەهەم بە شێوەیەکی میکانیکی بخەینە سەر ئێستا. چونكه ژیریی دەستکرد خاوهنی توانایهكی بهرچاوه لە چارهسهركردنی بڕێکی زۆر لە داتا و دەستێوەردان لە هەندێک ئەرکی زانهكی و زمانەوانی و شیکاری. بەڵام لە هەمان کاتدا، پشت بە ژێرخانی ماددی و مرۆیی دەبەستێت کە چیپی ئەلیکترۆنی و ناوەندەکانی کۆمپیوتەر و وزە و تۆڕەکانی پەیوەندی و کاری توێژەران و بەرنامەسازان و كارمهندانی ئامادەکردنی داتا و چاککردنەوەی سیستەمەکان دەگرێتەوە.
توێژینەوەکە لەو گریمانەیەوە ههنگاو ههڵدههێنێت کە گواستنەوە لە ئامێرەوە بۆ خوارزمایهتی دەرچوونێکی تەواو نییە لەو لۆژیکەی کە مارکس گەشەسەندنی سەرمایەداری پێ شیکردووەتەوە، بەڵکو دەربڕی قۆناغێکی جۆریی نوێیە کە تێیدا سەرمایەداری ناكۆكییهكانی خۆی لەناو مەرجی تەکنیکیی ئاڵۆزتردا دووبارە بەرهەم دەهێنێتەوە. هەر وەک چۆن بەکارهێنانی ئامێری پیشەسازی بە بەرزکردنەوەی بەرهەمداری و دووبارە ڕێکخستنەوەی کار و زۆرترین کەڵەکەبوونی سەرمایەوە بەسترابووەوە، ئێستاش داتا و خوارزمایهتی و ژیریی دەستکردیش ئەرکی هاوشێوەیان هەیە، لەگەڵ فراوانبوونی کاریگەرییان بۆ بەرهەمهێنانی زانهكی و ڕێکخستنی بازاڕەکان و چاودێریکردنی کار و بەشداریکردن لە بڕیاردان.
بەڵام ژیریی دەستکرد بە خۆی نابێتە هۆی ئازادبوون یان کۆنترۆڵی زیاتر. ئەو دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆ کەمکردنەوەی کاتی کاری پێویست و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و پەرەپێدانی توێژینەوەی زانستی و هەماهەنگیکردنی سەرچاوەکان؛ بەڵام لە هەمان کاتدا دەکرێت بەکاربهێنرێت بۆ کەمکردنەوەی دەستی کار و زیادکردنی چڕی کار و چڕکردنەوەی خاوەندارێتی و قووڵکردنەوەی چاودێریی ژمارهیی. کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەکانیشی بەپێی پەیوەندییەکانی خاوەندارێتی و کار و دەسەڵات و ئەو لایەنانەی کە ئامانجەکانی تەکنەلۆژیا دادەنێن و شێوازی دابەشکردنی قازانجەکانی بەرهەمداری و ئەو مەترسییانەی لێی دەکەونەوە، دیاری دەکرێن.
توێژینەوەکە پشت بە میتۆدی مێژوویی- شیکاری دەبەستێت، لە ڕێگەی بەدواداچوونی گەشەسەندنی چەمکی هێزەكانی بەرهەمهێنان لە دەقە بنەڕەتییەکانی مارکس و ئەنگلس، پاشان بەکارهێنانی ئەنجامە پوختهكراو و بەدەستهاتووەکان لە خوێندنەوەی سەرمایەداریی ژمارهیی و ژیریی دەستکرددا. ئامانجیشی گەڕان نییە بەدوای پێشبینییە تەکنیکییەکان لە دەقە مارکسییەکاندا، بەڵکو تاقیکردنەوەی توانای ڕاڤەکاریی چەمکەکانی هێزەكانی بەرهەمهێنان و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان و زێدهبایی و "عەقڵی گشتی"یە لە شیکردنەوەی پەیوەندیی هاوچەرخی نێوان تەکنەلۆژیا و کار و خاوەندارێتی و لێکۆڵینەوە لەو مەرجانەی کە دەتوانن گەشەسەندنی بکەنە بنەمایەک بۆ کەمکردنەوەی کاتی کار و فراوانکردنی خزمەتگوزارییهكان و زانهكی و بەشداریی دیموکراتییانه.
یەکەم: "ئایدیۆلۆژیای ئەڵمانی": دامەزراندنی تیۆریی چەمکی هێزەكانی بەرهەمهێنان
"ئایدیۆلۆژیای ئەڵمانی" (1845-1846) وەرچەرخانێکی بنەڕەتییە لە گەشەسەندنی بیری مارکس و ئەنگلسدا؛ چونکە تێیدا لە ڕەخنەگرتن لە فەلسەفەی ئایدیالیستی ئەڵمانییەوە گواستیانهوه بۆ دامەزراندنی تێڕوانینێکی ماتریالیستی بۆ مێژوو. چیتر مێژوو لەسەر بنەمای گەشەسەندنی بیرۆکەکان، یان شێوازەکانی هۆشیارییەوە ڕاڤە ناکرێت، بەڵکو لەسەر بنەمای ئەو چالاکییە مادییانەی کە مرۆڤەکان لە ڕێگەیەوە مەرجەکانی ژیانیان بەرهەم دەهێنن. لەبەر ئەوە، بەرهەمهێنانی ئامرازەکانی ژیان بووە خاڵی دەستپێک بۆ تێگەیشتن لە سەرهەڵدانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و دامەزراوە سیاسییەکان و فۆرمە فیکرییەکان.(1)
لەم چوارچێوەیەدا، چەمکی هێزە بەرهەمهێنەکان وەک دەربڕینێک بۆ توانا مادی و مرۆییەکانی کۆمەڵگە لە قۆناغێکی مێژوویی دیاریکراودا بەرجەستە دەبێت، کە هێزی کار و ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و ئەزموونە پراکتیکی و كردارییەکان و دابەشکردنی کار و شێوازەکانی هاوکاری لەخۆدەگرێت. بۆیە هێزەكانی بەرهەمهێنان وەک توخمێکی تەکنیکیی دابڕاو دەرناکەون، بەڵکو وەک هێزێکی کۆمەڵایەتی کە لە ڕێگەی چالاکی مرۆڤەکان و پەیوەندییە ئاڵوگۆڕكراوهكانیاهوه گەشە دەکەن و پهرهدهستێنن.(2)
پهرهسهندنی هێزەكانی بەرهەمهێنان بە گەشەسەندنی دابەشکردنی کار و شێوازەکانی مامەڵەی کۆمەڵایەتییەوە بەستراونەتەوە؛ هەر قۆناغێکی نوێ تێیدا ڕێکخستنی چالاکیی بەرهەمهێنان و پەیوەندییەکانی نێوان تاک و گرووپەکان دەگۆڕێت. لەگەڵ فراوانبوونی بەرهەمهێنان و ئاڵوگۆڕدا، ئەم هێزانە سنوورە ناوخۆییەکان تێدەپەڕێنن و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان زیاتر بەیەکەوە دەبەسترێنەوە و پشت بە یەکتر دەبەستن.
كهچی ئەو هێزانەی لە چالاکیی هاوبەشی مرۆڤەکانەوە سەرهەڵدەدەن، لەوانەیە لەبەردەمیاندا وەک هێزێکی سەربەخۆ دەربکەون کە کۆنترۆڵیان بەسەریدا نییە؛ چونکە دابەشکردنی کار و خاوەندارێتیی تایبەت، بەرهەمهێنەران لە مەرجەکانی بەرهەمهێنان و ئەنجامەکانی چالاکییەکانیان جیا دەکەنەوە. ئەو توانایانەی کۆمەڵگە بە شێوەیەکی بەکۆمەڵ بەرهەمیان دەهێنێت، مهرجن نییه بخرێنه ژێر کۆنترۆڵی هۆشیارانەیەوە، بەڵکو لەوانەیە بەهۆی ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییانەی کە بەکارهێنانیان ڕێکدەخەن، بگۆڕدرێن بۆ هێزێک کە زاڵ دەبێت بەسەر بەرهەمهێنەرەکانیاندا.
"ئایدیۆلۆژیای ئەڵمانی" داڕشتنە ئابوورییە تەواوەکەی پەیوەندیی نێوان هێزەكانی بهرههمهێنان و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان پێشکەش ناکات، بهڵكو بنەما تیۆرییەکەی دادەمەزرێنێت، ئهوهش لە ڕێگەی بەستنەوەی پهرهسهندنی تواناكانی بەرهەمهێنان بە دابەشکردنی کار و خاوەندارێتییەوە. مارکس داڕشتنێکی دیاریکراوانهتری بۆ ئەم پەیوەندییە لە پێشەکی "بەشدارییەک بۆ ڕەخنە لە ئابووریی سیاسی" لە ساڵی 1859دا خستەڕوو، کاتێک ڕوونی کردەوە کە هێزە مادییهكانی بەرهەمهێنان، لە قۆناغێکی دیاریکراو لە پهرهسهندیاندا، لەگەڵ پەیوەندییە باوهكانی بەرهەمهێنان دەکەونە ناو ناكۆكی دژبەیەکییەوە و ئەم پەیوەندییانە لە شێوهگهلێكهوه کە یارمەتی گەشەیان داوە دەگۆڕدرێن بۆ بەربەستێک کە ڕێگری لە بەردەوامی پهرهسندنیان دەکات.(3)
ئەم ناكۆكی و دژبەیەکییە بەو مانایە نییە کە گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی تەنها بە پهرهپێدانی هێزەكانی بەرهەمهێنان ڕوودهدات؛ چونکە پێویستی بە ململانێی کۆمەڵایەتی و ڕێکخستن و کردەی سیاسی هەیە. بەڵام ئەمە بەو مانایە دێت کە ئەم ململانێیانە بە مەرجە مادییەکان و ناكۆكی و دژبەیەکییە باوهكانی ناو شێوازی بەرهەمهێنان بەستراونەتەوە. بەم شێوەیە "ئایدیۆلۆژیای ئەڵمانی" بنەمای بۆ گواستنەوە لە ڕەخنەگرتن لە فەلسەفەوە بۆ شیکردنەوەی جووڵەی مێژوویی کۆمەڵگەی سەرمایەداری دانا.
دووەم: "مانیڤێستی کۆمۆنیستی": شۆڕشی بەردەوام لە ئامرازەکانی بەرهەمهێنان
ئەگەر "ئایدیۆلۆژیای ئەڵمانی" بنەما تیۆرییەکەی بۆ تێگەیشتن لە هێزەكانی بەرهەمهێنان دانابێت، ئەوا "مانڤێستی کۆمۆنیستی" (1848) چەمکەکەی بۆ شیکردنەوەی جووڵەی مێژوویی سەرمایەداری گواستهوه. لە بەشی "بۆرژوازی و پرۆلیتاریاكان"، مارکس و ئەنگلس ڕوونی دەکەنەوە کە بۆرژوازی گۆڕانکاریی بەردەوامی لە ئامرازەکانی بەرهەمهێناندا کردووەتە مەرجێک بۆ مانەوە و فراوانبوونی:
"بۆرژوازی ناتوانێت بوونی هەبێت، مەگەر شۆڕشێکی بەردەوام لە ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و دواتریش لە پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان بهرپا بكات، دهرئهنجامیش لە تێكڕای پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیشدا."(4)
ئەم دەستەواژەیە تایبەتمەندییەکی مێژوویی جیاوازی سەرمایەداری ئاشکرا دەکات؛ چونکە چیتر نوێکردنەوەی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان گۆڕانکارییەکی کاتی نییە، بەڵکو بووەتە پرۆسەیەکی بەردەوام کە لەلایەن کێبڕکێ و هەوڵدان بۆ زیادکردنی بەرهەمداری و فراوانکردنی بازاڕەکانەوە پاڵی پێوە دەنرێت. چونكه ههر سەرمایەیەک ناچارە ئامراز و شێوازەکانی بەرهەمهێنانی خۆی پەرە پێ بدات، تا لە بەرانبەر سەرمایەکانی تردا پارێزگاری لە پێگەی خۆی بکات. بەم شێوەیە داهێنانی تەکنیکی لە توانا و ئەگەرێکی بەردەستەوە دەگۆڕدرێت بۆ پێویستییەک کە لۆژیکی خودی سیستەمەکە دەیچەسپێنێت.
مارکس و ئەنگلس ئەم پهرهسهندنه بە پێشکەوتنی زانستیی ڕووت و پهتی ڕاڤە ناکەن، بەڵکو دەیبەستنەوە بەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییانەی کە بەرهەمهێنان ڕێکدەخەن. چونكه تەکنەلۆژیا له سایهی سەرمایەداریدا، تەنها لە وەڵامی پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکاندا پهرهناسێنێت، بەڵکو بەپێی پێداویستییەکانی کێبڕکێ و کەڵەکەبوون گهشه دهكات. لەبەر ئەوە، ئامێرەکان و ئامرازەکانی گواستنەوە و پەیوەندی و شێوازەکانی ڕێکخستنی کار بۆ بەرزکردنەوەی بەرهەمداری و کەمکردنەوەی تێچووی کاڵاکان و خێراکردنی سووڕی سەرمایە بەکار دەهێنرێن.
کاریگەرییەکانی ئەم شۆڕشەش لەناو پرۆسەی بەرهەمهێناندا به سنوورداری نامێننەوە؛ چونکە بڵاوبوونەوەی پیشەسازیی گەورە دەبێتە هۆی لاوازبوونی پیشەگەری و بەرهەمهێنە بچووکەکان و ئاوێته و تێکەڵکردنی ژمارەیەکی زیاتری دانیشتووان لە کاری بهكرێ و فراوانکردنی بازاڕ بۆ ئاستێکی جیهانی. بەم شێوەیە شۆڕشی تەکنیکی لەگەڵ گۆڕانکارییەکی فراوانتردا پەیوەستە کە ڕێکخستنی کار و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و بەیەکەوە بەستنەوەی بازاڕەکان دەگرێتەوە.
لە ئەنجامی ئەمەدا مۆرك و خەسڵەتی کۆمەڵایەتیی بەرهەمهێنان گەورەتر دەبێت؛ چونکە لەسەر بنەمای هاوکاریی ژمارەیەکی زۆر لە کرێکاران و بەیەکەوە بەستنەوەی دامەزراوە و کەرتەکان دادەمەزرێت، لە کاتێکدا ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و ئەنجامەکانی کار لەژێر دهسهڵاتی خاوەندارێتیی تایبەتدا دەمێننەوە. لێرەوە دژبەیەکی نێوان خەسڵەتی کۆمەڵایەتیی بەرهەمهێنان و دەستبەسەرداگرتنی تایبەتیی ئەنجامەکانی سەرهەڵدەدات، بە شێوەیەک کە ئەو توانایانەی کۆمەڵگە بە شێوەیەکی بەکۆمەڵ پەرەی پێ دەدات، دەگۆڕدرێن بۆ ئامرازێک بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتی سەرمایە.
