
لەکاتی نووسینی دوو وتار لەسەر دووفاقی لە نێوان بیرکردنەوە و کرداردا لەلایەن پیاوانەوە، چەند پرسیارێک لام دروست بوو، ئایا ئەم دوو فاقییەش لای ژنانیش هەیە، ئەی بۆچی ژنان باڵادەستی پیاو و چەوساندنەوەیان قبووڵە.
لێرە بە شێوەیەکی سەرەکی دەمەوێت ئەم پرسیارانە لە ڕەهەندی بۆردیۆ شیبکەمەوە، کە یەکێکە لەو ڕەهەندانەی پێویستی بە هەڵوێستەیە.
زۆرجار کە باسی چەوساندنەوەی ژنان و باڵادەستی پیاو دەکەین و دەیبەستین بەلایەنی چینایەتی و ڕزگاری ئابووری و لایەنی یاسایی. لە زۆر وڵاتدا ژنان لە ڕووی ئابوورییەوە ئازادن، یاساکان لە خزمەتی یەکسانی ڕەگەزیدایە، بەڵام هاوسەنگی جەندەری لە کۆمەڵگەدا جێگیر نەبووە. بۆ شیکردنەوەی ئەم دیدگایە دەگەڕینەوە لای بۆردیۆ، ئەو باوەڕەدایە کە نایەکسانی تەنیا لەو بوارانەدا نییە بەڵکو لە ناخ و هەست و زمان هاپیتۆسی جەستەدایە. من لەو باوەڕەدام گۆڕانی هاپیتۆسی مرۆڤ پرۆسەیەکی دوورودرێژە و پێویستیبە چەندان هەنگاو هەیە بۆ گۆڕانکاری لە هاپیتۆسی مرۆڤ. بۆ نموونە لە زۆر وڵاتدا بەکارهێنانی توندوتیژی فیزیکی و دەروونی لە ڕووی یاساییەوە سزای لەسەرە و بە تاوان دادەنرێت بەڵام باڵا دەستی پیاوان بەبێ توندوتیژی فیزیکی و بە ڕەزامەندی خودی ژنان بەردەوام دەبێت.
بۆردیۆ باس لە جۆرێکی دی توندوتیژی دەکات، ئەویش توندوتیژی سیمبۆڵییە، کە بە دەستەڵاتی نەرم و بێدەنگ و نەبینراو باسدەکریت، بەبێ بەکارهێنانی هێزی مادی یان جەستەیی. ئەم توندوتیژییە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ناخ و قوڵایی هەستی تاکدا ڕەگدادەکوتێت و لە ئاستی نائاگاییدا دەچەسپێت و بەبێ ئەوەی هەستی پێ بکەن بەشداردەبن لە بەرهەمێنانانەوەی باڵادەستی پیاوان و بێ ئەوەی کەسی ژێردەستە هەستی پێ بکات. چونکە لە ئاستی نائاگاییدا پێیان وایە ئەمە حاڵەتێکی سروشتییە.
لێرەدا پرسیارێک ڕووبەڕوومان دەبێتەوە هۆکاری دروستبوونی ئەم هەستە چییە؟ بۆردیۆ دەگەڕێتەوە بۆ چۆنیەتی پێکهاتەی هاپیتۆسی جەندەری" سروشتی دووەمی مرۆڤ؛ "ئەو نەخشە فکری و هەستەکییانەی لە نەستدا جێگیر بوون" و کاریگەری لەسەر ئەو وێنەیە هەیە کە ژن بۆ خۆی یان بۆی دروستکراوە. هاپیتۆسی جەندەری لە ڕێگای کۆمەڵکێک ڕاهێنانی جەستەیی دروست دەبێت. کە بەشێک لەم بۆچوونانە لە ڕەگەزی دووەمی سیمۆن دی بوار ئاماژەی پێکردووە:
بەرجەستەبوونی ژێردەستی لە چەند خاڵیکدا خۆی دەبینێتەوە:
ژن هەر لە منداڵییەوە وا فێردەکرێت کە نەرموونیان و هێمن بێت، دەنگی بەرزنەکاتەوە، لە ڕووبەری گشتی جێگەیەکی کەم داگیر بکات. هەستی شەرمنی پێدەبەخشن، جەستەی ژن شەرەفی خێزانە، ئەمەش هەستی لاوازبوون و دەبێتە لێپرسراو و پارێزەری ناوبانگ و پێگەی خێزان.
