
نووسینی: جوان ڕەسووڵ (پسپۆڕ لە بواری پەروەردەی تایبەت)
لە ئەم بابەتەدا دەمەوێت باس لە ئۆتیزم بکەم؛ ئۆتیزم چییە، چ نیشانەیەکی هەیە و چۆن دەتوانێت کاریگەری لەسەر پەیوەندی، زمان، هەستەکان، فێربوون و ژیانی ڕۆژانەی تاک هەبێت.
ئۆتیزم، یان تێکچوونی سپێکترۆمی ئۆتیزم، جیاوازییەکە لە شێوازی گەشەکردن و کارکردنی مێشکدا. ئەم جیاوازییە دەتوانێت کاریگەری لەسەر شێوازی پەیوەندیکردن، کارلێکی کۆمەڵایەتی، تێگەیشتن لە ژینگە و مامەڵەکردن لەگەڵ گۆڕانکارییەکان هەبێت.
ئۆتیزم نەخۆشییەکی وا نییە کە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە بگوازرێتەوە، هەروەها بەهۆی هەڵەی دایک و باوکەوە دروست نابێت. هەر کەسێکی ئۆتیزم جیاوازە؛ بۆیە توانایی، پێویستی و ئاستی پشتگیریی هەر تاکێکیش جیاواز دەبێت. هەندێک کەس پێویستییان بە پشتگیریی زۆر هەیە، لە کاتێکدا هەندێکی دیکە دەتوانن بە سەربەخۆیی بژین، بەڵام لە هەندێک بواردا پێویستییان بە یارمەتی هەبێت.
نیشانەکانی ئۆتیزم
نیشانەکانی ئۆتیزم زۆرجار لە ساڵانی سەرەتایی منداڵیدا دەردەکەون، بەڵام هەندێک جار تا کاتی چوونە قوتابخانە یان تەنانەت تا تەمەنی گەورەساڵی دیار نابن. نیشانەکان لە هەر تاکێکدا جیاوازن، بەڵام زۆرجار لە پەیوەندی و زمان، کارلێکی کۆمەڵایەتی، ڕەفتار و حەزە دووبارەبووەکان، پێویستی بە ڕوتین و هەستیاریی هەستەکاندا دەبینرێن.
لە بواری پەیوەندی و زماندا: هەندێک منداڵی ئۆتیزم لە فێربوونی قسەکردندا دواکەوتن دەبینن. هەندێکیان ڕەنگە قسە نەکەن، وشەی کەم بەکاربهێنن یان قسەی کەسانی دیکە دووبارە بکەنەوە؛ هەندێکی دیکەش دەتوانن وشە و ڕستەی زۆر بەکاربهێنن، بەڵام لە دەستپێکردن و بەردەوامبوون لە گفتوگۆدا دژوارییان هەبێت. هەروەها ڕەنگە لە تێگەیشتن لە گاڵتە، مەبەستی ناڕاستەوخۆ، دەربڕینی ڕوو یان ئاوازی دەنگی کەسانی دیکەدا دژوارییان هەبێت. بۆ هەندێک کەس، بەکارهێنانی وێنە، ئاماژە، جووڵەی دەست یان ئامرازەکانی پەیوەندی دەتوانێت یارمەتیدەر بێت. گرنگە بزانین کە نەبوونی زمانی قسەکردن بە مانای نەبوونی تێگەیشتن یان توانایی نییە.
لە بواری کارلێک و پەیوەندیی کۆمەڵایەتیدا: هەندێک منداڵی ئۆتیزم ڕەنگە لە یاریکردن لەگەڵ منداڵانی دیکە، هاوبەشکردنی حەز و خۆشی یان دروستکردنی هاوڕێیەتیدا کێشەیان هەبێت. هەندێکیان تەنها یاری دەکەن یان نازانن چۆن بچنە ناو یارییەکی هاوبەشەوە. ڕەنگە منداڵەکە کەمتر چاو لە چاوی کەسانی دیکە بکات، بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نییە کە گوێ ناگرێت یان حەزی لە خەڵک نییە. بۆ هەندێک کەسی ئۆتیزم چاو لە چاوکردن ناخۆش یان ماندووکەرە، بۆیە نابێت منداڵ ناچار بکرێت بەردەوام چاو لە چاو بکات.
ڕەفتار و حەزە دووبارەبووەکان: کەسێکی ئۆتیزم ڕەنگە هەندێک جووڵە یان ڕەفتار دووبارە بکاتەوە، وەک جووڵاندنی دەستەکان، لەرزاندن یان جووڵاندنی لەش، سووڕاندنی شتەکان، ڕیزکردنی یاری و کەلوپەل، دووبارەکردنەوەی وشە یان دەنگ، یان بینینی هەمان بەشی ڤیدیۆ چەندین جار. ئەم جووڵە و ڕەفتارانە هەندێک جار یارمەتی تاک دەدەن ئارام بێتەوە، خۆشیی خۆی دەرببڕێت یان لەگەڵ فشار و زۆریی هەستەکاندا مامەڵە بکات؛ بۆیە نابێت بێهۆکار ڕێگرییان لێ بکرێت، مەگەر ئەوەی زیان بە خۆی یان کەسانی دیکە بگەیەنێت.