"مانیڤێستی کۆمۆنیستی" تەکنەلۆژیا وەک هێزێکی ئازادیخواز، یان سەرکوتکەر لە خۆیدا پێشکەش ناکات؛ چونكه بەها کۆمەڵایەتییەکەی لەناو پەیوەندییەکانی بەرهەمهێناندا دیاری دەکرێت. توانای کۆمەڵگەش بۆ بەرهەمهێنانی سامان فراوان دەکات، بەڵام لەژێر کۆنترۆڵی سەرمایەدا، دەبێتە هۆی دووبارە ڕێکخستنەوەی بەرهەمهێنان بە شێوەیەک کە خزمەت بە کێبڕکێ و کەڵەکەبوون بکات و بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکیش نابێتە هۆی سووککردنی کار، یان دابەشکردنێکی دادپەروەرانەتری سامان.
ناكۆكی و دژبەیەکەکانی ئەم گەشەسەندنەش لە قەیرانەکانی زیادە بەرهەمهێناندا دەردەکەون. سەرمایەداری توانای بەرهەمهێنانی زۆر گەورە پەرە پێ دەدات، بەڵام بەکارهێنانیان دەخاتە ناو چوارچێوهی سنوورەکانی قازانج و خواستێک کە توانای پارەدانی هەبێت. لەبەر ئەمە ئامرازەکانی بەرهەمهێنان لەکار دەکەون و بێکاری بڵاو دەبێتەوە، نەک لەبەر بێتوانایی کۆمەڵگە لە بەرهەمهێنان، بەڵکو لەبەر بێتوانایی پەیوەندییە باوهكان لە بهگهڕخستنی توانای بەرهەمهێنانی بە شێوەیەکی جێگیر. بەم شێوەیە شۆڕشی بەردەوام لە ئامرازەکانی بەرهەمهێنان دەبێتە سەرچاوەیەک بۆ هێزی سەرمایەداری و له ههمان كاتیشدا سەرچاوەیەک بۆ ناكۆكی و دژبەیەکەکانی.
سێیەم: ئەنگلس و شۆڕشی پیشەسازی: کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەکانی گەشەسەندنی هێزەكانی بەرهەمهێنان
کتێبی فریدریك ئەنگلس "دۆخی چینی کرێکار لە ئینگلتەرا"، کە لە ساڵی 1845دا بڵاوکراوەتەوە، یەکێکە لە چارەسەرە سەرەتاییەکانی پەیوەندیی نێوان شۆڕشی پیشەسازی و ئەو گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییانەی کە هاوشانی بوون. ئەنگلس لهم بۆچوونهیدا پشتی بە ژیانكردنی ڕاستەوخۆی خۆی بۆ دۆخی پیشەسازی لە مانچستەر و بەڵگەنامە و ڕاپۆرتە فەرمییەکان بەست، تەنها وەسفی ئازاری کرێکارانی نەکرد، بەڵکو هەوڵی دا وەک ئەنجامی ئەو گۆڕانکارییانەی کە بەرهەمهێنانی ئامێری لە ڕێکخستنی کار و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکەی سەرمایەداریدا دروستیکردووە ڕاڤەیان بکات. ئەمەش لە پێشەکی کتێبەکە و بەشەکانی پەیوەست بە پرۆلیتاریای پیشەسازی و شارە گەورەکان و لقە جیاوازەکانی پیشەسازیدا دەردەکەون.(5)
ئەنگلس تێگەیشت و پهی بهوه برد، کە شۆڕشی پیشەسازی تەنها گۆڕینەوەی ئامێرەکان لە جێگەی کاری دەستی نەبوو، بەڵکو شۆڕشێکی قووڵ بوو لە شێوازەکانی بەرهەمهێنان و کار و ژیانی کۆمەڵایەتی. ئامێر تەنها توانای بەرهەمهێنانی بەرز نەکردەوە، بەڵکو بەشداری لە جێ لهقكردن و هەڵکەندنی کرێکارانیش كرد لە ژینگە نەریتییەکانیان و پاڵنانیان بەرەو شارە پیشەسازییەکان و ملكهچكردنی چالاكییهكانیان بۆ ژێر ڕیتمی کارگەكان و دابەشکردنە توندەکەیەوە بۆ کار. لە وەسفکردنی ئەم گۆڕانکارییەدا دەنووسێت:
"لە پێشەکییەکەدا پێشتر بینیمان، چۆن دانیشتووانە کرێکارییەکان لە کارپێکردنی ماددەكانی چنین، سەرەتا لە شێوازی ژیانی پێشوویان داماڵران [...] بەوەی کارکردنی ئامێری خهریك بوو لە هەموو شوێنێک جێگەی کاری دەستی بگرێتەوە و کارە دەستییەکانیش بە یارمەتیی هەڵم، یان ئاو بەڕێوەدەبران، لە کاتێکدا هەموو ساڵێک باشتربوونی زیاتر بهخۆوه دهبینێت."(6)
کرداری "داماڵین" ئاشکرای دەکات کە گواستنەوە بۆ پیشەسازیی ئامێری تەنها گۆڕانکارییەکی پیشەیی سنووردار نەبوو، بەڵکو له ڕیشهكێشانێكی کۆمەڵایەتی بوو کە تەواوی ژیانی بەرهەمهێنەرانی گرتەوە. کرێکاران بەشێکی زۆری سەربەخۆیی پێشووی خۆیان لەدەست دا و تێکەڵ بە سیستەمی کارگە کران، لەوێدا ئامێر خێرایی کار و ڕیتمەکەی دیاری دەکات و کرێکار دەخرێتە ژێر چاودێرییەکی ڕێک و دابەشکردنێکی زیادی ئەرکەکانەوە. بەم شێوەیە ئامرازەکە چیتر درێژکراوەیەکی ڕاستەوخۆی لێهاتوویی کرێکار نەبوو، بەڵکو کرێکار بهشه ئەرکێکی لەناو سیستەمێکی بەرهەمهێنان جێبەجێ دەکات کە خودی جووڵە و کاتەکەیشی کۆنترۆڵ دەکات.
کاریگەرییەکانی ئەم گۆڕانکارییە سنووری کارگەی تێپەڕاند بۆ پێکهاتە و ژێرخانی تەواوی کۆمەڵگە. بڵاوبوونەوەی بەرهەمهێنانی ئامێری بووە هۆی لاوازبوونی پیشە نەریتییەکان و پاشەکشەی سەربەخۆیی بەرهەمهێنە بچووکەکان، هەروەها بەشداری کرد لە کۆچکردن بۆ شارەکان و گەشەکردنی گەڕەکە کرێکارییەکان و پێکهێنانی چینێکی فراوان کە لە ژیانیدا پشت بە فرۆشتنی هێزی کارەکەی دەبەستێت. ئەم گۆڕانکارییانە لەگەڵ قووڵبوونەوەی کێشەکانی نیشتەجێبوون و تەندروستی و بێکاری و ناسەقامگیری و دووبارە داڕشتنەوەی خێزان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا پەیوەست بوون.
ئەنگلس ئامێر لەو پەیوەندییانە جیا ناکاتەوە کە بەکارهێنانی کۆنترۆڵ دەکەن؛ کێشەکە لە بەرزبوونەوەی خودی بەرهەمداریدا نییە، بەڵکو لە خستنە ژێر سیستەمێکدایە کە لەسەر بنەمای خاوەندارێتیی تایبەت و کێبڕکێ و هەوڵدان بۆ قازانج دامەزراوە. لەبەرئەوە زیادبوونی گەورە لە توانای بەرهەمهێنان نەگۆڕدرا بۆ باشتربوونێکی هاوشێوە لە ژیانی کرێکاران، بەڵکو هاوشانی بوو لەگەڵ درێژکردنەوەی ڕۆژی کار و دامەزراندنی ژنان و منداڵان و فشار خستنە سەر کرێ، و دەستبەرداربوون لە هەندێک لە کرێکاران و زیاتر پابهندیی کار بە سەرمایەوە.
ئەمەش ناكۆكی دژبەیەکی نێوان توانای مادی کە پیشەسازی دەیڕەخسێنێت و ئەنجامە کۆمەڵایەتییەکانی بەکارهێنانی سەرمایەداری ئاشکرا دەکات. لە ڕووی تەکنیکییەوە، ئامێر ڕێگە دەدات بڕێکی زیاتر لە سامان لە کاتێکی کەمتردا بەرهەم بهێنرێت، بەڵام بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی نابێتە هۆی سووککردنی کار، یان باشترکردنی مەرجەکانی ژیان. کاریگەرییەکانیشی بەپێی ئەو لایەنەی خاوەنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنانە و ئەو ئامانجانەی کە بەکارهێنانی ئاراستە دەکەن و شێوازی دابەشکردنی قازانجەکانی بەرهەمداری دیاری دەکرێن. بەم شێوەیە لەوانەیە پێشکەوتنی تەکنیکی هاوشان بێت لەگەڵ فراوانبوونی هەژاری و بێبەشی لەناو ئەو چینانەی کە خۆیان سامانەکە بەرهەم دەهێنن.
گرنگیی کتێبەکەی ئەنگلس لەوەدایە کە بنەمایەکی کۆمەڵایەتی و ئەزموونیی بەرجەستەی بە تێڕوانینی ماتریالیستی بۆ مێژوو بەخشی و دەریخست کە شۆڕشی پیشەسازی تەنها ئامرازەکانی بەرهەمهێنان ناگۆڕێت، بەڵکو شار و کار و خێزان و تەندروستی و ژیانی ڕۆژانەش دووبارە دادەڕێژێتەوە. هەروەها دەریخست کە پهرهسهندنی هێزەكانی بهرههمهێنان نابێت تەنها بە پێوەری بەرزکردنەوەی بەرهەمداری هەڵبسەنگێنرێت، بەڵکو دەبێت پەیوەندییەکانی خاوەندارێتی و کار و دەسەڵات کە کاریگەرییەکانی دیاری دەکەن و ئەو لایەنانەی کە تێچووەکەی دهخهنه ئهستۆی خۆیان و دەست بەسەر ئەنجامەکانیشیدا دەگرن، تاوتوێ بکرێن. مارکس ئەم ناكۆكی و دژبەیەکییە لە شیکردنەوەکەی بۆ ئامێر و پیشەسازیی گەورە لە "سەرمایە"دا داڕشتنێکی ئابووریی دیاریکراوتری پێ دەبەخشێت.
چوارەم: مارکس و ئامێر لە "سەرمایە"دا: تەکنەلۆژیا و بەرهەمهێنانی زێدهبایی
لە بەرگی یەکەمی "سەرمایە"دا، شیکردنەوەی پەیوەندیی نێوان تەکنەلۆژیا و کار، دەگاتە ئاستێکی دیاریکراوتر، بەتایبەتی لە بەشی "ئامێرەکان و پیشەسازیی گەورە". چونكه مارکس ئامێر وەک داهێنانێکی تەکنیکیی سەربەخۆ ناخوێنێتەوە، بەڵکو وەک توخمێک کە دەچێتە ناو پرۆسەی بەرهەمهێنانێکەوە کە کێبڕکێ و هەوڵدان بۆ زیاتركردنی زێدهبایی کۆنترۆڵی دەکات. لەبەرئەوە جیاوازی لە نێوان توانا تەکنیکییەکەی لەسهر کورتکردنەوەی کاتی کار و ئەرکە کۆمەڵایەتییەکەی دهكات، ئهوهش كاتێك ئهنجامی دهدات کە دەبێتە موڵکی سەرمایە .
ئامێر ڕێگە بهوه دەدات بڕێکی زیاتر لە کاڵا لە کاتێکی کورتتردا بەرهەم بهێنرێت، بەم شێوەیە بڕی کاری پێویست بۆ بەرهەمهێنانی کاڵا کەم دەکاتەوە. کاتێک سەرمایەیەکی دیاریکراو پشت بە تەکنەلۆژیایەکی بەرهەمدارتر لە ئاستی باو دەبەستێت، دەتوانێت بە شێوەیەکی کاتی زێدهبایی زیاتر بەدەست بهێنێت. لەگەڵ بڵاوبوونەوەی تەکنەلۆژیاکەدا، بەرزبوونەوەی بەرهەمداری بەشدارە لە کەمکردنەوەی بەهای ئامرازەکانی ژیانی کرێکار، لەبەر ئەوەش بەهای هێزی کار و کەمکردنەوەی بەشی پێویستی ڕۆژی کار لە بەرژەوەندی ئەو بەشەی کە زێدهبایی بەرهەم دەهێنێت. لێرەدا ئامێر بە بەرهەمهێنانی زێدهبایی ڕێژەییەوە دەبەسترێتەوە، نەک تەنها بە زیادکردنی بەرهەمەکان.(7)
ئامێر بەها بە شێوەیەکی سەربەخۆ دروست ناکات؛ چونكه بەشێک لە بەهاکەی بەگوێرەی بهكاربردنی دەگوازێتەوە بۆ کاڵاکان، لە کاتێکدا کاری زیندوو به سەرچاوەی بەهای نوێ دەمێنێتەوە. بەڵام ڕێگە بە سەرمایە دەدات کار لە ئاستێکی فراوانتردا ڕێکبخات و بەرهەمدارییەکەی زیاد بکات، ههروهها كهمكردنهوهی به پشتبەستن بە هەندێک لێهاتوویی پیشەگەرییهوه. لەبەر ئەوە گرنگییەکەی بۆ سەرمایە لە کاریگەرییەکەیدایە لەسەر پەیوەندیی نێوان کاری پێویست و کاری زیادە و لە ڕێکخستنی پرۆسەی بەرهەمهێناندا.
هەروەها ئامێر لەناو پرۆسەی کار شوێنی کرێکار دەگۆڕێت. لە بەرهەمهێنانی پیشەگەریدا کرێکار ئامرازەکە بەکار دەهێنێت و جووڵەکەی ئاراستە دەکات، بەڵام لە سیستەمی کارگەدا دەبێتە بەشێک لە سیستەمێکی ئامێری کە خێرایی کار و ڕیتم و دابەشکردنی ئەرکەکانی دیاری دەکات. دابەشکردنی پرۆسەی بەرهەمهێنان بۆ بهشه جووڵە، دەبێتە هۆی گواستنەوەی بەشێک لە زانست و لێهاتوویی لە کرێکاری تاکەکەسییەوە بۆ سیستەمە تەکنیکی و ڕێکخستنییەکە کە سەرمایە خاوەنیەتی. بەم شێوەیە ئامێر لەبەردەم کرێکاردا وەک هێزێکی سەربەخۆ دەردەکەوێت، هەرچەندە بەرهەمی کار و زانهكیی کۆمەڵایەتیشە.
