
ئەمەش کلکی تەورەکە !
دارستانەکان تەنها سەوزایی و دار نین ، بەڵکو رەگ و ریشەی مێژووی قووڵی گەلەکەمانی پێوە بەندە ، ناسنامە و کلتووری نیشتمانە ، دیاری سروشته و دووانەی لێکدانەبڕاون ، لانەی وڵاتپارێزان و پارتیزانەکانە ، دیرۆکی شاخ و دار ، مێژوویەکی پڕاوپڕ لە بەرخودان ، سەنگەرگرتن ، هێڕش و پەلامار ، تار و ماری داگیرکەر ، رووبەڕووبوونەوە ، دێراوی چۆڕاو فیچقەی خوێن و نەبەردییەکانە ، دار و بەردی ئەم نیشتمانە سوورە بەخوێنی شەهیدان ، بە ناز رێکەن ، لە یادی هەر شەهیدێ ، بێ دوودڵی بچەمێوە و چەپکەگوڵەکە بخە سەر دەوەنێ ، قەدپاڵێ ، تاشەبەردێ ، دەم ئەشکەوتێ ، مێژووی ئەم میزۆپۆتامیایە ، نیشتمانی بەفر و خوێنە ، ئەگەر لە وڵاتە دوورەدەستەکان ، دارستانەکان بە ئاو گەشە بکەن ؛ ئەوا لە نیشتمانی بەفر و خوێن ، بە خوێن چرۆ دەکەن !
دارستانەکان لە هەر وڵاتێ بێ ، یەکێکە لە کۆڵەکە هەرە گرنگ و هەستیارەکانی ئاسایشی ئەو وڵاتە ، لە دابینکردنی سەرچاوەی ئاوی ژێر زەوی ، ئابووری ، گەشت و گوزار ، هاوسەنگی کەش و هەوا ...... ، وێرانکردنی دارستان ، سووتانی پووش و پاوان ، سروشت جوانییەکەی لە دەستدەدا ، تاوانێکی گەورەیە .
داگیرکەران رقیان لە تاك بە تاکی کوردە ، لە دار و بەرد ، ئاژەڵ ، ژینگە ...... کەیەتی ، لە بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو ، شێواندنی سەرچاوەی ژیان ، تەقاندنەوەی کانیاوەکان و ...... ، ئەوەی لە دەڤەری بادینان بەڕێوەدەچی ، ئەنجامی داگیررکارییەکەی تورکی ناخ رەش و رەگەزپەرستەکەیە ، بە بیانووی شەڕی پەکەکە ، دەیان کیلۆمەتری داگیرکردووە ، دەیان بارەگای سەربازی ، دەیان گوند کۆچی زۆرەملێکران ، رەز و باخەکان سووتێنران و ...... ، کورد دەرگای ماڵی نییە ، داگیرکەر بووەتە خاوەن ماڵ و کلیلەکەی لە گیرفانێتی و دەرگای لەسەر پشتە و خۆشی بووەتە بێگانە ، هەمان پڕۆسەی تاڵانی و وێرانکردنی زەیتوونەکانی رۆژئاوای کوردستان کە بەپێی راپۆرتێکی میدیایی BBC ، هاتووە % 40 ی دارزەیتوونەکانی دزیوە ، سەدان ملیۆن $ ی دەستکەوتووە ، کە نرخی یەك دار زەیتوون لە فەڕەنسا 600 € یە. بەکردار و پلان و بەرنامە بۆ داڕێژراو ، خەریکی شێواندنی سرووشتی باشوورە ، وەك ئێرمان تۆپچوی کونسوڵی تورکیا لە هەولێر ، راشکاوانە و بێ شەرمانە ئاماژەی پێدەدا : " ئەو شوێنەی لە دهۆك داری ڵێدەبڕین ، کڕیومانە و نا یاسایی نییە ! "
جینۆسایدکردنی سرووشت ، تاوانێکی گەورەیە ، پێشێلکارییەکی ترسناکە ، زامێکی بە سۆیە لە جەستەی نیشتمان ، چاوپۆشی لێناکرێت ، بەرپرسیارێتییە بەرامبەر مێژوو .
بۆ دوو ساڵ دەجێت شەڕ و پێکدادان وەستاوە ، پڕۆسەی ئاشتی راگەیەنراوە ، هیچ بیانوویەك نەماوە بۆ مانەوەی سوپای تورکی داگیرکەر . .
بێباکی دەسەڵاتدارانی هەرێم و راگەیاندنەکانیان نوققەیان لێوەنایە ، کوا پاسەوانی سنوور ، ژینگە پارێز ، چاڵاکوانانی مەدەنی ، بۆ بێدەنگن و هەڵوێست وەرناگرن ؟ وتارخوێنە مێزەر لەسەرەکانیش بە خەلیفە ئیخوانییەکەیان بڵێن ، داربڕین و وێرانکردنی ژینگە حەڕامە .
بێدەنگی خیانەتە ، تاوانە ، شەرمەزارییە .
# Save Kurdistan Forests
# Save Kurdistan Enviroment
# Stop deforestation
ئیدریس سدیق
یەکشەممەی
4 / 10 / 2026