پێویستی بە ڕوتین و پێشبینیکردن: زۆرێک لە کەسانی ئۆتیزم حەز دەکەن ڕۆژەکەیان ڕێکخراو و پێشبینیکراو بێت. گۆڕانکاریی ناگەهانى دەتوانێت ببێتە هۆی نیگەرانی، تووڕەیی یان نائارامی. بۆ نموونە، گۆڕینی مامۆستا، شوێنی دانیشتن، کاتی خواردن یان بەرنامەی ڕۆژانە ڕەنگە بۆ منداڵەکە دژوار بێت. پێشئاگادارکردنەوە، بەکارهێنانی خشتەی وێنەیی و ئامادەکردنی منداڵ بۆ گۆڕانکاری دەتوانێت یارمەتیدەر بێت.
هەستیاریی هەستەکان: هەروەها مێشکی هەندێک کەسی ئۆتیزم زانیارییە هەستییەکان بە شێوەیەکی جیاواز وەردەگرێت. ڕەنگە زۆر هەستیار بن بە دەنگ، ڕووناکی، بۆن، تام، دەستلێدان، جۆری جل یان ماددەی خواردن، جووڵە و هاوسەنگی. بۆ نموونە، دەنگی زەنگی قوتابخانە، قەرەباڵغی ناو پۆل یان دەنگی خواردنگە ڕەنگە بۆ منداڵێکی ئۆتیزم زۆر توند و ئازاربەخش بێت. هەندێکی دیکە بە پێچەوانەوە بەدوای هەستەکاندا دەگەڕێن و حەز لە جووڵە، فشار یان دەستلێدانی شتەکان دەکەن.
سێ ئاستی پێویستی بە پشتگیری
کاتێک باس لە ئۆتیزم دەکرێت، زۆرجار باس لە سێ ئاستی پێویستی بە پشتگیری دەکرێت. ئەم ئاستەکانە نابێت وەک پلەی کەم یان زۆری ئۆتیزم تێبگەین، بەڵکو زیاتر دەربڕینی ئەوەیە کە تاکەکە لە ژیانی ڕۆژانەدا تا چەند پێویستی بە پشتگیری هەیە. هەروەها ئاستی پێویستی بە پشتگیری دەتوانێت لە بوارێکەوە بۆ بوارێکی دیکە جیاواز بێت و لە ماوەی ژیاندا بگۆڕێت:
ئاستی یەکەم: کەسەکە پێویستی بە پشتگیری هەیە، بەڵام زۆرجار دەتوانێت بە سەربەخۆیی زۆرێک لە کارە ڕۆژانەکانی ئەنجام بدات. ڕەنگە لە پەیوەندیی کۆمەڵایەتی، ڕێکخستن، گۆڕانکاری و پلانداناندا دژواری هەبێت، بەڵام بە پشتگیریی گونجاو دەتوانێت سەرکەوتوو بێت.
ئاستی دووەم: کەسەکە پێویستی بە پشتگیریی زۆرتری هەیە. دژوارییەکانی پەیوەندی، کارلێکی کۆمەڵایەتی، گۆڕانکاری، ڕوتین و ڕێکخستن ڕەنگە بە شێوەیەکی ڕوونتر کاریگەری لە ژیانی ڕۆژانەی بکەن. ئەم کەسانە زۆرجار لە ژینگەیەکی ڕێکخراو و پێشبینیکراودا باشتر کار دەکەن.
ئاستی سێیەم: کەسەکە پێویستی بە پشتگیریی زۆر و بەردەوام هەیە. دژوارییەکانی پەیوەندی، کارلێکی کۆمەڵایەتی، گۆڕانکاری و کارەکانی ژیانی ڕۆژانە دەتوانن کاریگەرییەکی زۆر هەبێت و تاکەکە بۆ زۆرێک لە پێویستییەکانی ژیان پێویستی بە یارمەتیی نزیک و بەردەوام هەبێت.
کاتێک کەسێک هەم ئۆتیزم و هەم ADHDی هەیە (AuDHD)
هەندێک کەس تەنها ئۆتیزمیان هەیە و هەندێکی دیکە تەنها ADHDیان هەیە، بەڵام کەسانێکیش هەن کە هەردوو دۆخەکەیان پێکەوە هەیە. بۆ ئەم دۆخە هەندێک جار وشەی AuDHD بەکاردەهێنرێت، کە لە تێکەڵکردنی وشەکانی Autism و ADHD دروست بووە. AuDHD ناوی فەرمیی پزیشکی نییە، بەڵام زۆر کەس بۆ باسکردنی ئەزموونی ژیانی خۆیان ئەم وشەیە بەکاردەهێنن.