بەرهەمهێنانی ئامێری ڕێگەی بە سەرمایە دا بازنەی هێزی کاری شیاو بۆ چەوساندنەوە فراوانتر بکات، ههروهها میکانیزەکردن بۆ درێژکردنەوەی ڕۆژی کار و زیادکردنی چڕییەکەی لە جیاتی گۆڕینی بەرزبوونەوەی بەرهەمداری بۆ کاتێکی بەردەست بۆ کرێکاران بەکارهێنا. لێرەدا ناكۆكی و دژبەیەکیی نێوان توانای تەکنیکیی ئامێر و بەکارهێنانی سەرمایەدارییەکەی دەردەکەوێت: چونكه ئەو کاتی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی کاڵاکان کورت دەکاتەوە، بەڵام بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی نابێتە هۆی کورتکردنەوەی ڕۆژی کار؛ چونکە ئەو ئامانجەی بەکارهێنانی ڕێکدەخات، زیادکردنی زێدهباییه.
هێنانی ئامێرەکان بۆ بواری پێشهسازی دەبێتە هۆی دەستبەرداربوون لە هەندێک کرێکار و گۆڕینی كارامهییه پێویستهكان و گواستنەوەی هێزی کار لە نێوان کەرتەکان. ئەمەش بە پێکهێنانی "زیادهی ڕێژهیی دانیشتووان" یان "سوپای پیشەسازیی یەدەگ"ەوە بەستراوەتەوە، کە هێزێکی کاری بەردەست بۆ سەرمایە دابین دەکات و فشار دەخاتە سەر کرێ و مەرجەکانی کار.(8) لێرەدا بێکاری لە دهستهپاچهیی و بێتوانایی تەکنیکییەوە بۆ خستنهگهڕی مرۆڤەکان سەرچاوە ناگرێت، بەڵکو لە ڕێگای بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا لەناو جووڵەی کەڵەکەبوونهكهدا.
مارکس دژایەتی خودی ئامێرهكه ناکات؛ چونکە توانای کۆمەڵگە بۆ بەرهەمهێنانی سامان فراوان دەکات و توانای کەمکردنەوەی کاری پێویست هەڵدەگرێت. بەڵام ئەم ئەگەرە لەناو سەرمایەداریدا شێوەیەکی ناكۆك و دژبەیەک وەردەگرێت: چونكه هەرچەند توانای کۆمەڵگە بۆ ئابووریکردن لە کاتی کاردا زیاتر بێت، دەکرێت ئەم توانایە بۆ کەمکردنەوەی دەستی کار، یان زیادکردنی چڕی کار و بەهێزکردنی کۆنترۆڵ بەسەر کرێکاراندا بەکاربهێنرێت.
بەم شێوەیە تەکنەلۆژیا دەچێتە ناو قووڵایی ناخی پەیوەندیی نێوان سەرمایە و کارەوە. ئامێر زانهكی و ههرهوهزیی کۆمەڵایەتی بەرجەستە دەکات، بەڵام بەهۆی خاوەندارێتیی تایبەتییەوە، دەبێتە ئامرازێک بۆ ڕێکخستنی کار و ملكهچكردنی بۆ ژێر دهستی پێداویستییەکانی کەڵەکەبوونەوە. ئەمەش زەمینە خۆش دەکات بۆ چارهسهركردنی "گرۆندریسە"، کە تێیدا مارکس تێکەڵبوونی زانست و زانهكیی کۆمەڵایەتی لە بەرهەمهێنان و گۆڕانیان بۆ هێزێکی بەرهەمهێنەری ڕاستەوخۆ تاوتوێ دەکات.
پێنجەم: "عەقڵی گشتی": زانستی کۆمەڵایەتی وەک هێزێکی بەرهەمهێنەری ڕاستەوخۆ
مارکس لە "گرۆندریسە"دا (1857-1858)، بەتایبەتی لەو بەشەی بە "بەشی ئامێرەکان" ناسراوە، چارهسهرییهك پێشکەش دەکات کە لە سەیرکردنی ئامێر وەک ئامرازێکی تاک بۆ زیادکردنی بەرهەمداری تێدەپەڕێت، بۆ لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی بەرجەستەبوونی زانهكیی زانستی و کۆمەڵایەتی لە سیستەمی بەرهەمهێناندا. هەرچەندە "گرۆندریسە" پێش "سەرمایە" نووسراوە، بەڵام تێڕوانینێکی تیۆری دەخاتەڕوو کە شیکردنەوەی دواتری ئامێر و پیشەسازیی گەورە تەواو دەکات، لە ڕێگەی دەرخستنی زانست و هاوکاری و زانهكیی کەڵەکەبوو وەک توخمگەلێک کە گرنگییەکی زیاتریان لە پهرهسهندنی هێزەكانی بەرهەمهێناندا هەیە.
لەگەڵ پهرهسهندنی پیشەسازیی گەورەدا، چیتر بەرهەمداری له بنەڕەتدا پشت بە لێهاتوویی تاکەکەسیی کرێکار، یان بە ڕێژه و بڕی هەوڵ و توانا ڕاستەوخۆکەی نابەستێت، بەڵکو بە شێوەیەکی زیاتر پهیوهسته به جێبەجێکردنی زانست و ڕێکخستنی هاوکاری و کەڵەکەبوونی ئەزموونی تەکنیکی و بەرجەستەکردنی لە ئامێر و ئامرازەکانی بەرهەمهێناندا. لەم چوارچێوەیەدا مارکس دەنووسێت: "زانهكیی گشتیی کۆمەڵایەتی بووەتە هێزێکی بەرهەمهێنەری ڕاستەوخۆ".(9)
چەمکی "عەقڵی گشتی" ئاماژە دەکات بۆ زانستی کۆمەڵایەتیی کەڵەکەبوو و توانا زانستی و ئهو ڕێكخستنانهی کە کۆمەڵگە لە مێژووی خۆیدا بەرهەمیان دەهێنێت، پاشان لە ئامرازەکانی بەرهەمهێناندا بەرجەستە دەبن. پێشکەوتنی تەکنیکی لە زیرەکی تاکەکەسیی گۆشهگیر و دابڕاوەوە سەرچاوە ناگرێت، بەڵکو لە کەڵەکەبوونی توێژینەوە و ئەزموون و شێوازەکانی هاوکارییهوه سهرچاوه دهگرێت، کە نەوە و دامەزراوە و چینە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان بەشداری لە پێکهێنانیدا دەکەن. لەبەرئەوە، زانهكی دەبێتە هێزێکی بەرهەمهێنەر کاتێک لە شێوه تیۆرییەکەیەوە دەگوازرێتەوە بۆ نهخشهسازی و دیزاینی ئامێرەکان و ڕێکخستنی بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی ڕێگاكانی کار.
بەڵام ئەم زانهكییه، سەرەڕای مۆرك و خەسڵەته کۆمەڵایەتییەکەی، لەناو پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا وەک تایبەتمەندییەکی سەرمایە دەردەکەوێت. ئامێر و سیستەمە تەکنیکییەکە کە زانست و هاوکاریی کۆمەڵایەتی بەرجەستە دەکەن، ڕووبەڕووی کرێکار نابنەوە وەک دەربڕینێک لە توانای بەکۆمەڵی، بەڵکو وەک هێزێک کە سەرمایە خاوەنیەتی و لە ڕێکخستنی پرۆسەی کاردا بەکاری دەهێنێت. بەم شێوەیە زانهكیی کەڵەکەبوو لە بەرهەمهێنەران جیا دەبێتەوە و بە شێوەی دەسەڵاتێکی تەکنیکی دەگەڕێتەوە بۆیان، کە ئەرکەکانیان و ڕیتمی کارەکەیان و شوێنیان لەناو بەرهەمهێناندا دیاری دەکات.
ئەم پهرهسهندنه دەبێتە هۆی گۆڕینی پەیوەندیی نێوان کاتی کاری ڕاستەوخۆ و بەرهەمهێنانی سامان. هەرچەندە زانست زیاتر تێکەڵ بە ئامرازەکانی بەرهەمهێنان ببێت، توانای بەرهەمهێنانی کاڵاکان بە شێوەیەکی ڕێژەیی کەمتر پشت بە بڕی کاری ڕاستەوخۆی بەکاربراو دەبەستێت و زیاتریش بە ئاستی گشتیی زانهكی و تەکنەلۆژیا و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتییەوە دەبەسترێتەوە. ئەمەش ناكۆكی و دژبەیەکییەک لەناو بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا ئاشکرا دەکات: ئەو لە پێوانهكردنی بەها پشت بە کاتی کار دەبەستێت، بەڵام لە هەمان کاتدا، پهره به هێزگهلێكی بەرهەمهێنان دەدات کە پێویستیی ڕێژەیی بەم کاتە کەم دەکەنەوە.
بەرزبوونەوەی بەرهەمداری توانای کەمکردنەوەی کاتی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی ئامرازەکانی ژیان و فراوانکردنی کاتی بەردەست بۆ پهرهسهندنی تاک و بەشدارییە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکەی دەڕەخسێنێت. بەڵام بەدیهێنانی ئەم توانا و ئەگەرە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی لە پهرهسهندنی تەکنیکییەوە سەرچاوە ناگرێت؛ چونكه له سایهی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریدا دەکرێ بهكارهێنانی ئابووری لە کاتی کار بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی کرێکاران، یان زیادکردنی چڕی کار، یاخود فراوانکردنی بەرهەمهێنان و کەڵەکەبوون بەکاربهێنرێت، لە جیاتی گۆڕینی بۆ کاتێکی ئازاد بۆ کۆمەڵگە. لەبەر ئەوە ئازادکردنی کات بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەستراوەتهوه کە خاوەندارێتیی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و دابەشکردنی قازانجەکانی بەرهەمهێنان دیاری دەکەن.
ئەم شیکردنەوەیە بەو مانایە نییە کە مارکس پێشبینی ئابووریی ژمارهیی ـ دیجیتاڵی ـ یان ژیریی دەستکردی کردبێت، وەک ئەوەش نییە کە چەمکی "عەقڵی گشتی" هاوتا بێت لەگەڵ سیستەمە خوارزمایهتیییە هاوچەرخەکان. بەڵام چەمکەکە دەروازەیەکی تیۆری بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتی گۆڕانی زانستی بەرهەم هاتووی کۆمەڵایەتی بۆ توانایەکی بابەتیی تێکەڵکراو لە ئامرازەکانی بەرهەمهێناندا دابین دەکات. لە ئابووریی دیجیتاڵیدا زانهكی لە سۆفتوێر و بنکەکانی داتا و مۆدێلە ژمێریارییەکان و خوارزمایهتیەکان و ژێرخانی کۆمپیوتەریدا بەرجەستە دەبێت، وەک چۆن لە قۆناغی پیشەسازیدا لە نهخشهسازی و دیزاینی ئامێرەکان و ڕێکخستنی کارگەکاندا بەرجەستە بوو.
بەم شێوەیە "عەقڵی گشتی" بازنەیەکی تیۆریی بنەڕەتییە لە گواستنەوە لە ئامێرەوە بۆ خوارزمایهتی. ئەو ئاشکرای دەکات کە گەشەسەندنی هێزەكانی بەرهەمهێنان لە باشترکردنی ئامرازە مادییەکاندا بە تەنها خۆی نابینێتەوە، بەڵکو لە تێکەڵکردنی زانهكی و هاوکاریی کۆمەڵایەتی لە پرۆسەی بەرهەمهێنانیش خۆی دهبینێتهوه. هەروەها ئەو پرسیارە دەورووژێنێت کە لە سەرمایەداریی ژمارهییدا زیاتر بەپەلە و سوور دەبێت بۆ كردنی: چۆن ئهو زانهكییهی كه کۆمەڵگە بە شێوەیەکی هاوبەش بهرههمی هێناوه، دەگۆڕدرێت بۆ بنهچهیهكی تایبەت کە ئهو دامەزراوانهی خاوەنی ئامرازە تەکنیکییەکانی بەرهەمهێنانین کۆنترۆڵی دەکەن؟
شەشەم: لە ئامێرەوە بۆ خوارزمایهتی: ژیریی دەستکرد و گەشەسەندنی هێزە بەرهەمهێنەکان
گواستنەوە لە ئامێری پیشەسازییەوە بۆ خوارزمایهتی گۆڕانکارییەکی جۆرییە لە گەشەسەندنی هێزە بەرهەمهێنەکان. شۆڕشی پیشەسازی لەسەر گواستنەوەی بەشێک لە هەوڵی ماسوولکەیی و لێهاتوویی پیشەگەری بۆ ناو سیستەمی ئامێری دامەزرابوو، لە کاتێکدا ژیریی دەستکرد درێژ دەبێتەوە بۆ پرۆسێسکردنی زانیاری و ئۆتۆماتیککردنی هەندێک ئەرکی زانهكی و زمانەوانی و شیکاری. لەگەڵ ئەوەشدا، خوارزمایهتی دابڕان و پچڕانێکی تەواو نییە لەگەڵ ئامێر؛ چونكه سیستەمە ژمارهییهكانیش هەر لەسەر پێکهاتەیەکی مادی و کاری مرۆیی و زانستی کۆمەڵایەتیی کەڵەکەبوو دامەزراون.
ژیریی دەستکرد تەنها لەسەر خوارزمایهتیەکان دانهمەزراوە، بەڵکو پشت بە سیستەمێک دەبەستێت کە داتا و سۆفتوێر و چیپی ئەلیکترۆنی و ناوەندەکانی کۆمپیوتەر و تۆڕەکانی پەیوەندی و وزە لەخۆدەگرێت، جگە لە کاری توێژەران و ئەندازیاران و بەرنامەسازان و کرێکارانی کۆکردنەوە و پۆلێنکردنی داتا و چاککردنەوەی ژێرخان. بۆیە ئابووریی دیجیتاڵی بە مانای گواستنەوە بۆ جیهانێکی نامادی نییە، بەڵکو شێوازێكی نوێیە لە بەیەکەوە بەستنەوەی زانهكی و کار و پێکهاتەی تەکنیکی.
سیستەمە خوارزمایهتیییەکان دەچنە ناو ژمارەیەکی زیاتری پرۆسە ئابوورییەکانەوە، بۆیە لە شیکردنەوەی داتا و پێشبینیکردنی خواست و هەماهەنگیکردنی زنجیرەکانی دابینکردن و چاودێریکردنی کارایی و پاڵپشتیکردنی بڕیارداندا بەکاردەهێنرێن. ڕێکخراوی هاریکاری و گەشەپێدانی ئابووری ئاماژە بەوە دەکات کە دروستکردن و بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد پێویستی بە هێزێکی کاری لێهاتوو و سیاسەت و چوارچێوەی ڕێکخستنی پاڵپشت و دەستڕاگەیشتن بە داتا و بەردەستبوونی سەرچاوە کۆمپیوتەرییەکان هەیە.(10) بەم شێوەیە داتا و بهرنامهكاری و توانای کۆمپیوتەری بوونەتە پێکهاتەیەکی بنەڕەتی لە هێزەكانی بەرهەمهێناندا، شانبهشانی کار و ئامێر و وزە و ماددەکان.