هاپیتۆسی " بوون بۆ ئەوانی تر" ژن وا لێدەکرێت بەردەوام ئاگاداری هەستی ئەوانی تر بێت، خزمەتی ئەوانی تر بکات و پێویستییەکانی خۆی لە پێناوی ئەوانی تردا پشتگوێ بخات. لەلایەکی ترەوە دەبێت لە چاوی پیاوەوە هەڵسەنگاندن بۆ ڕەفتار و جوانی خۆی بکات. بەبێ ئەوەی هەست بکات ئەمە جۆرێکە لە چەوساندنەوە و بەکارهێنانی توندوتیژی سیمبۆڵی ، هەموو ئەوانە بە ئەرکێکی ئەخڵاقی و سروشتی دایکایەتی وەردەگریت.
بۆردیۆ لەو باوەڕەدایە کە نایەکسانی تەنیا لە واقیع و لەسەر زەوی نییە، بەڵکو لە ناخ و جەستە و زمان و هاپیتۆسی جەستەیی تاکەکاندا ڕەگی داکوتاوە، هەر بۆیە بۆ یەکسانی ڕاستەقینە تەنیا ئازادی ئابووری و یەکسانی لە یاسادا دەستەبەری یەکسانی جەندەری ناکات بەڵکو دەبێت هەموو ئەو بنەما ساختە و دروستکراوانە دەروونیانە کە بە درێژایی مێژوو باڵادەستی پیاوانی لە هەموو بوارەکانی ژیاندا کردووە بە واقعێکی سروشتی و هەوێنی ژیانی ڕۆژانەی هەموو تاکێک.
لە ژیانی هەریەک لە ژنانەوە دەگەینە ئەو دەرئەنجامەیە کە قبوڵکردنی ژێردەستەیی لەلایەن ژنانەوە بڕیارێکی عەقڵانی و حەزێک نییە بۆ ژێردەستی بەڵکو بەهۆی پێکهاتەی هاپیتۆسی جەستەیی و کارکردنی توندوتیژی سیمبۆڵییە. گەر گریمانەی ئەە بکەین کە ژنان دەرک لەم ڕاستییە تاڵە دەکەن، ئەی بۆچی هەوڵی گۆڕانی هاپیتۆسی جەستەیی نادەن. چ ترس و سنوورێک لەبەردەمیاندا دروست دەبێت کە ئازایەتی ئەوەیان نەبێت هەنگاو بەرەو ڕووخاندنی ئەو بنەما چەوسینەرانەی ناو دەروونیان بدەن.
گەر هەریەک لە ئێمەی ژن هەڵوێستیەک بکەین لە ئامراز و نەخشەفیکرییەکانمان، لە دید و شیکاری بۆ تێگەیشتن لە خۆمان و ژیان دەگەینە ئەوە درەئەنجامەی کە دید و هزرمان لە سیستەمی باوکسالارییەوە سەرچاوەی گرتووە، کە بنەمای ئەو نایەکسانییەیە و بە چاوی پیاوەوە لە سروشت و ڕۆڵی خۆمان دەڕوانین، نەک وەک نایەکسانی و ئیستغلاکردن کە پێوسیتی بە خەبات و بەرپەرچدانەوە هەبێت.
لە وانەشە زۆربەمان هەست بەو نایەکسانییە بکەین بەڵام دەرچوون و لادان لەو نۆرمە باوکسالارییە بۆ ژن تەنیا ململانێیەکی فیکر و ناوەوەیی نییە بەڵکو ڕووبەڕووی سزای کۆمەڵایەتی و لە دەستدانی پەیوەندییە کۆمەڵاتییەکان دەبینەوە و زۆر جاریش دەبێتە هۆی تێکچوونی باری دەروونی و دڵەڕاوکێی جەستەیی و پەرواێزکەوتن .
بۆردیۆ لەو باوەڕەدایە کە ژنان پێویستە نەک تەنیا لە ڕووی عەقڵانی و تیۆرییەوە دژی فۆرمەکانی باوکسالاری ببنەوە بەڵکو دەبێت هاپیتۆسی جەستەیی و نائاگاییان بگۆڕن. ئەگینا بەردەوام جەستە و جیهانی ناوەوەیان بە شێوەیەکی نائاگاییانە سەرکۆنەیان دەکات و دەیانخاتەوە ناو فۆرمە کۆنەکانی باوکسالاری کە باڵادەستی پیاو بەرهەم دەهێنێتەوە.
لە هەمان کاتدا ئەو ڕاستییە دەزانین کە کە کارکردنی تێۆری، دروشم، ڕەخنەی ڕووکەشی، سەرمایەی سیمبۆلی پیاو و ئازادی ئابووری نزیکترین ڕیگا نییە بۆ گۆڕینی هاپیتۆسی جەندەری ژنان بەڵکو دەبێت لە چەند ئاستێکدا کاربکەی، لە ئاستی جەستەیی ، دەروونی، زمانەوانی و کۆمەڵایەتی کە سەرچاوەی لە تیۆرییەکانی کۆمەڵناسیی و دەروونناسیی و مرۆڤناسییە مارکسییە هاوچەرخەوە وەرگرتووە.