کەسێک کە هەردووکیان هەیە ڕەنگە لە ڕێکخستن و پلاندانان، دەستپێکردن و تەواوکردنی کار، سەرنجدان، بیرگەی کارکردن، کۆنترۆڵکردنی هەست، مامەڵەکردن لەگەڵ دەنگ و قەرەباڵغی، پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و گواستنەوەی سەرنج لە چالاکییەکەوە بۆ چالاکییەکی دیکەدا دژواری هەبێت. بۆ نموونە، لە لایەکەوە ئۆتیزم پێویستی بە ڕوتین و پێشبینیکردن هەیە، لە لایەکی ترەوە ADHD حەزی لە گۆڕانکاری و تاقیکردنەوەی شتی نوێیە، کە ئەمەش وا لە تاک دەکات لە ناوخۆیدا هەست بە دوو پێویستیی جیاواز بکات.
هێز و تواناکانی کەسانی ئۆتیزم
نابێت تەنها باس لە کێشەکان بکرێت؛ کەسانی ئۆتیزم خاوەن هێز و تواناییی جیاوازن. هەندێک کەس سەربەخۆ بیر دەکەنەوە، لە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکاندا توانای باشیان هەیە، بە ڕوونی و ڕاستەوخۆ پەیوەندی دەکەن و وردەکارییە بچووکەکان بە باشی دەبینن. هەبوونی حەز و ئارەزووی تایبەت بە بابەتێک دەتوانێت وا بکات زانیارییەکی زۆر و قووڵ بەدەستبهێنن. هەروەها کاتێک پەیوەندییەکی هاوڕێیەتیی باش دروست دەکەن، زۆر دڵسۆز و وەفادارن.
گرنگیی ڕوتین، ڕێکخستن و پشتگیریی وێنەیی
زۆرێک لە منداڵانی ئۆتیزم کاتێک هەست بە ئارامی و ئاسایش دەکەن کە دەزانن چی ڕوودەدات و دوای ئەوە چی دێت. پشتگیریی وێنەیی (وەک خشتەی ڕۆژانە، پیشاندانی هەنگاوەکانی کارێک، کارتی «یەکەم–پاشان»، و نیشاندەری کات) دەتوانێت ڕۆڵێکی زۆر گرنگ ببەستێت لە کەمکردنەوەی نیگەرانی و ڕێکخستنی ژیانی ڕۆژانەیان.
دایک و باوک و مامۆستا چۆن دەتوانن پشتگیری بکەن؟
منداڵی ئۆتیزم زیاتر لە هەموو شتێک پێویستی بە تێگەیشتن، ئارامی و ڕێزگرتن لە جیاوازییەکانی هەیە. مەبەست ئەوە نییە منداڵەکە وەک هەمووان بکرێت، بەڵکو پێویستە ژینگە و شێوازی فێرکردن لەگەڵ پێویستییەکانی بگونجێندرێت. گرنگە هۆکاری ڕەفتارەکان بگەڕێین نەک تەنها سەرزەنشت بکەین، توانایی و بەهرەکانیان بەهێز بکەین، و هەرگیز بە منداڵانی دیکەیان نەبەینە دەرەوە و بەراورد نەکەین.
کۆتایی: تێگەیشتن، قبووڵکردن و ڕێزگرتن
ئۆتیزم بەشێکە لە شێوازی گەشەکردن و کارکردنی مێشکی مرۆڤ. گرنگە لە خۆمان بپرسین: «ئەم کەسە بۆچی بەم شێوەیە ڕەفتار دەکات و چ یارمەتییەکی پێویستە؟» نەک تەنها بپرسین: «بۆچی وەک کەسانی دیکە ڕەفتار ناکات؟»
جیاوازی لە شێوازی کارکردنی مێشکدا کەمنرخی نییە. بە ژینگەی گونجاو، پشتگیریی دروست و تێگەیشتنی زیاتر، کەسانی ئۆتیزم دەتوانن توانایییەکانی خۆیان پەرەپێبدەن و ژیانێکی مانادار و سەربەخۆیان هەبێت. پەیامی گرنگ ئەوەیە که پێویست ناکات کەسی ئۆتیزم بگۆڕدرێت بۆ ئەوەی وەک کەسانی دیکە بێت؛ بەڵکو پێویستە ئێمە زیاتر لێی تێبگەین، قبووڵی بکەین و پشتگیریی گونجاوی بۆ دابین بکەین.