سیستەمە خوارزمایهتیییەکان بهوه لە ئامێرە نەریتییەکان جیاوازن، چونكه ئەرکەکەیان تەنها سنووردار نییە بە جێبەجێکردنی جووڵەیەکی میکانیکیی دیاریکراوهوه، بەڵکو پرۆسهی چارهسهركردنی زانیارییهكان و ههمواركردنهوهی دەرئەنجامەکان بە پشتبەستن بە داتا لەخۆدەگرێت. بەڵام وەسفکردنیان بەوەی کە "فێر دەبن" بە مانای خاوەندارێتیكردنی هۆشیارییەکی سەربەخۆیان نییە؛ چونكه فێربوونی ئامێر لەسەر نموونهی بیرکاری دامەزراوە، کە پەیوەندییە ئەگەرییەکان لە داتاوە دەردەهێنێت و لە پۆلێنکردن و پێشبینیکردن و بەرهەمهێنانی دەرئەنجامەکاندا بەکاریان دەهێنێت. ئامانجەکانی سیستەم و پێوەرەکانی هەڵسەنگاندنی و بوارەکانی بەکارهێنانی لەناو ڕێکخستنە مرۆیی و دامەزراوەییەکاندا به دیاریکراوی دەمێننەوە.
لەم گۆشەنیگایەوە، دهكرێ ژیریی دەستکرد وەک شێوهیهكی هاوچەرخی بەرجەستەبوونی زانهكیی کۆمەڵایەتی لە ئامرازەکانی بەرهەمهێناندا سەیر و بهرجهسته بکرێت. چونكه چیتر زانهكی تەنها لە نهخشهسازیكردنی ئامێردا تێکەڵ نابێت، بەڵکو لە کۆدی بەرنامەسازی و بنکەکانی داتا و نموونه ژمێریارییەکاندا کەڵەکە بووە. ئەمەش بە مانای هاوتاکردنی "عەقڵی گشتی" نییە لەگەڵ ژیریی دەستکرد، بەڵکو بەکارهێنانی چەمکەکەیە بۆ تێگەیشتن لە گۆڕانی زانهكیی کەڵەکەبووی کۆمەڵایەتی بۆ توانایەکی بەرهەمهێنەری بابەتییانه.
ئەم گۆڕانکارییە کاریگەری لەسهر پێگه و شوێنی کاری مرۆییدا هەیە. لەگەڵ ئۆتۆماتیک کردنی هەندێک ئەرک، گرنگیی نهخشهسازیی سیستەمەکان و چاودێریکردنیان و ڕاڤەکردنی دەرئەنجامەکانیان و چاککردنەوەیان زیاد دەکات. هەروەها كۆمهڵه كارێك سەرهەڵدەدەن کە لەوانەیە به شاراوەیی بمێننەوە، وەک ئامادەکردنی داتا و پێداچوونەوە بە ناوەڕۆکدا. لەبەرئەوە، کار ون نابێت، بەڵکو ئەرکەکانی دەگۆڕدرێن و ئەرکەکان لە نێوان مرۆڤ و سیستەمە تەکنیکییەکەدا دووبارە دابەش دەکرێنەوە.
لەوانەیە ژیریی دەستکرد بۆ سووککردنی ئەرکە دووبارە و مەترسیدارەکان و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان بەکاربهێنرێت، وەک ئەوەی لەوانەیە بۆ کەمکردنەوەی دەستی کار و زیادکردنی چڕی کار و توندکردنی چاودێری بەکاربهێنرێت. بۆیە ناكرێ ئەنجامە کۆمەڵایەتییەکانی تەنها لە تایبەتمەندییە تەکنیکییەکانییەوە بهرئهنجام بگیرێن، بەڵکو دەبێت پەیوەندییەکانی خاوەندارێتی و کار و دەسەڵات کە ئامانجەکانی بەکارهێنانی و دابەشکردنی دهستكهوت و قازانج و مەترسییەکانی دیاری دەکەن، شیکار بکرێن.
كهواته؛ گواستنەوە لە ئامێرەوە بۆ خوارزمایهتی، فراوانبوونێکی جۆری لە هێزەكانی بەرهەمهێناندا ئاشکرا دەکات، چونكه چارهسهری زانیارییهكان بووەتە بەشێکی ڕاستەوخۆ لە ڕێکخستنی بەرهەمهێناندا. بەڵام نوێنەرایەتی تێپەڕاندنی پیشەسازیی مادی، یان کاری مرۆیی ناکات و ئەنجامێکی کۆمەڵایەتیی دیاریکراوی لەپێشینە هەڵناگرێت؛ چونكه کاریگەرییەکانی بەپێی ئەو لایەنەی خاوەنی داتا و نموونهكان و ژێرخانی کۆمپیوتەری و ئەو ئامانجانەی کە بەکارهێنانیان ئاراستە دەکەن، دیاری دەکرێن.
حەوتەم: ژیریی دەستکرد و ناكۆكی و دژایهتییهكانی سەرمایەداریی ژمارهیی (دیجیتاڵی)
ژیریی دەستکرد یەکێکە لە دیارترین دەرهاویشتەکانی گەشەسەندنی هێزەكانی بەرهەمهێنان لە سەرمایەداریی هاوچەرخدا؛ چونکە پێشکەوتنی تەکنیکی لە زیادکردنی توانای میکانیکییەوە درێژ بووەتەوە بۆ چارهسهركردنی زانهكی و زانیاری و ئاوێته و تێکەڵکردنیان لە ڕێکخستنی کار و خزمەتگوزاری و بازاڕەکان. داتا و خوارزمایهتی و توانای کۆمپیوتەری بوونەتە توخمێکی بنەڕەتی لە بەرهەمهێنانی سامان، بە شێوەیەک کە ئاستێکی نوێ لە بەرجەستەبوونی زانهكیی کۆمەڵایەتی لە ئامرازەکانی بەرهەمهێناندا ئاشکرا دەکات.
ئەم پهرهسهندنه توانای بهرزكردنهوهی بهرههمداری و کەمکردنەوەی کاتی پێویست بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکان و پەرەپێدانی توێژینەوەی زانستی و باشترکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستی و پەروەردەییەکان و ڕێکخستنی گواستنەوە و وزە و کەمکردنەوەی هەندێک فۆرمی بەفیڕۆدان دەڕەخسێنێت. بەم مانایە، ژیریی دەستکرد درێژکراوەی ئەو ئاراستەیەیە کە مارکس لە "گرۆندریسە"دا باسی کردووه، کاتێک بینی بەرهەمهێنانی سامان بە شێوەیەکی ڕێژەیی کەمتر پشت بە کاتی کاری ڕاستەوخۆ دەبەستێت و زیاتر بە ئاستی گشتیی زانست و تەکنەلۆژیا و جێبەجێکردنیان لە بەرهەمهێناندا دەبەسترێتەوە.(11)
بەڵام ئەم ئهگهر و توانایانه بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ناگۆڕدرێن بۆ قازانجی کۆمەڵایەتی؛ چونکە لەناو پەیوەندییەکاندا کاردەکەن کە خاوەندارێتیی داتا و شێوه و سهكۆكان و پێکهاتە کۆمپیوتەرییەکان دیاری دەکەن. چونكه له سایهی خاوەندارێتیی تایبەتی چڕکراوەدا، قازانجەکانی بەرهەمداری ئاراستەی کەمکردنەوەی تێچووەکان و بەهێزکردنی توانای کێبڕکێ و فراوانکردنی قازانجەکان دەکرێن. بەم شێوەیە ئەو زانهكییهی کۆمەڵگە بە شێوەیەکی کەڵەکەبوو بەرهەمی دەهێنێت، دەگۆڕدرێت بۆ سەرمایەیەکی تایبەت کە ئەو دامەزراوانەی توانای کۆکردنەوەی داتا و خاوەندارێتی سەرچاوە کۆمپیوتەرییەکانیان هەیە قۆرخکاری دەکەن.
ئەمەش ناكۆكی و دژبەیەکی نێوان مۆرك و خەسڵەتی کۆمەڵایەتیی بەرهەمهێنانی ژیریی دەستکرد و شێوەی تایبەتی خاوەندارێتییەکەی ئاشکرا دەکات. ئەم سیستەمانە لەسەر کەڵەکەبوونێکی مێژوویی زانهكی دامەزراون و سوود لەو توێژینەوانه وەردەگرن کە به شێوهیهكی گشتی یارمهتی و دهستباری دارایی دهدرێن، ههروهها لە کاری توێژەران و بەرنامەسازان و کرێکارانی ئامادەکردنی داتا و لەو زانیارییانەش سوودمهندن کە بەکارهێنەران بەرهەمیان دەهێنن. سەرەڕای ئەمەش، کۆنترۆڵکردن لەسەر ئەنجامەکانی ئەم کارە لەلای ژمارەیەکی سنوورداری کۆمپانیا و سهكۆكان چڕ بوونەتەوە. (ئۆنکتاد) ئاماژەی بەو ناهاوسەنگییە کردووە لە کۆنترۆڵکردنی داتا و بەهێزتربوونی پێگەی باڵادەستی سهكۆ (پلاتفۆرم)ـه دیجیتاڵییە جیهانییەکان.(12)
ناكۆكی و دژ بەیەکییەکە پهلدههاوێت بۆ ناو جیهانی کار. ژیریی دەستکرد توانای ئۆتۆماتیک کردنی هەندێک ئەرکی کارگێڕی و شیکاری و زمانەوانی هەیە، بەڵام وهكو مهرج نییه ببێته هۆی ونبوونی پیشەکان بە تەواوی. چونكه پیشەکان لە كۆمهڵه ئهركێك پێکهاتوون کە لە توانای خۆكردهیی و ئۆتۆماتیک کردنیاندا جیاوازن، بۆیە کاریگەریی ئەگەرێکی زیاتر بریتییە لە دووبارە داڕشتنەوەیان و گۆڕینی كارامهییه پێویست و داواکراوەکان. توێژینەوەیەک لەلایەن ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتییەوە لە ساڵی 2025دا بڵاوکراوەتەوە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە گۆڕانکاریی چاوهڕوانكراو، دووبارە داڕشتنەوەی کارە، نەک سڕینەوەی پیشەکان بە تەواوی.(13)
لەوانەیە دامەزراوەکان ژیریی دەستکرد بۆ کەمکردنەوەی دەستی کار، یان زیادکردنی چڕی کار، یاخود توندکردنی چاودێریی کارایی، یان فراوانکردنی کاری کاتی و ناسەقامگیر بەکاربهێنن. هەروەها لەوانەیە کارە ژمارهییه کرێ نزم و كهمهكان لە ئامادەکردنی داتا و پێداچوونەوە بە ناوەڕۆکدا سەرهەڵبدەن و لە پشت وێنە دیارەکەی ئۆتۆماتیک کردنەوە به شاراوەیی بمێننەوە. لە بەرانبەردا، دەتوانرێ هەمان سیستەم بۆ سووک کردنی ئەرکە دووبارە كراوهكان و مەترسیدارەکان و باشترکردنی مەرجەکانی کار و کەمکردنەوەی کاتژمێرەکانی بەکاربهێنرێن.
بەرزبوونەوەی بەرهەمداری ناكۆكی و دژبەیەکییەکی فراوانتر دەورووژێنێت؛ ئەگەر ئۆتۆماتیک کردن ڕێگە بدات بەرهەم زیاد بکات بەبێ گەشەیەکی هاوشێوە لە دامەزراندن و داهاتدا، ئەوا لەوانەیە بۆشایی نێوان توانای بەرهەمهێنانی کاڵا و خزمەتگوزاری و توانای کۆمەڵایەتی بۆ بەکاربردنیان فراوانتر بێت. ئەمەش بەو مانایە نییە کە ژیریی دەستکرد بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەبێتە هۆی قەیرانی زیادە بەرهەمهێنان، بەڵام لەوانەیە گرژیی نێوان فراوانبوونی توانای بەرهەمهێنان و خهراپی دابەشکردنی داهات لە کۆمەڵگەیەکدا کە تێیدا بەدەستهێنانی ئامرازەکانی ژیان كه لەلای زۆرینەوە پشت بە کاری بهكرێ دەبەستێت، قووڵتر بکاتەوە.
ئەم ناكۆكی و دژبەیەکییانە بەو مانایە نییە کە ژیریی دەستکرد بە ناچاری دەبێتە هۆی داڕمانی سەرمایەداری، یان تێپەڕاندنی؛ لهبهرئهوهی سەرمایەداری توانای خۆی لە خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانکارییە تەکنیکییەکان و نوێکردنەوەی میکانیزمەکانی کەڵەکەبووندا نیشان داوە. پهرهسهندنی هێزەكانی بەرهەمهێنان توانا بابەتییهكان دهخوڵقێنێت، بەڵام پێشوهخته ئەنجامە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکەی دیاری ناکات. لەبەر ئەمە پرسیاری یەکلاکەرەوە تەنها لەوەدا نییە کە ژیریی دەستکرد دەتوانێت چهند ئەنجام بدات، بەڵکو لەوەدایە کێ خاوەنیەتی و چ هێزێک بەکارهێنانی دیاری دەکات و شێوازی دابەشکردنی قازانجەکانی بەرهەمداری و مەترسییەکانیشی چۆنن.
هەشتەم: ژیریی دەستکرد و دووبارە ڕێکخستنەوەی پەیوەندیی نێوان هێزەكانی بەرهەمهێنان و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان
لێرەدا شیکردنەوە لە تاوتوێکردنی شوێنی ژیریی دەستکرد لەناو سەرمایەداریی دیجیتاڵیدا دەگوازرێتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو مەرجە کۆمەڵایەتی و دامەزراوەییانەی کە دەتوانن پهرهسهندنی هێزەكانی بەرهەمهێنان بکەنە بنەمایەک بۆ باشترکردنی ژیانی مرۆڤ و فراوانکردنی ئازادییەکەی. لە گریمانەی ئەوەشهوە ههنگاو ههڵناهێنێت کە پێشکەوتنی تەکنیکی بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەبێتە هاتنهكایهی سۆسیالیزم؛ چونکە کاریگەرییەکانی تەکنەلۆژیا بەپێی پەیوەندییەکانی خاوەندارێتی و کار و ئهو دەسەڵاتهی کە بەرهەمهێنانهكهی و بەکارهێنانی و دابەشکردنی قازانجەکانیشی ڕێکدەخەن، دیاری دەکرێن.
ژیریی دەستکرد دەرفەت بۆ بەرزکردنەوەی بەرهەمداری و کەمکردنەوەی کاتی کار و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و هەماهەنگی کردنی سەرچاوەکان دهڕهخسێنێت، هەروەها لەوانەیە بۆ خهختكردنهوهی سامان و چڕکردنەوەی کار و قووڵکردنەوەی چاودێریش بەکاربهێنرێت. بۆیە پهرهسندنی ئاراستە کۆمەڵایەتییەکەی بەستراوەتەوە بە خاوەندارێتیی سەرچاوە دیجیتاڵییەکان و دابەشکردنی قازانجەکانی بەرهەمداری و سروشتی پلاندانان و ئاستی بەشداریی دیموکراتیکانه و ئەو دڵنیایی و گەرەنتییانەی کە ڕێگری لە بیرۆکراسی و چاودێری دەکەن.