گۆڕانی هاپیتۆسی چەندەری پێویستی بە چەندهەنگاوێکی کرداریی هەیە:
• ئازادبوونی لایەنی ئابووری، سەربەخۆیی ئابووری تەنیا کارکردن و مووچە وەرگرتن نییە بەڵکو کۆنترۆڵکردنی سەربەخۆیانەی داهات و خاوەندارێتییە. کە بتوانێت بژێوی خۆی و زۆر جار منداڵەکانی بەدەستبهێنێت، لە هەندێ بڕیاری چارەنووساز باری ئابووری ڕێگر نەبێت لەو هەنگاوانە.
• کارکردن لەسەر هاپیتۆسی جەندەری لە ڕێگای ڕاهێنانی جەستەیی، ژنان ڕابهێنرێت کە ڕووبەری خۆیان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا بگرنەوە، بۆ نموونە چالاکی وەرزشی، هونەریی، ئەدەبی، سیاسی. گرنگی دان بە جەستە و تەندروستی خۆی بۆ خودی خۆی بێت، ئامانجی ئەمەش ڕزگاربوونی جەستەیە لە چاوی بینەری پیاو. خاوەنی زمانی جەستەیی خۆی بێت کە دەربڕی کەسایەتی وتایبەتمەندییەکانی ژنایەتی بێت.
• ژنان لە دەربڕینەکانیاندا دوودڵ نەبن، بڕوایان بەخۆیان هەبێت، پاساو بۆ تێکشاندنی سنوورەکان نەهێننەوە و هەست بە شەرمەزاری و گوناە نەکەن، فێری بەکارهێنانی وشەی " نەخێر ببن". ئەو کاتە زمان لە ئامرازێکی گوڕایەڵی و ملکەچی دەبێت بە ئامرازی سەپاندنی ئیرادە و ویستی تاکی ژن.
• لە ئاستی خێزاندا گرنگە کە دابەشکاری ئەرک و لێپرسراوێتییەکان لە سەر بنەمای ڕەگەزی نەبێت، تا لە مێشک و هزری کچان و کوڕاندا و لە تەمەنێکی منداڵییەوە نەکەونە بەر خشتە و فلتەری دابەشکردنی کارەکان بەپێی کاری پیاوانە و ژنانە. هەروا دایکان هۆشیاربکەنەوە لەم دابەشکردنەی ئەرک و لێپرساوێتیە تا فۆرمەکانی باوکسالاری بەرهەم نەهێننەوە.
• دروستکردنی تۆڕی پشتگیری و بەهاناچوونی یەکترەوە، زۆر جار خودی ژنان دەبنە پۆلیسی چاودێری ڕەفتاری بەسەر ئەو ژنانەوە کە نۆرمە کۆنەکان هەپرون دەکەن. دەبێت ژنان لەم ڕەفتارە خۆیان ڕزگار بکەن و پشتیوانی یەکتر بن و سزای کۆمەڵایەتی نەدەن، بەڵکو پشتیوانی بە کۆمەڵی نۆرمشکێنەکان بکەن.
• ژنان سیستەمە ئابووری و سیاسییەکە ناچاربکەن لە ئاشکراکردنی ئەو کارە نەبینراوەی لەناو خێزان و لە ماڵدا ئەنجامی دەدەن و بەهای ئەو کارە لە ڕووی مادییەوە ئاشکرا بکەن. دەستەڵات ناچاربکەن کە ئەو ئەرکانە مۆرکی کۆمەڵایەتیبوونی پێبدریت.
• سڕینەوەی ترسی تانە ولۆمە و ناوڕزاندن، فۆرمە هزرییەکانی باوکسالاری، بەردەوام کۆمەڵێ تانە و ناوزەردکردن بۆ ئەو ژنانە دروست دەکەن کە سنوورەکانی ئەو فۆرمە دەبەزێنن، ژنان پێویستە ئەو سنوورشکاندنە لە پانتایی مرۆیانە بە نیشانەی سەرکەوتن و چەسپاندنی کەسایەتی خۆیان بزانن وەک مرۆڤێک و وەدەستهێنانی مافە مرۆییەکانیان بە لێپرسراوێتی تەواوی کۆمەڵگە بزانن،
لە کۆتاییدا دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە هاپیتۆس دروستکراوی کۆمەڵگەیە، لەسەر بنەمای جیاوازی جەندەری بنیاتنراوە، و دەگەڕێنەوە بۆ گوتە لەبیرنەکراوەکەی سیمۆن دی بوار "مرۆڤ بە ژن لەدایک نابێت، بەڵکو دەبێت بە ژن" کە یەکێکە لە دەقە بنەڕەتییە ئیلهامبەخشەکانی بزووتنەوەی فێمێنیستی و فەلسەفەی سەردەم