یەکەم: سۆشیالیزم وەک ئەگەرێکی مێژوویی کە گەشەسەندنی هێزەكانی بەرهەمهێنان دەیڕەخسێنێت
مارکس وەک نموونهیهكی ڕهوشتیی تەواو مامەڵە لەگەڵ سۆسیالیزم ناکات، کە بەسەر کۆمەڵگەدا بسەپێنرێت تهنها بە پشتبەستن بە تێڕوانینە ڕووت و پهتییهكانی دادپەروەری، بەڵکو وەک توانا و ئهگهرێكی مێژوویی کە لە پهرهسهندنی کۆمەڵگەی سەرمایەداری و ناكۆكی و دژبەیەکەکانییەوە سەرهەڵدەدات. بەپێی تێڕوانینی ماتریالیستی بۆ مێژوو، گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان بە کارلێکی نێوان هێزەكانی بەرهەمهێنان و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانەوە بەستراونەتەوە، کە خاوەندارێتی و بەکارهێنان و دابەشکردنی ئەنجامەکانیان ڕێکدەخەن. کاتێک پەیوەندییە باوهكان چیتر توانای لەخۆگرتنی پهرهسهندنی هێزەكانی بەرهەمهێنانیان نابێت، ئهوهش لە كۆمهڵه شێوهیهكهوه کە یارمەتی گەشەیان داوە دەگۆڕدرێن بۆ بەربەستێک کە تواناكانیان سنووردار دەکات.(14)
ڕووخسار و ڕەهەندە تیۆرییەکانی ئەم تێڕوانینە لە "ئایدیۆلۆژیای ئەڵمانی"دا دەستی پێکرد، کە تێیدا مارکس و ئەنگلس پهرهسهندنی کۆمەڵگەکانیان بە مەرجە مادییەکانی بەرهەمهێنان و دابەشکردنی کار و خاوەندارێتییەوە بەستەوە. پاشان مارکس لە پێشەکی "بەشدارییەک بۆ ڕەخنە لە ئابووریی سیاسی"دا داڕشتنێکی چڕی بۆ ئەم پەیوەندییە خستەڕوو، ڕوونیشیکردەوە کە هێزە بەرهەمهێنەره مادییەکان لە قۆناغێکی دیاریکراو، لەگەڵ پەیوەندییە باوهكانی بەرهەمهێنان دەکەونە ناو ناكۆكی و دژبەیەکییەوە و ئەم پەیوەندییانەش دهبنه كۆسپ بەربەست لهبهردهمیان.(15)
بەڵام ئەم ناكۆكی و دژبەیەکییە بەو مانایە نییە کە سۆسیالیزم بە شێوەیەکی خۆكردهیی و ئۆتۆماتیکی بەدی دێت؛ چونكه پهرهسهندنی هێزەكانی بەرهەمهێنان توانا مادییەکانی گۆڕانکاری ئامادە دەکات، بەڵام پێشوهخته ئەنجامە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکەی دیاری ناکات. لەوانەیە پەیوەندییە باوهکانی بەرهەمهێنان بمێننەوە، ئەگەر بتوانن خۆیان دووبارە ڕێکبخەنەوە، یان قەیرانەکانیان بگوازنەوە بۆ توێژهكانی تر و ناوچەکانی دیكه. لەبەرئەوە، ناكۆكی و دژبەیەکییەکە بوار بۆ گۆڕانکاری دەکاتەوە، بەڵام جێگەی کردەی کۆمەڵایەتی و ڕێکخستنی سیاسی و دامەزراوە توانادارەکان بۆ گۆڕینی توانا و ئهگهری بابەتی بۆ واقیعێکی مێژوویی ناگرێتەوە.
سۆسیالیزم؛ لەم ڕوانگەیەوە، نوێنەرایەتی ڕەتکردنەوەی ئهو پهرهسهندنه زانستی و مادییه ناكات کە لەناو سەرمایەداریدا بەدیهاتووە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەی دەستکەوتەکانی لەسەر بنەمایەکی کۆمەڵایەتیی جیاواز. سەرمایەداری ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی پەرە پێدا و بازاڕەکانی فراوان کرد و زانستی لە بەرهەمهێناندا تێکەڵ کرد، بەڵام ئەم هێزانەی له سایهی خاوەندارێتیی تایبەت و کێبڕکێ و قازانجدا هێشتەوە. بەم شێوەیە ناكۆكی و دژبەیەکی نێوان مۆرك و خەسڵەتی کۆمەڵایەتیی بەرهەمهێنان و دەستبەسەرداگرتنی تایبەتیی ئەنجامەکانی قووڵ کردەوە.
ئەم شیکردنەوەیە لە "ڕەخنە لە بەرنامەی گۆتا" دیاریکراوتر بوو، کە تێیدا مارکس دەنووسێت:
"هەر دابەشکردنێکی ئامرازەکانی ژیان، تەنها ئەنجامی دابەشکردنی خودی مەرجەکانی بەرهەمهێنانە."(16)
ئەم دەستەواژەیە ئهوه ئاشكرا دەکات، کە دابەشکردنی سامان ناتوانرێ بە شێوەیەکی ڕیشەیی بگۆڕدرێت، بەبێ گۆڕینی ئەو پەیوەندییانەی کە خاوەندارێتیی مەرجەکانی بەرهەمهێنان ڕێکدەخەن. پرسیارەکە تەنها بە بڕی ئەوەی تاکەکان بەدەستی دەهێنن سنووردار نییە، بەڵکو ئەو لایەنە دەگرێتەوە کە خاوەنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنانە و ئهو دهسهڵاتهی کە ئامانجەکانی بەکارهێنانی دیاری دەکات، ههروهها ئهو ڕێگایهی كه كارهكهش ڕێكخدهخات. لەبەر ئەوە سۆسیالیزم بە مانای تەنها دووبارە دابەشکردنەوەی داهات نییە، بەڵکو دووبارە ڕێکخستنەوەی پەیوەندیی نێوان کۆمەڵگە و مەرجەکانی بەرهەمهێنانی سامانە.
ژیریی دەستکرد ناوەڕۆکێکی هاوچەرخ بەم پرسە دەبەخشێت؛ چونکە ئێستا هێزەكانی بەرهەمهێنان داتا و خوارزمایهتی و سهكۆكان و ژێرخانی کۆمپیوتەری لەخۆدەگرن. ئەم سەرچاوانە پشت بە کەڵەکەبوونی زانهكی و کاری بەکۆمەڵ و وەبەرهێنان لە پەروەردە و توێژینەوە دەبەستن، بەڵام لەلای ژمارەیەکی سنوورداری کۆمپانیاکان چڕ بوونەتەوە، بۆیە زانهكیی بەرهەم هاتووی کۆمەڵایەتی دەگۆڕدرێت بۆ سەرچاوەیەکی تایبەت.
بەم شێوەیە ژیریی دەستکرد پرسیارەکە دووبارە دێنێتەوە ئاراوە: ئایا توانا تەکنیکی و زانهكییهكان له سایهی خاوەندارێتیی تایبەت و ئامانجەکانی قازانجدا دەمێننەوە، یان دەتوانرێ وەک سەرچاوەی کۆمەڵایەتی ڕێکبخرێن؟ لەسەر ئەم بنەمایە، سۆسیالیزم لە سەردەمی ژیریی دەستکرددا بە مانای ڕەتکردنەوەی تەکنەلۆژیا نایهت، بەڵکو گۆڕینی ئەو پەیوەندییانەیە کە خاوەندارێتی و ئامانجەکانی بەکارهێنانی و دابەشکردنی قازانجەکانی دیاری دەکەن و ملكهچكردنی ئهو دهسهڵاتهی سهرێتی بۆ چاودێریی دیموکراتی.
دووەم: خاوەندارێتیی کۆمەڵایەتیی داتا و خوارزمایهتی و ژێرخانی ژمارهیی (دیجیتاڵی)
ئەگەر گۆڕینی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان پێویستی بە دووبارە ڕێکخستنەوەی خاوەندارێتی و کۆنترۆڵکردنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان بێت، ئەوا ئەم پرسە لە سەردەمی ژیریی دەستکرددا ناوەڕۆکێکی فراوانتر وەردەگرێت. مارکس ڕوونی کردووەتهوە کە دابەشکردنی ئامرازەکانی بەکاربردن، لە لایەنێکی بنەڕەتیدا، بە دابەشکردنی خودی مەرجەکانی بەرهەمهێنان دیاری دەکرێت.(17) لەبەر ئەوە، ناتوانرێ نایەکسانی لە سامانی ژمارهییدا چارەسەر بکرێت بەبێ لێکۆڵینەوە لەو لایەنانەی کە خاوەنی ژێرخانی بنەڕەتیی بەرهەمهێنانین و دەستڕاگەیشتن پێیشی کۆنترۆڵ دەکەن.
ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی هاریکاری و گەشەپێدانی ئابووری ئاماژە بەوە دەکات کە دروستکردن و بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد پشت بە هێزێکی کاری لێهاتوو و چوارچێوەی ڕێکخستنی پاڵپشت و ئەگەری دەستڕاگەیشتن بە داتا، و بەردەستبوونی سەرچاوە کۆمپیوتەرییەکان دەبەستێت.(18) ئەمەش فراوانبوونی چەمکی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان لە ئابووریی ژمارهییدا ئاشکرا دەکات؛ چونکە بووەتە هۆی ئەوەی کە داتا و خوارزمایهتی و سهكۆ ئهلیكترۆنییهكان و تۆڕەکانی پەیوەندی و ناوەندەکانی داتا و بهرنامهسازی و چیپ و توانای کۆمپیوتەری لەخۆبگرێت، لەگەڵ کارگە و ئامێر و کاری مرۆییش.
خاوەندارێتیی کۆمەڵایەتیی ئەم سەرچاوانە تهنها بە مانای گواستنەوەیان لە کۆمپانیاکانەوە بۆ دەوڵەت نییە؛ چونکە گۆڕینی خاوەنی یاسایی گەرەنتی گۆڕینی ئەو پەیوەندییانە ناکات کە بەرهەمهێنان ڕێکدەخەن، یان دابەشکردنی دەسەڵاتی بڕیاردان. خاوەندارێتیی حکومی، ئەگەر بەڕێوەبردنەکەی لە کرێکاران و بەکارهێنەران جیا بکرێتەوە، لەوانەیە بگۆڕدرێت بۆ خاوەندارێتییەکی بیرۆکراتی کە زانیاری و ئەزموون قۆرخ دەکات. بۆیە خاوەندارێتیی کۆمەڵایەتیی کردەیی پێویستی بە خستنەژێر چاودێریی دیموکراتیک و لێپرسینەوەی سەرچاوە بنەڕەتییەکان و بەشداریپێکردنی ئەو توێژ و چینانەی کە کاریگەرییان لەسەرە لە دیاریکردنی ئامانجەکانی بەکارهێنانیدا.
گرنگیی ئەمە لە سروشتە تایبەتەکەی داتاكاندا دەردەکەوێت؛ چونکە بەشێکی زۆری لە چالاکییەکی کۆمەڵایەتییەوە سەرچاوە دەگرێت کە کار و پەیوەندی و پەروەردە و بەکاربردن و بەکارهێنانی خزمەتگوزاری و سهكۆ ئهلیكترۆنییهكان لەخۆدەگرێت. دوای کۆکردنەوە و چارهسهركردنی داتاكان دەگۆڕدرێت بۆ سەرچاوەیەکی ئابووری کە دامەزراوە خاوەنەکانی ژێرخانی ژمارهیی کۆنترۆڵی دەکەن. ئۆنکتاد ئاماژەی بە بوونی ناهاوسەنگییەکی گەورە کردووە لە دابەشکردنی توانای کۆکردنەوە و هەڵگرتن و شیکردنەوەی داتاكان و گۆڕینیان بۆ بەهایەکی ئابووری.(19)
بەڵام مۆرك و خەسڵەتی کۆمەڵایەتیی بەرهەمهێنانی داتاكان بەو مانایە نییە کە داتای کەسی بە موڵکێکی گشتیی بەردەست و بێ هیچ كۆت و سنوورێك دابنرێت. خاوەندارێتیی کۆمەڵایەتیی ژێرخانی دیجیتاڵی دەبێت لەگەڵ پاراستنی تایبەتمەندیدا پەیوەست بێت و دیاریکردنی ئامانجەکانی کۆکردنەوەی داتاكان و ماوەی هەڵگرتنیان و پێدانی مافی زانهكی و ناڕەزایەتی و ڕاستکردنەوە بە تاکەکان بێ. بهڵكو مەبەست خستنەژێر چاودێریی گشتییەوەیە بۆ ژێرخانە بنەڕەتییەکانی چارهسهركردنی داتاكان، نەک هەڵوەشاندنەوەی مافە تاکەکەسییەکان، یان گۆڕینی ژیانی تایبەت بۆ سەرچاوەیهكی کراوه بۆ ههمووان.
پرسیاری خاوەندارێتی؛ خوارزمایهتی و نموونه پێشکەوتووەکان و توانای کۆمپیوتەری لەخۆدەگرێت؛ قۆرخکردنی ئەم سەرچاوانەش لەلایەن کۆمپانیاکانەوە توانایان بۆ دیاریکردنی مەرجەکانی دەستڕاگەیشتن بە تەکنەلۆژیا و زانهكی زیاد دەکات. هەروەها ڕاهێنان و بەکارهێنانی نموونه گەورەکان پێویستیان بە سەرچاوە هەیە، کە ئهوهش تەنها بۆ ژمارەیەکی سنوورداری کۆمپانیا و وڵاتان بەردەستە، ئەمەش لەوانەیە جیاوازییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان بەهێزتر بکات.(20) بۆیە پاڵپشتیکردنی ژێرخانی کۆمپیوتەریی گشتی و توێژینەوە کراوەکان و سهكۆ و پلاتفۆرمە ههرهوهزییهكان، لەگەڵ یاساکانی ڕێگریکردن لە قۆرخکاری، دەبێتە مەرجێک بۆ فراوانکردنی بەشداری لە پەرەپێدانی تەکنەلۆژیادا.
بەم شێوەیە خاوەندارێتیی کۆمەڵایەتی بە واتای تەنها گۆڕینی بەڵگەی خاوەندارێتی نییە، بەڵکو دووبارە دابەشکردنەوەی دەسەڵاتی بڕیاردانە دەربارەی داتاكان و خوارزمایهتی و ژێرخانی کۆمپیوتەری، لەگەڵ پاراستنی تایبەتمەندی و گەرەنتی چاودێریی دیموکراتیک و ئاراستەکردنی ئەم سەرچاوانە بەرەو پێداویستییە گشتییەکان لە جیاتی خستنەژێر لۆژیکی قازانجی تایبەتەوە.
سێیەم: ژیریی دەستکرد و کەمکردنەوەی کاتی کاری پێویست
کاتی کار، پێگهیهكی ناوەندی لە شیکردنەوەی مارکس بۆ سەرمایەداری داگیر دەکات؛ لهبهرئهوهی بەرهەمهێنانی زێدهبایی لەسەر پەیوەندیی نێوان ئەو کاتەی کرێکار ئەوەی هاوشێوەی بەهای هێزی کارەکەیەتی بەرهەم دەهێنێت و ئەو کاتە زیادەیەی کە لە بەرژەوەندی سەرمایەدا کاری تێدا دەکات دامەزراوە. ئامێری پیشەسازی ڕێگەی دا بڕی کاڵای بەرهەم هاتوو لە کاتێکی کورتتردا زیاد بکرێت، بەڵام بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی نەبووە هۆی کەمکردنەوەی ڕۆژی کار؛ چونکە بۆ درێژکردنەوەی، یان زیادکردنی چڕییەکەی و دەستبەرداربوون لە هەندێک کرێکار بەکارهات، لە جیاتی گۆڕینی قازانج و دهستكهوتهكان بەرهەمداری بۆ کاتێکی بەردەست بۆ کۆمەڵگە.(21)
ئەم ناكۆكی و دژبەیەکییە لە سەردەمی ژیریی دەستکرددا دەردەکەوێت؛ سیستەمە خوارزمایهتییەکان توانای ئۆتۆماتیک کردنی هەندێک ئەرک و خێراکردنی چارهسهركردنی زانیاری و کەمکردنەوەی کاتی پێویست بۆ جێبەجێکردنی کارەکانیان هەیە. لە ڕووی مادیشەوە، ئەم توانایە ڕێگە دەدات هەمان بڕی کاڵا و خزمەتگوزاری لە کاتێکی کەمتردا بەرهەم بهێنرێت، کە ئەمەش دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆ کەمکردنەوەی کاتژمێرەکانی کار و فراوانکردنی کاتی تەرخانکراو بۆ پەروەردە و چاودێری و کولتوور و بەشداریی کۆمەڵایەتی.
مارکس لە "گرۆندریسە"دا ئابووری لە کاتی کاردا بە ئەگەری زیادکردنی کاتی ئازادەوە بەستەوە، بۆ ئهمهش نووسیویەتی "پاشەکەوتکردنی کاتی کار بهرانبهره لهگهڵ زیادکردنی کاتی ئازاد".(22) کاتی ئازاد تەنها بە مانای پشووە پێویستەکە نییە بۆ گەڕاندنەوەی توانای کار، بەڵکو ئەو کاتەیە کە مرۆڤ دەتوانێت تواناکانی گەشە پێ بدات و بەشداری لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا بکات. لەبەر ئەوە، بەهای پێشکەوتنی تەکنیکی تەنها بە زیادکردنی بەرهەمهێنان ناپێورێت، بەڵکو بەوەی کە تا چەند بەشدارە لە ئازادکردنی مرۆڤ لە کاری پێویست.
بەڵام دامەزراوەکان لەوانەیە ژیریی دەستکرد بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی کرێکاران لەگەڵ هێشتنەوەی کاتژمێرە درێژهکانی کار بە بەکاربهێنن، یان بۆ زیادکردنی چڕییەکەی لە ڕێگەی چاودێریکردنی کارایی و بەرزکردنەوەی پێشبینییه بەرهەمدارییەکان. بەم شێوەیە ئەو تەکنەلۆژیایەی کە دەتوانێت کات پاشەکەوت بکات، دەگۆڕدرێت بۆ ئامرازێک بۆ فشاری زیاتر. لەبەر ئەمە دەبێت جیاوازی بکرێت لە نێوان کەمکردنەوەی کاتی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی کاڵایەک و کەمکردنەوەی ڕۆژی کاری کردەیی؛ یەکەمیان ئەنجامی بەرزبوونەوەی بەرهەمدارییە، بەڵام دووەمیان بڕیارێکی کۆمەڵایەتییە کە پەیوەندی بە دابەشکردنی قازانجەکانیەوە هەیە لە نێوان قازانج و کرێ و کاتی ئازاددا.
نابێت شیکردنەوەکە لەسەر گریمانەی ونبوونی زۆربەی پیشەکان بونیاد بنرێت؛ چونکە پیشەکان لە كۆمهڵه ئهركێك پێکهاتوون کە لە توانای ئۆتۆماتیک کردنیاندا یەکسان نین. توێژینەوەیهكی ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی کە لە ساڵی 2025دا بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەوە دەکات، کە کاریگەریی ئەگەرێکی زیاتری ژیریی دەستکردی بەرهەمهێنەر لە ژمارەیەکی زۆری پیشەکاندا دووبارە داڕشتنەوە و پێكهێنانهوهی ئەرکەکانە، نەک ههڵوهشاندنهوه و سڕینەوەی پیشەکان بە تەواوی؛ چونکە دەکرێت هەندێک ئەرک ئۆتۆماتیک بکرێن، لە کاتێکدا ئەرکەکانی تر هەر پێویستیان بە ئەزموون و بڕیار و کارلێکی مرۆیی دەبێت.(23)
لهوانهیه دووبارە داڕشتنەوەی پیشەکان ببێتە هۆی سووک کردنی کارە مهترسیدار و دووبارهبووهكان، وەک ئەوەی لەوانەیە ببێتە هۆی لاوازکردنی كارامهییهكان و زیادکردنی چاودێری و ناسەقامگیری. بۆیە نابێت هەڵسەنگاندنی کاریگەریی ژیریی دەستکرد تەنها لەسەر ژمارەی ئەو پیشانەی کە ههڵیاندهوهشێنێتهوه و دەیانسڕێتەوە، یان دایاندەهێنێت سنووردار بکرێت، بەڵکو دەبێت جۆری کار و کرێ و مافەکان و توانای کرێکاران بۆ کاریگەریکردن لە بڕیارە تەکنیکییەکان لەخۆبگرێت.
گۆڕینی دهستكهوت و قازانجەکانی بەرهەمداری بۆ کاتی ئازاد، پێویستی بە کەمکردنەوەی کاتژمێرەکانی کار هەیە، بەبێ کەمکردنەوەی کرێ و فراوانکردنی پاراستنی کۆمەڵایەتی و دڵنیایی و گەرەنتیکردنی ڕاهێنان و دووبارە شیاندنەوە و بەشداریپێکردنی کرێکاران و سەندیکاکانیان لە بڕیارە پەیوەستەکان بە هێنانی سیستەمە زیرەکەکان. چونكه تەکنەلۆژیا دەتوانێت کات پاشەکەوت بکات، بەڵام بە خۆی بڕیار نادات کە ئەم کاتە بۆ کێ دەگەڕێتەوە و چۆن بەکاردەهێنرێت.
چوارەم: لە پلاندانانی ئابوورییەوە بۆ پلاندانانی خوارزمایهتی
پلاندانانی ئابووری تەوەرێکی بنەڕەتی بوو لە گفتوگۆی سۆسیالیستی، دەربارەی ڕێکخستنی بەرهەمهێنان بەپێی پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکان لە جیاتی خستنە ژێر ڕكێفی بازاڕ و قازانجەوە. مارکس و ئەنگلس پێیان وابوو سەرمایەداری نێوان ڕێکخستنێکی وردی کاری ناو دامەزراوەكان و نێوان پشێوییەکی گشتی لە بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیدا کۆدەکاتەوە؛ چونكه هەر دامەزراوەیەک خۆی پلانڕێژی و نهخشهكاری بۆ كارهكانی دادهنێت، بەڵام بڕیارەکانی بەرهەمهێنان و وەبەرهێنان بە شێوەیەکی جیاواز دەدات و ڕادەی گونجانیشیان لەگەڵ پێداویستییەکان، تەنها دوای خستنەڕووی کاڵاکان لە بازاڕ دەردەکەوێت.
ئەم جیابوونەوەیە دەبێتە هۆی ناهاوسەنگی لە نێوان بەرهەمهێنان و خواست و قەیران و بێکاری و لەکارکەوتنی دهرامهت و سەرچاوەکانیش، لە کاتێکدا پێداویستییە بنەڕەتییەکان بەبێ تێرکردن دەمێننەوە. مارکس نێوان زیادبوونی چڕبوونەوەی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و فراوانبوونی مۆرك و خەسڵەتی هاوکاریی کار و بەردەوامبوونی، به خستنەژێر ڕكێفی بهرههمهێنان به خاوەندارێتیی تایبهتی بهستهوه. هەروەها ئەنگلس پێی وابوو كه گواستنەوەی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان بۆ ژێر دهسهڵاتی کۆمەڵگە دەتوانێت ڕێگە بە ڕێکخستنیان بدات بەپێی پلانێکی هۆشیارانە لە جیاتی هێشتنەوەیان بۆ کێبڕکێی کوێرانە.(24)
بەڵام ئەزموونەکانی پلاندانانی ناوەندی، ئاستەنگه پەیوەستهكانی بە کۆکردنەوە و نوێکردنەوەی زانیارییهكان و شلوخاوی وەڵامدانەوەی گۆڕانکارییەکان و جیابوونەوەی ئامێرە كارگێڕییهكان لە بەرهەمهێنەران و بەکاربەران ئاشکرا کرد. ئهوهش کاتێک زانیاری و بڕیارەکان لە ئامێرێکی بیرۆکراتی داخراودا چڕ و كۆ دەبنەوە، لەوانەیە پلانەکە بگۆڕدرێت بۆ فەرمانێكی كارگێڕی کە نه گوزارشت لە پێداویستییە گۆڕاوەکان دهكات و نه سوودیش لە زانهكییهكانی کرێکاران و کۆمەڵگە ناوخۆییەکان وەردهگرێت. بۆیە تەنها گۆڕینی بڕیارەکانی بازاڕ بە بڕیاری ناوەندی بەس نییە بۆ نهخشهكاری و پلاندانانێکی کۆمەڵایەتیی کاریگەر.
ژیریی دەستکرد ئامرازی چارهسهركردن بۆ ههندێك لهم ئاستەنگییانە دەڕەخسێنێت؛ چونكه سیستەمە ژمارهیی، یان دیجیتاڵییهكان دەتوانن بڕێکی زۆر لە زانیاری شیکار بکەن و خواستیش هەڵبسەنگێنن و جێگرهوهكانیش بەراورد بکەن و زنجیرەکانی هاوردهكردنیش هەماهەنگ و ڕێكبخهن و له كاتێكی نزیكی كاته ڕاستهقینهكهش بهدواداچوون بۆ بەکارهێنانی سەرچاوەکان بكهن. دهكرێ ئەم توانایانە لە بوارەکانی وزە و گواستنەوە و تەندروستی و نیشتەجێبوون و بەڕێوەبردنی ئاویشدا بەکاربهێنرێن، بە شێوەیەک کە یارمەتی کەمکردنەوەی بەفیڕۆدان و باشترکردنی وەڵامدانەوە بۆ پێداویستییەکان بدات.
بەڵام خوارزمایهتییەکان کێشە سیاسییەکەی پلاندانان ناسڕنەوە. ئەوان دەتوانن کاراترین ئامرازەکان بۆ بەدیهێنانی ئامانجێکی دیاریکراو هەژمار بکەن، بەڵام بڕیار لەسەر ئەو ئامانجە کۆمەڵایەتییانە نادەن کە دەبێت پێشینەیان پێ بدرێت و بهههند وهربگیرێن. هەڵبژاردن لە نێوان زیادکردنی بەرهەمهێنان و کەمکردنەوەی کار، یان لە نێوان کەمکردنەوەی تێچوو و پاراستنی ژینگە، یاخود لە نێوان بەکاربردنی ئێستا و وەبەرهێنانی داهاتوو، ئهو بڕیار و حوکمی کۆمەڵایەتییانه لەخۆدەگرێت کە ناتوانرێ تەنها لە داتاكانهوە وەربگیرێن.
ئەزموونی هاوچەرخ چین، جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەکارهێنانی داتا و ژیریی دەستکرد لە پلانداناندا بازاڕ، یان خاوەندارێتیی تایبەت ناسڕێتەوە و بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکیش نابێتە هۆی ڕێکخستنێکی سۆسیالیستییانه بۆ بەرهەمهێنان. بۆ ئهمهش پلانە نیشتمانییەکانی پەرەپێدانی ژیریی دەستکرد لەگەڵ بوونی کەرتی تایبەت و میکانیزمی بازاڕ و کێبڕکێ و کەڵەکەبوونی سەرمایەداری پەیوەست بوون. بۆیە تەنها بەکارهێنانی دەوڵەت بۆ خوارزمایهتیەکان بەس نییە بۆ بڕیاردان لەسەر سروشتە کۆمەڵایەتییەکەی پلاندانان؛ بەڵکو دەبێت پەیوەندییەکانی خاوەندارێتی و ئامانجەکانی بەرهەمهێنان و دابەشکردنی سامان و بەشداری لە بڕیاردانیشدا تاوتوێ بکرێن.(25)
هەروەها ئەنجامەکانی پلاندانانی خوارزمایهتیی پشت بە سروشتی داتا و پێوەرە بەکارهاتووەکان دەبەستێت. جا ئەگەر داتاکان ناتەواو، یان لایەنگر بن، یاخود ئاماژه و نیشانهكانی سەرکەوتن لە ڕوانگەیەکی تەسکەوە دیاری بکرێن، لەوانەیە ئەنجامەکان ناهاوسەنگییە باوهكان دووبارە بەرهەم بهێننەوە. لەبەر ئەمە دەبێت ژیریی دەستکرد وەک ئامرازێکی پاڵپشت سەیر بکرێت کە جێگرهوهكان دەخاتەڕوو و ئەنجامە چاوهڕوانكراوهكانیش ڕوون دەکاتەوە، لە کاتێکدا دیاریکردنی پێشینەکان لەژێر مشتومڕ و گفتوگۆی دیموکراتیدا دههێڵێتهوه.
ئەمە پێویستی بە بێگهردی و شەفافیەتی داتا و پێوەرەکان و ئەگەری وردبینیکردنی نموونهكان و بەشداریی کرێکاران و شارەزایان و کۆمەڵگە کاریگەرەکان هەیە. هەروەها دەبێت هەندێک سەرچاوە لە ئاستی نیشتمانیدا ڕێکبخرێن، لەگەڵ هێشتنەوەی بڕیارەکانی تر بۆ دامەزراوەکان و شارەوانییەکان و ههرهوهزییهكان، بە جۆرێك کە خوارزمایهتییەکان بەبێ گۆڕینی بەڕێوەبردن بۆ دەسەڵاتێکی تەکنیکیی ناوەندی، پشتگیریی هەماهەنگی لە نێوان ئاستەکاندا دهكهن.
پلاندانانیش لە خاوەندارێتیی داتاكان جوودا نابێتەوە؛ چونكه ئەگەر زانیارییە بنەڕەتییەکان لەلایەن کۆمپانیاکانەوە به قۆرخکراوی بمێننەوە، ئاراستەکردنیان بەرەو پلاندانانی گشتی مەحاڵ دەبێت. بەڵام ڕهخساندنیان بۆ دامەزراوە گشتییەکان نابێت پاساوێک بێت بۆ کۆکردنەوەیەکی بێسنووری داتاكان، یان پێشێلکردنی تایبەتمەندییهكان؛ بەڵکو دەبێ مهبهستهكه دیاری بکرێت و کۆکردنەوە بۆ ئەو بڕە پێویستە کەم بکرێتەوە و چاودێریی سەربەخۆش گەرەنتی بکرێت.(26) بەم شێوەیە خوارزمایهتی دەبێتە ئامرازێک بۆ زانیاری و هەماهەنگی، نەک جێگرهوه و ئهڵتهرناتیڤێك بۆ کۆمەڵگە و بڕیاری دیموکراتییانه.
پێنجەم: دیموکراسی و بەشداریی کۆمەڵایەتی لە بەڕێوەبردنی ژیریی دەستکرددا
خاوەندارێتیی کۆمەڵایەتیی ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی دیجیتاڵی، بەبێ بەشداریی کرێکاران و بەکارهێنەران و هاووڵاتیان، لە دیاریکردنی ئامانجەکانی بەکارهێنانی و چاودێریکردنی ئەنجامەکانی تەواو نابێت. ئەم بەشدارییە گرنگییەکی تایبەتی وەردەگرێت، چونکە سیستەمە خوارزمایهتیییەکان کاریگەرییان لەسەر دامەزراندن و کرێ و هەڵسەنگاندنی کار و لە بەدەستهێنانی پەروەردە و چاودێریی تەندروستی و قەرز و خزمەتگوزارییە گشتییەکاندا هەیە. بۆیە نابێت بڕیارە پەیوەستەکان بە دیزاین و بەکارهێنانی ئەم سیستەمانەوە تەنها لە دەستی بەڕێوەبەران و شارەزا تەکنیکییەکاندا بمێننەوە و قۆرخ بكرێن.
"ڕاسپاردەی تایبەت بە ئەخلاقیاتی ژیریی دەستکرد" کە لەلایەن یونسکۆوە دەرچووە جەخت لە پێویستی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و تایبەتمەندی و دابیینكردن و گهرهنتیی بێگهردی و شەفافیەت و توانای ڕاڤەکردن و بەرپرسیارێتی و چاودێریی مرۆیی دەکاتەوە.(27) بەڵام ئەم بنەمایانە پێویستییان بە میکانیزمێكی دامەزراوەیی هەیە کە مافی زانینی پێوەرە بەکارهاتووەکان و ناڕەزایەتی دەربڕین بەرانبەر ئەنجامەکان و داواکردنی پێداچوونەوەیەکی مرۆیی کردەیی و دیاریکردنی بەرپرسیارێتی لە کاتی ڕوودانی جیاکاری، یان پێشێلکردنی مافەکان بەو کەسانە بدات کە کاریگەریی بڕیارە خوارزمایهتیییەکانیان لەسەرە.
لە ڕووی تیۆرییەوە دەتوانرێت سوود لە شیکردنەوەی مارکس بۆ کۆمۆنەی پاریس وەربگیرێت، بەتایبەتی بنەماکانی هەڵبژاردنی بەرپرسان و خستنەژێر لێپرسینەوە و ئەگەری لادانیان و سنووردارکردنی دهستكهوت و ئیمتیازەکانیان.(28) ئەمەش بە مانای گواستنەوەی نموونهیهكی سیاسی لە سەدەی نۆزدەهەمەوە بۆ بەڕێوەبردنی تەکنەلۆژیای هاوچەرخ نییە، بەڵکو سوودوەرگرتنە لە بنەمای ڕێگریکردن لە جیابوونەوەی ئامێری كارگێڕی لە کۆمەڵگە و گۆڕانی بۆ هێزێکی سەربەخۆ لە سەروویەوە.
لە شوێنەکانی کار، بەشداریكردن، پێویستیی بە بەشداریپێکردنی کرێکاران و سەندیکاکانیان هەیە لە بڕیارە پەیوەستەکان بە هێنانی سیستەمە زیرەکەکان و دیاریکردنی ئەو ئەرکانەی کاریگەرییان لەسەرە و پێوەرەکانی هەڵسەنگاندنی کارایی و کاریگەرییەکانیان لەسەر کرێ و کاتژمێرەکانی کار و دامەزراندن. ڕێکخراوی هاریکاری و گەشەپێدانی ئابووری گرنگیی گفتوگۆ و دیالۆگی کۆمەڵایەتی و دانوستانی بەکۆمەڵی لە ئاراستەکردنی بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد و کەمکردنەوەی مەترسییەکانیدا خستۆتەڕوو.(29)
سەبارەت بە خزمەتگوزارییە گشتییەکانیش، بەشداریكردن؛ پێویستی بە هەڵسەنگاندنی کاریگەرییە کۆمەڵایەتی و مافەکان هەیە پێش پەسەندکردنی سیستەمەکان و نوێنەرایەتیکردنی چینە کاریگەرەکان لە بەدواداچوونیان و دروستکردنی کەناڵی ڕوون بۆ ناڕەزایەتی و سکاڵا. دەتوانرێت ئەنجومەنی سەربەخۆ پێکبهێنرێت کە نوێنەرانی کرێکاران و بەکارهێنەران و شارەزایان و دامەزراوە گشتییەکان لەخۆبگرێت، کە هەڵدەستن بە وردبینیکردنی ئەو سیستەمانەی کاریگەرییان لەسەر مافەکان هەیە و بڵاوکردنەوەی ئەنجامی هەڵسەنگاندنهكانیشیان.
بەم شێوەیە دیموکراسیبوونی ژیریی دەستکرد بە مانای ملكهچكردنی ههموو بڕیارێكی تهكنیكی بۆ دەنگدان نییه، بەڵکو بونیادنانی كۆمهڵه دامهزراوهیهكه کە دەسەڵاتی بڕیاردان دابەش دەکەن و مافی زانین و بەشداری و ناڕەزایەتی و لێپرسینەوەش مسۆگهر و گەرەنتی دەکەن. ئەم بەشدارییە ئەو ئامرازەیە کە ڕێگری لە گۆڕانی بەڕێوەبردنی دیجیتاڵی دهكات، بۆ پسپۆڕییەکی داخراو کە ئامێرە كارگێڕییهكان و ئەزموونە تەکنیکییەکان قۆرخی دەکەن.
شەشەم: مەترسییەکانی بیرۆکراسی و چاودێری لە کۆمەڵگەی دیجیتاڵیدا
گواستنەوەی ئامرازەکانی بەرهەمهێنانی دیجیتاڵی بۆ خاوەندارێتیی گشتی، بە خۆی، نابێتە هۆی دڵنیایی و گەرەنتیکردنی بەڕێوەبردنی دیموکراتیانە، یان ئاراستەکردنیان بەرەو پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکان. ئەم خاوەندارێتییە، ئەگەر دامەزراوەکانی بەڕێوەبردنی لە کرێکاران و هاووڵاتیان جیا بکرێتەوە، لەوانەیە بگۆڕدرێت بۆ بنكهی دهزگایهكی بیرۆکراتی کە زانیاری و ئەزموونی تەکنیکی و دەسەڵاتی بڕیاردان قۆرخ دەکات. بۆیە خاوەندارێتیی کۆمەڵایەتیی کردەیی و دروست، پێویستیی بەوه ههیه كه دامهزراوهكان بخاته ژێر چاودێری و لێپرسینەوەی کۆمەڵگەوه.
ئەم مەترسییانە بەهۆی توانای سیستەمە دیجیتاڵییەکان لە کۆکردنەوەی بڕێكی فراوانی داكاتان و بەستنەوە و شیکردنەوەیان دوو هێندە دەبن. چونكه ههر دامەزراوەیەک کۆنترۆڵی بنکهی داتاكان و سهكۆ و ژێرخانی کۆمپیوتەری بکات، توانای چاودێریکردنی ڕەفتار و پۆلێنکردنی تاکەکان و كاریگهریكردنه سهر دەرفەت و مافەکانیانی دهبێت. لەوانەیە ئەم توانایە لە باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و دابەشکردنی سەرچاوەکانیشدا بەکاربهێنرێت، بەڵام لەوانەشە بگۆڕدرێت بۆ ئامرازێکی کۆنترۆڵ و بهرزهفتكردنی کۆمەڵایەتی، ئەگەر سنوورە یاساییەکان و چاودێریی سەربەخۆ له ئارادا نەبن.
چاودێریی خوارزمایهتیی تەنها به دهوڵهتهوه سنووردار نییە؛ چونكه کۆمپانیاکانیش لە ڕێگەی بەدواداچوونی چالاکیی بەکارهێنەران و کۆکردنەوەی داتاکانیان و بەڕێوەبردنی دیجیتاڵیی کرێکاران و پێوانهكردنی ئهنجامدانی چالاكییهكانیان و دیاریکردنی شێوازی کارەکانیانەوە ئەنجامی دەدەن. بۆیە ناتوانرێ پرسەکە بۆ ناكۆكی و دژبەیەکی نێوان بازاڕ و دەوڵەت کورت بکرێتەوە؛ لهبهرئهوهی چڕبوونەوەی داتاكان و دەسەڵاتی تەکنیکی لەلای هەر دامەزراوەیەک، گشتی بێت، یان تایبەت، لەوانەیە هەڕەشە لە مافەکان و سەربەخۆیی تاکەکەسیش بکات.
هەروەها لهوانهیه بیرۆکراسیی دیجیتاڵی لە قۆرخکردنی زانهكیی تەکنیکییەوە سەرهەڵبدات. چونكه ئاڵۆزیی نموونهكان ڕێگە بە بەڕێوەبەران و شارەزایان دەدات بڕیارەکانیان وەک ئەنجامێکی بابەتی کە داتاكان دەیسەپێنن بخەنەڕوو، لەگهڵ ئهوهی كۆمهڵه بژاردهیهك لەخۆدەگرن کە پەیوەندییان بە پێوەر و پێشینەکانەوە هەیە. کاتێکیش کرێکاران و هاووڵاتیان توانای تێگهیشتنیان و دهربڕینی شێوازی بڕیاردان، یان ناڕەزایەتی نهبێ، ئهوكاته ئەزموونی تەکنیکی دەگۆڕدرێت بۆ سەرچاوەیەکی سەربەخۆی دەسەڵات.
بنەما و ڕێساکانی یونسکۆ بۆ ئیتیك و ڕهوشتهكانی ژیریی دەستکرد، جەخت لەسهر پێویستی پاراستنی تایبەتمەندی و دڵنیایی و گەرەنتی بێگهردی و شەفافیەت و توانای ڕاڤەکردن و دیاریکردنی بەرپرسیارێتی و هێشتنەوەی چاودێریی مرۆیی لەو سیستەمانەدا دەکاتەوە کە کاریگەرییان لەسەر تاک و کۆمەڵگە هەیە.(30) بەڵام ئەم بنەما و ڕێسایانە پێویستییان بە دڵنیایی و گەرەنتی یاسایی و دامەزراوەیی هەیە، کە وەک پابهندبوونێكی شێوهییش بێ، ڕێگری لە مانەوەیان بكات.
لە گرنگترینی ئەم دڵنیایی و گەرەنتییانە، کەمکردنەوەی کۆکردنەوەی داتایە بۆ بڕی پێویست و دیاریکردنی ئامانجی بەکارهێنانی و ماوەی هەڵگرتنی و جیاکردنەوەی ئەو لایەنانەی کە داتاكان کۆدەکەنەوە لەو لایەنانەی کە بەکارهێنانی چاودێری دەکەن. هەروەها دەبێت تاکەکان توانای زانینی ئەو داتایانەیان هەبێت کە لەو بڕیارانەدا بەکارهاتوون و کاریگەرییان لەسەرە و ڕاستکردنەوەیان و ناڕەزایەتی دەربڕین بەرانبەر ئهو ئەنجامانهی لهسهری بونیادنراون
پێداچوونەوەی مرۆیی دەبێت کردەیی بێت، بە شێوەیەک کە بەرپرس دەسەڵاتی گۆڕینی بڕیارە خوارزمایهتیییەکەی هەبێت، نەک تەنها بە پەسەندکردنییەوە واز بهێنێت. هەروەها دەبێت ئەو سیستەمانەی لە دامەزراندن و خزمەتگوزارییە گشتییەکان و ئاسایش و پۆلێنکردنی کۆمەڵایەتیدا بەکاردەهێنرێن بخرێنه بهردهم وردبینیکردنێکی سەربەخۆ و بهردهوامهوه. دهشكرێ سوود لە ڕێساو بنەماكانی ملكهچكردن و ڕازیبوونی بهرپرسان بۆ لێپرسینەوە و ئەگەری لادانیان وەربگیرێت، کە مارکس لە شیکردنەوەکەیدا بۆ کۆمۆنەی پاریس دەریخستووه، ئهمهش بۆ ڕێگریکردن لە سەربەخۆیی ئامێری كارگێڕی لە کۆمەڵگە.(31)
بێگهردی و شەفافیەت بە مانای ئاشکراکردنی داتا کەسییهكان، یان بڵاوکردنەوەی وردەکاری کە ڕێگە بە خراپ بەکارهێنانی سیستەمەکان دەدات نییە، بەڵکو ڕێگەدانە بە زانینی ئامانجەکانی سیستەم و پێوەرە گشتییەکان و کاریگەرییەکانی و لایەنی بەرپرسیار لێی و توانادارکردنی دەستە تایبەتمەندەکان بۆ وردبینیکردنی لەگەڵ پاراستنی تایبەتمەندی و ئاسایشدا.(32) بەم شێوەیە مەترسیی بیرۆکراسیی دیجیتاڵی تەنها لە تەکنەلۆژیادا نییە، بەڵکو لە چڕبوونەوەی زانیارییهكان و ئەزموون و بڕیارهكانه لەناو دامەزراوەکان، کە ناخرێنە ژێر چاودێرییەکی كارا و کاریگەرەوە.
کۆتایی
بەدواداچوونی چەمکی هێزە بەرهەمهێنەکان لە بیری مارکس و ئەنگلس، ئهوه ئاشکرا دەکات کە تەکنەلۆژیا لە دەرەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان گەشە ناکات و ئەنجامێکی مێژوویی دیاریکراویش لە خۆیدا هەڵناگرێت. چونكه لە دامەزراندنی ماتریالیزمی مێژوویی لە "ئایدیۆلۆژیای ئەڵمانی"، بە تێپەڕبوون بە شیکردنەوەی شۆڕشی بەردەوام لە ئامرازەکانی بەرهەمهێنان لە "بەیاننامەی حزبی شیوعی" و کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەکانی پیشەسازی لای ئەنگلس، تا گەیشتن بە شیکردنەوەی ئامێر لە "سەرمایە" و چەمکی "عەقڵی گشتی" لە "گرۆندریسە"دا، گەشەسەندنی توانای بەرهەمهێنان بە شێوازەکانی خاوەندارێتی و ڕێکخستنی کار و دابەشکردنی سامان و دەسەڵاتەوە بەستراوەتەوە.
شیکردنەوەی ئامێری پیشەسازی دەریخستووه کە بەرزبوونەوەی بەرهەمداری بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی نابێتە هۆی کەمکردنەوەی کار، یان باشترکردنی ژیانی کرێکاران. ئامێرێک کە دەتوانێت کاتی کار پاشەکەوت بکات لەوانەیە، لەژێر کۆنترۆڵی سەرمایەدا، بۆ زیادکردنی چڕییەکەی و لاوازکردنی كارامهیی کرێکار و دەستبەرداربوون لە هەندێک کرێکار و فراوانکردنی ڕێژهی زێدهبایی بەکاربهێنرێت. لەبەرئەوە، کاریگەرییەکانی تەکنەلۆژیا تەنها بە توانا مادییەکەی دیاری ناکرێت، بەڵکو بە ئامانجە کۆمەڵایەتییەکەی، کە بەکارهێنانهكهی ئاراستە دەکات، ههروهها ئەو پەیوەندییانەی کە خاوەندارێتییەکەی ڕێکدەخەن.
ژیریی دەستکرد قۆناغێکی جۆریی نوێیە لەم ڕێڕەوەدا؛ چونکە بازنەی ئۆتۆماتیک کردن لە هەندێک ئەرکی مادییەوە فراوانتر دهبێت بۆ بوارە زانهكی و زمانەوانی و شیکارییەکان و داتاكان و خوارزمایهتی و توانای کۆمپیوتەریش دەکاتە پێکهاتەیەکی ڕاستەوخۆ لە ڕێکخستنی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزارییەکاندا. بەڵام نوێنەرایەتی گواستنەوە بۆ ئابوورییەکی نامادییانه ناکات؛ چونکە پشت بە چیپ و ناوەندەکانی کۆمپیوتەر و وزە و تۆڕەکانی پەیوەندی و بە کاری توێژەران و بەرنامەسازان و کرێکارانی ئامادەکردنی داتاكان و چاککردنەوەی سیستەمەکان دەبەستێت.
ئەم پهرهسهندنه ههنووكهیی و ئێستایی بیرۆکەی بەرجەستەبوونی زانهكیی کۆمەڵایەتی لە ئامرازەکانی بەرهەمهێناندا دووپات دەکاتەوە. ژیریی دەستکرد لەسەر کەڵەکەبوونێکی مێژوویی زانستەکان و ئەزموونەکان و کاری بەکۆمەڵ و وەبەرهێنان لە پەروەردە و توێژینەوە دامەزراوە، بەڵام لەناو سەرمایەداریی دیجیتاڵیدا دەگۆڕدرێت بۆ سەرمایەی تایبەت کە دامەزراوە سنووردارەکان کۆنترۆڵی دەکەن. بەم شێوەیە ناكۆكی و دژبەیەکی نێوان خەسڵەتی کۆمەڵایەتیی بەرهەمهێنانی زانست و دەستبەسەرداگرتنی تایبەتیی ئەنجامەکانی، وێنەیەک وەردەگرێت کە تێیدا خاوەندارێتیی داتا لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی سهكۆكان و ژێرخانی کۆمپیوتەری و کاردا تێکەڵ دەبێت.
ژیریی دەستکرد مهرج نییه ببێته هۆی ونبوونی کاری مرۆیی؛ کاریگەریی چاوهڕوانكراو و ئەگەرێکی زیاتر لە ژمارەیەکی زۆری پیشەکاندا دووبارە داڕشتنەوەی ئەرکەکان و گۆڕینی كارامهییه داواکراوەکانە. لەوانەیە ئەم گۆڕانکارییە کارە دووبارەبوو و مەترسیدارەکان سووک بکات، وەک ئەوەی لەوانەیە چاودێری و ناسەقامگیریش زیاد بکات و ئهو کارە دیجیتاڵیانهی كرێیان كهمه دروست بکات. بۆیە دەبێت لە ڕووی جۆری کار و کرێ و مافەکان و بەشداریی کرێکاران لە بڕیارە تەکنیکییەکاندا هەڵبسەنگێنرێت، نەک تەنها بە ژمارەی ئەو پیشانەی کە دەیسڕێتەوە یان دایدەهێنێت.
هەروەها توانای ژیریی دەستکرد بۆ پاشەکەوتکردنی کات بە مانای گۆڕانی بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی بۆ کاتێکی ئازاد بۆ کۆمەڵگە نییە؛ لەوانەیە قازانجەکانی بەرهەمداری بە شێوەی قازانجی بەرزتر یان کەمکردنەوەی دەستی کار دەربکەون. بۆیە ئازادکردنی کات پێویستی بە دووبارە دابەشکردنەوەی ئەم قازانجانە، و کەمکردنەوەی کاتژمێرەکانی کار بەبێ کەمکردنەوەی کرێ، و فراوانکردنی پاراستنی کۆمەڵایەتی، و گەرەنتیکردنی ڕاهێنان و بەشداریی کرێکاری هەیە.
ژیریی دەستکرد دەتوانێت ئامرازەکانی پلاندانان لە ڕێگەی شیکردنەوەی زانیاری و هەڵسەنگاندنی پێداویستییەکان و بەراوردکردنی جێگرهوهكان و هەماهەنگی کردنی سەرچاوەکانەوە پەرە پێ بدات، بەڵام ناتوانێت بە خۆی پێشینە کۆمەڵایەتییەکان دیاری بکات. هەڵبژاردن لە نێوان زیادکردنی بەرهەمهێنان و کەمکردنەوەی کار، یان لە نێوان کەمکردنەوەی تێچوو و پاراستنی ژینگە، هەر به بڕیارێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی دەمێنێتەوە. لەبەر ئەوە، دەبێت خوارزمایهتیەکان ئامرازێک بن بۆ زانیاری و هەماهەنگی، نەک جێگرهوهیهك بۆ بڕیاری دیموکراتییانه.
خاوەندارێتیی کۆمەڵایەتیی سەرچاوە دیجیتاڵییەکان بە تەنها گواستنەوەیان بۆ دەوڵەت تەواو نابێت؛ خاوەندارێتیی گشتی، ئەگەر بەڕێوەبردنەکەی لە کۆمەڵگە جیا بکرێتەوە، لەوانەیە بگۆڕدرێت بۆ بنەمایەک بۆ بیرۆکراسییەک کە داتا و ئەزموون و بڕیار قۆرخ دەکات. بۆیە دەبێت لەگەڵ بەشداریی دیموکراتیک و شەفافیەت و لێپرسینەوە و پاراستنی تایبەتمەندی پەیوەست بێت، و لەگەڵ مافی تاکەکان لە زانینی بڕیارە خوارزمایهتیییە کاریگەرەکان لەسەریان و ناڕەزایەتی دەربڕین و پێداچوونەوەی مرۆییانە بۆیان.
توێژینەوەکە دەری دەخات کە ژیریی دەستکرد بە ناچاری نابێتە هۆی تێپەڕاندنی سەرمایەداری، ههروهها سنوورداریش نییە بە دووبارە بەرهەمهێنانی بە شێوەیەکی جێگیر. چونكه ئەو توانای کۆمەڵایەتی بۆ بەرهەمهێنانی سامان و زانهكی بە کاتێكی كهمی كار فراوان دەکات، بەڵام ئەم كاره لەناو پەیوەندییەکاندا دەکات، کە لەوانەیە ئەم توانایە بگۆڕن بۆ سەرچاوەیەکی نوێی قازانج و قۆرخکاری و کۆنترۆڵكردن. ئاراستە باڵادەستەکە بەستراوەتەوە بە ململانێ کۆمەڵایەتییەکان و دامەزراوە سیاسییەکان و شێوهكانی خاوەندارێتی و ڕێکخستن کە بڕیار لهسهر بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا دەدەن.
بەم شێوەیە پرسیاری یەکلاکەرەوە تەنها لەوەدا نییە کە خوارزمایهتیەکان چەند دەتوانن ئەنجام بدەن، بەڵکو لەوەدایە کێ خاوەنی داتاكان و ژێرخانی کۆمپیوتەرییە و کێ ئامانجەکانی سیستەمەکان دیاری دەکات و کێ مەترسییەکانیان هەڵدەگرێت و چۆن ئەو سامان و کاتەی لە بەکارهێنانیانەوە بەرهەم دێت دابەش دەکرێت. لە وەڵامی کردەیی ئەم پرسیارانەدا، ئهوه دیاری دەکرێت، كه ئایا گواستنەوە لە ئامێرەوە بۆ خوارزمایهتی، بواری ئازادیی مرۆیی فراوانتر دەکات، یان ئامرازی پێشکەوتووتر دهبهخشێته لۆژیکی کەڵەکەبوون و قۆرخکاری و کۆنترۆڵكردنی ئهو ئامێرانهی پهرهسهندووترن.
الهوامش
(1) كارل ماركس وفريدريك إنجلز، الأيديولوجيا الألمانية، ترجمة فؤاد أيوب (بيروت: دار الفارابي، 2016)، ص 32–34.
(2) المرجع نفسه، ص 34–48.
(3) كارل ماركس، مساهمة في نقد الاقتصاد السياسي، ترجمة راشد البراوي (دار النهضة العربية، 1969)، المقدمة، ص 2–3.
(4) كارل ماركس وفريدريك إنجلز، البيان الشيوعي، ترجمة العفيف الأخضر (بيروت/ بغداد: منشورات الجمل، 2015)، ص 63.
(5) فريدريك إنجلز، حالة الطبقة العاملة في إنجلترا، ترجمة فخري لبيب (القاهرة: دار الثقافة الجديدة، 1980)، انظر المقدمة وفصول «البروليتاريا الصناعية» و«المدن الكبرى» و«فروع الصناعة المختلفة».
(6) المرجع نفسه، ص 163.
(7) كارل ماركس، رأس المال: نقد الاقتصاد السياسي، ترجمة فالح عبد الجبار، مج 1، الجزء الرابع، فصل «الآلات والصناعة الكبرى» (بيروت: دار الفارابي، [د.ت.])، ص 465 وما بعدها.
(8) المرجع نفسه، الجزء السابع، مبحث «الإنتاج المطّرد لفيض السكان النسبي، أو الجيش الصناعي الاحتياطي»، ص 773 وما بعدها.
(9) Karl Marx, Grundrisse: Foundations of the Critique of Political Economy, Martin Nicolaus (trans.) (London: Penguin Books, 1973), pp. 704–706, especially p. 706. الترجمة العربية للباحث.
(10) OECD, A Blueprint for Building National Compute Capacity for Artificial Intelligence, OECD Digital Economy Papers, no. 350 (Paris: OECD Publishing, 2023), pp. 12, 19–20, https://doi.org/10.1787/876367e3-en
(11) Marx, Grundrisse, pp. 704–712.
(12) United Nations Conference on Trade and Development (UNCTAD), Digital Economy Report 2021: Cross-border Data Flows and Development—For Whom the Data Flow? (Geneva: United Nations, 2021), p. 149.
(13) منظمة العمل الدولية، «مواكبة التحول الرقمي وثورة الذكاء الاصطناعي في أسواق العمل العربية: الاتجاهات والتحديات والفرص»، ملخص تنفيذي، 22 أيلول/سبتمبر 2025، النسخة العربية الإلكترونية.
(14) ماركس، مساهمة في نقد الاقتصاد السياسي، المقدمة، ص 2–3.
(15) ماركس وإنجلز، الأيديولوجيا الألمانية، ص 27–43.
(16) ماركس، كارل. نقد برنامج غوتا. ضمن: دراسات اقتصادية مختارة (2). ترجمة فؤاد أيوب. دمشق: دار دمشق للطباعة والنشر والتوزيع، 1964. ، ص 315.
(17) المرجع نفسه، ص 315.
(18) OECD, A Blueprint for Building National Compute Capacity for Artificial Intelligence, pp. 12, 19–20.
(19) مؤتمر الأمم المتحدة للتجارة والتنمية (الأونكتاد)، تقرير الاقتصاد الرقمي 2021: تدفقات البيانات عبر الحدود والتنمية — لمن تتدفق البيانات؟: استعراض عام (جنيف: الأمم المتحدة، 2021)، ص 2–4، النسخة العربية الإلكترونية.
(20) OECD, A Blueprint for Building National Compute Capacity for Artificial Intelligence, OECD Digital Economy Papers, no. 350 (Paris: OECD Publishing, 2023), pp. 5–6.
(21) ماركس، رأس المال، مج 1، فصل «الآلات والصناعة الكبرى»، ص 465 وما بعدها.
(22) Marx, Grundrisse, pp. 704–712. الترجمة العربية للباحث.
(23) منظمة العمل الدولية، «مواكبة التحول الرقمي وثورة الذكاء الاصطناعي في أسواق العمل العربية»، مصدر سابق.
(24) ماركس، رأس المال، مج 1، «الميل التاريخي للتراكم الرأسمالي»، ص 936–940؛ فريدريك إنجلز، ضد دوهرنغ: ثورة السيد أوجين دوهرنغ في العلوم، ترجمة محمد الجندي وخيري الضامن (موسكو: دار التقدم، 1984)، ص 312–332.
(25) وكالة أنباء شينخوا، «استخدام تقنيات الذكاء الاصطناعي لبناء مدن ذكية في الصين»، 15 أيلول/سبتمبر 2018، النسخة العربية الإلكترونية؛ ووكالة أنباء شينخوا، «النص الكامل لتقرير عمل الحكومة الصينية»، 18 آذار/مارس 2016، النسخة العربية الإلكترونية.
(26) مؤتمر الأمم المتحدة للتجارة والتنمية، تقرير الاقتصاد الرقمي 2021: استعراض عام، ص 2–4.
(27) منظمة الأمم المتحدة للتربية والعلم والثقافة (اليونسكو)، التوصية الخاصة بأخلاقيات الذكاء الاصطناعي (باريس: اليونسكو، 2021)، الفقرات 32–40 و68–69.
(28) كارل ماركس، الحرب الأهلية في فرنسا، ترجمة إلياس شاهين (موسكو: دار التقدم، [د.ت.])، ص 29–30.
(29) OECD, OECD Employment Outlook 2023: Artificial Intelligence and the Labour Market, chap. 7, “Social Dialogue and Collective Bargaining in the Age of Artificial Intelligence” (Paris: OECD Publishing, 2023), pp. 230–233, especially p. 232, https://doi.org/10.1787/08785bba-en.
(30) اليونسكو، التوصية الخاصة بأخلاقيات الذكاء الاصطناعي، الفقرات 32–40 و68–69.
(31) ماركس، الحرب الأهلية في فرنسا، ص 29–30.
(32) اليونسكو، التوصية الخاصة بأخلاقيات الذكاء الاصطناعي، ولا سيما المبادئ المتعلقة بالخصوصية وحوكمة البيانات والشفافية وقابلية التفسير والرقابة البشرية.
